لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌تته‌ی بەندی بیست و شەشەم

بەندی بیست و شەشەم
1 کاتێک ئیشۆع هەموو ئەم فەرموودانەی تەواو کرد، بە قوتابییەکانی فەرموو: 2 “دەزانن پەسخە دوو ڕۆژی ماوە. ڕۆڵەی مرۆڤیش ڕادەست دەکرێت تاکو لەخاچ بدرێت”.
3 ئەوکات کاهینانی باڵا و شەریعەتزانان و پیرانی گەل لە کۆشکی کاهینی باڵا کە ناوی قەیاپا بوو کۆ بوونەوە، 4ڕ اوێژیانکرد، بۆئەوەی بە فێڵێک ئیشۆع بگرن و بیکوژن. 5 بەڵام وتیان: “لە جەژندا نە، نەوەک ئاژاوە بکەوێتە نێو گەل”.
6 کاتێک ئیشۆع لە بتعەنیا لە ماڵی شیمعونی بەڵەک بوو، 7 ئافرەتێک بە شووشەیەکی بۆنی گرانبەهاوە بۆ لای هات و بەسەریدا ڕژاندی کە پاڵکەوتبوو. 8 کاتێک قوتابییەکانی ئەمەیان بینی، تووڕە بوون، وتیان: “ئەم دەستبڵاوییەی بۆ چییە؟ 9 دەتوانرا ئەم بۆنە بە نرخێکی گران بفڕۆشرایە و بدرایەتە هەژاران”. 10 ئیشۆع زانی، پێی فەرموون: “بۆچی ئافرەتەکە هەراسان دەکەن؟ ئەم شتێکی باشی بۆ کردووم! 11 هەژاران هەردەم لەلاتانن، بەڵام من هەردەم لەلاتان نیم. 12 کاتێک ئەو ئەم بۆنەی بەسەر چەستەمدا ڕژاند، بۆ کفنکردنم ئەمەی کرد. 13ڕ ەواتان پێدەڵێم: لە هەموو دونیادا لەهەرکوێ ئەم ئینجیلە ڕابگەیەندرێت، باسی ئەوەش دەکرێت کە ئەم ئافرەتە کردوویەتی، بۆ یادکردنەوەی”.
14 ئەوکات یەکێک لە دوازدەکە کە ناوی ئیهوودای ئەسخەریوتی بوو، بۆ لای کاهینانی باڵا ڕۆیشت 15 وتی: “چیم دەدەنێ تاکو ڕادەستتانی بکەم؟”. ئەوانیش سی دراوی زیویان بۆ کێشا. 16 ئیتر لەو کاتەوە بۆ هەلێک دەگەڕا تاکو ڕادەستی بکات.
17 لە یەکەم ڕۆژانی فەتیرەدا، قوتابییەکان هاتنە لای ئیشۆع، پێیان وت: “دەتانەوێت لەکوێ خواردنی پەسخەتان بۆ ئامادەبکەین؟” 18 فەرمووی: “بڕۆنە نێو شار، بۆ لای فڵانە کەس، پێی بڵێن: ڕابی دەڵێت، کاتم نزیکبووەتەوە. لەگەڵ قوتابییەکانم لەلات پەسخە دەکەم”. 19 قوتابییەکانیش فەرمانی ئیشۆعیان جێبەجێکرد و پەسخەیان ئامادە کرد.
20 کە ئێوارە داهات، لەگەڵ دوازدەکە پاڵیدایەوە. 21 کاتێک چێشتیان دەخوارد، فەرمووی: “ڕەواتان پێدەڵێم: یەکێکتان ڕادەستم دەکات”. 22 ئەوانیش زۆر خەمبار بوون، هەریەکە پێیان وت: “پەروەردگار، منم؟”. 23 وەڵامی دایەوە، فەرمووی: “ئەوەی لەگەڵم دەست دەخاتە نێو قاپەکە، ئەو ڕادەستم دەکات! 24ڕ ۆڵەی مرۆڤ وەکو دەربارەی نووسراوە دەبێت بڕوات، بەڵام وەی بەحاڵ ئەو پیاوەی کە بەهۆیەوە ڕۆڵەی مرۆڤ ڕادەست دەکرێت. باشتر بوو بۆ ئەو پیاوە هەر لەدایک نەبووایە!”. 25 ئیهوودای ڕادەستکەری، وەڵامی دایەوە: “گەورەم، منم؟” پێی فەرموو: “خۆت وتت”.
26 کە چێشتیان دەخوارد، ئیشۆع نانێکی هەڵگرت، داڕشتیکرد و لەتیکرد، دایە قوتابییەکان، فەرمووی: “بگرن، بخۆن، ئەمە جەستەمە”. 27 ئینجا جامەکەی هەڵگرت و داڕشتیکرد، پێیدان، فەرمووی: “هەموو لێی بخۆنەوە، 28 چونکە ئەمە خوێنمە، کە بۆ پەیمانی نوێ لەپێناوی زۆر کەسدا بۆ تاوانبەخشین دەڕژێت. 29 پێشتان دەڵێم: لەمەوپاش لەم بەرهەمەی مێو ناخۆمەوە، تا ئەو ڕۆژە لە شانشینی باوکم بە نوێیەتی لەگەڵتان دەیخۆمەوە”. 30 ئینجا ستایشیان کرد و بۆ کێوی زەیتوون دەرچوون.
31 ئەوکات ئیشۆع پێی فەرموون: “ئەمشەو هەمووتان گومانم لێدەکەن، چونکە نووسراوە: { لە شوانەکە دەدەم، کاوڕەکان پەرتەوازە دەبن}. 32 بەڵام پاش هەستانەوەم، پێشتان دەکەوم بۆ گلیلا”. 33 پەتڕۆس وەڵامی دایەوە، پێی وت: “ئەگەر هەموو گومانتان لێبکەن، من هەرگیز گومانتان لێناکەم”. 34 ئیشۆع پێی فەرموو: “ڕەوات پێدەڵێم: ئەمشەو پێش ئەوەی کەڵەشێر بقوولێنێت، سێ جار نکۆڵیم لێدەکەیت”. 35 پەتڕۆس پێی وت: “ئەگەر ناچاریش بووم لەگەڵت بمرم، نکۆڵیت لێناکەم!”. قوتابییەکانیش هەموو وایان وت.
36 ئینجا ئیشۆع لەگەڵیان بۆ گوندێک هات پێی دەوترا، گێتسیمەن، بە قوتابییەکانی فەرموو: “لێرە دانیشن، تاکو دەڕۆمە ئەوێ نوێژ دەکەم”. 37 پەتڕۆس و دوو کوڕەکەی زەبدیی لەگەڵ خۆی برد، پەژارە و خەم دایگرت. 38 پێی فەرموون: “زۆر ناخم خەمبارە تا مردن. لێرە بمێننەوە، بێداربن لەگەڵم”. 39 کەمێک ڕۆیشتە پێش، بە ڕوودا چووە سەر زەوی، نوێژ دەکرد، دەیفەرموو: “باوکە، ئەگەر دەکرێت ئەم جامەم لەسەر تێپەڕێت، بەڵام نەک وەک من دەمەوێت، بەڵکو وەک خۆت دەتەوێت”. 40 ئینجا هاتەوە لای قوتابییەکان، بینی نووستوون، بە پەتڕۆسی فەرموو: “ئاوا نەتانتوانی کاژێرێک بێداربن لەگەڵم؟ 41 بێداربن و نوێژبکەن، نەوەک بچنە نێو تاقیکردنەوە. گیان چالاکە، بەڵام جەستە لاوازە”. 42 دیسان ڕۆیشتەوە نوێژی کرد، فەرمووی: “باوکە! ئەگەر ناکرێت ئەم جامە لەسەرم تێپەڕێت و هەر دەبێت بیخۆمەوە، با خواستت بێت”. 43 ئینجا هاتەوە دیسان بینی نوستوون، چونکە چاویان قورس بووبوو. 44 ئیتر وازی لێهێنان، ڕۆیشت جاری سێیەم نوێژی کرد، هەمان شتی فەرموو. 45 پاشان هاتە لای قوتابییەکانی، پێی فەرموون: “ئێستا بنوون و بسرەوێن! ئەوەتا کاژێرەکە نزیکبووەوە، ڕۆڵەی مرۆڤ ڕادەستی تاوانباران دەکرێت. 46 هەستن با بڕۆین! ئەوەتا ئەوەی ڕادەستم دەکات نزیکبووەوە!”.
47 هێشتا قسەی دەفەرموو، ئیهوودا هات کە یەکێکە لە دوازدەکە، کۆمەڵێکی زۆری لەگەڵ هاتبوون، بە شمشێر و کوتەکەوە لەلایەن کاهینانی باڵا و پیرانی گەلەوە نێردرابوون. 48 ئەوەی ڕادەستی کرد نیشانەیەکی پێدابوون، وتبووی: “ئەوەی ماچی دەکەم ئەوە خۆیەتی، بیگرن”. 49 یەکسەر هاتە لای ئیشۆع، وتی: “ئاشتی گەورەم!”، و ماچی کرد. 50 ئیشۆعیش پێی فەرموو: “هاوڕێ، بۆچی هاتیت؟” ئینجا هاتنە پێشەوە، ئیشۆعیان دەستبەسەرکرد و گرتییان. 51 یەکێک لەوانەی لەگەڵ ئیشۆع بوون، دەستی درێژکرد و شمشێرەکەی هەڵکێشا، لە بەندەی کاهینی باڵای دا و گوێی بڕی. 52 ئیشۆع پێی فەرموو: “شمشێرەکەت بگەڕێنەوە شوێنی خۆی. چونکە هەموو ئەوانەی شمشێر هەڵدەگرن، بە شمشێر دەفەوتێن!. 53 وا دەزانیت ناتوانم ئێستا داوا لە باوکم بکەم، زیاتر لە دوازدە لەشکر فریشتەم بۆ پێشکەش بکات؟ 54 ئیتر چۆن سیپارەکان دێنەدی: کە دەبێت وا بێت؟”.
55 لەوکاژێرەدا ئیشۆع بە کۆمەڵانەکەی فەرموو: “وەک بۆ گرتنی دزێک بە شمشێر و کوتەکەوە هاتوون بمبەن! هەموو ڕۆژێک لە پەرستگە لەگەڵتان دانیشتبووم خەریکی ئامۆژگاری بووم، نەتانگرتم. 56 بەڵام ئەمانە هەمووی ڕووی دا بۆ هاتنەدیی سیپارەکانی پێغەمبەران”. ئەوکات هەموو قوتابییەکان بەجێیان هێشت و هەڵاتن.
57 ئەوانەی ئیشۆعیان گرت، بردیانە لای قەیاپا کاهینی باڵا، لەوێ شەریعەتزانەکان و پیران کۆبووبوونەوە. 58 پەتڕۆسیش دووربەدوور بۆ ماڵی کاهینی باڵا شوێنی کەوت، ئینجا چووە ژوورەوە، لەنێوان ڕاژەوانان دانیشت تاکو پایانەکە ببینێت. 59 کاهینانی باڵا و پیران و هەموو سەنهەدریم بەدوای گەواهییەکی درۆدا دەگەڕان دژ بە ئیشۆع، تاکو بیکوژن، 60 بەڵام نەیاندۆزییەوە. هەرچەندە زۆر گەواهیدەری درۆزن هاتن، هەر نەیاندۆزییەوە. بەڵام لەکۆتاییدا دووان هاتن، 61 وتیان: “ئەمە وتی: دەتوانم پەرستگەی خودا بڕوخێنم، بە سێ ڕۆژ بنیادی بنێمەوە”. 62 کاهینی باڵا هەستا، پێی وت: “هیچ وەڵام نادەیتەوە؟ ئەمانە گەواهیی چیت لەسەر دەدەن؟”. 63 بەڵام ئیشۆع بێدەنگ بوو. جا کاهینی باڵا وەڵامی دایەوە، پێی وت: “سوێندت دەدەم بە خودای زیندوو، پێمان بڵێ: تۆ مەسیحەکەیت، ڕۆڵەی خودا؟”. 64 ئیشۆع پێی فەرموو: “خۆت وتت! پێشتان دەڵێم: لە ئێستاوە ڕۆڵەی مرۆڤ دەبینن لەلای ڕاستی هێزەوە دادەنیشێت، لەسەر هەوری ئاسمانیشدا دێتەوە”. 65 کاهینی باڵا جلەکانی خۆی دادڕی، وتی: “کفری کرد! ئیتر چ پێویستیمان بە گەواهیدەر هەیە؟ ئەوەتا کفرەکەیتان بیست! 66 چی دەبینن؟”. وەڵامیان دایەوە، وتیان: “شایانی مەرگە” 67 ئەوکات تفیان لەڕووی کرد و مستیان لێدا، هەندێکیش زللەیان لێدا، 68 وتیان: “مەسیح پێشبینی بکە، کێ بوو لێیدایت؟”.
69 پەتڕۆس لە حەوشەی دەرەوە دانیشتبوو، کەنیزەیەک هاتە لای، وتی: “تۆش لەگەڵ ئیشۆعی گلیلایی بوویت!”. 70 ئەویش لەبەردەم هەموویان نکۆڵیی کرد، وتی: “نازانم چی دەڵییت!”. 71 ئینجا دەرچووە داڵانەکە، یەکێکی دیکەش بینیی و بەوانەی ئەوێی وت: “ئەمەش لەگەڵ ئیشۆعی ناسڕەتی بوو!”. 72 دیسان بە سوێندەوە نکۆڵیی کرد: “من ئەم پیاوە ناناسم!” 73 پاش کەمێک ئەوانەی لەوێ ڕاوەستابوون هاتن، بە پەتڕۆسیان وت: “بەڕاستی تۆش لەوانیت، بە زمانتەوە دیارە!” 74 جا دەستیکرد بە نەفرەتکردن و سوێندخواردن: “من ئەم پیاوە ناناسم!”. یەکسەر کەڵەشێر قوولاندی. 75 پەتڕۆس فەرموودەکەی ئیشۆعی یادهاتەوە کە فەرمووی: “پێش ئەوەی کەڵەشێر بقوولێنێت، سێ جار نکۆڵیم لێدەکەیت”. چووە دەرەوە و بە کوڵ گریا.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

مه‌تته‌ی بەندی بیست و شەشەم: PNTZS

بەرچاوکردن

لەبەرگرتنەوە

بەراوردکردن

هاوبەشی بکە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە