لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌تته‌ی بەندی بیست و پێنجەم

بەندی بیست و پێنجەم
1 “ئەوکات شانشینی ئاسمانان چەشنی دە پاکیزەیە چرایان بردبێت و بەرەو پیریی زاوا بچن. 2 پێنجیان دانا بوون، پێنجیش نەزان. 3 نەزانەکان چراکانیان برد، زەیتیان لەگەڵ خۆیان نەبرد، 4 بەڵام داناکان لەگەڵ چراکانیان زەیتیان لەنێو گۆزەدا برد. 5 کاتێک زاوا دواکەوت، هەموو خەویان هات و نووستن. 6 لە نیوە شەودا هاوار هەستا: ئەوەتا زاوا هات، بەرەوپیری دەرچن! 7 هەموو ئەو پاکیزانەش هەستان، چراکانیان ئامادە کرد. 8 نەزانەکان بە داناکانیان وت: لە زەیتەکەتان بەشمان بدەن، وا چراکانمان دەکوژێتەوە! 9 داناکان وەڵامیان دانەوە وتیان: لەوانەیە بەشی ئێمە و ئێوە نەکات. باشترە بڕۆنە لای فڕۆشیاران، بۆ خۆتان بکڕن. 10 کە ئەوان بۆ کڕین چوون، زاوا هات، ئەوانەی بۆ زەماوەندەکە ئامادەبوون، لەگەڵی چوونە ژوورەوە و دەرگا داخرا. 11 لەکۆتاییدا پاکیزەکانی دیکەش هاتن، وتیان: گەورەم، گەورەم، دەرگامان بۆ بکەنەوە! 12 وەڵامی دایەوە، وتی: ڕەواتان پێدەڵێم، من ناتانناسم. 13 کەواتە بێداربن، چونکە نە ڕۆژ، نە کاژێری هاتنی ڕۆڵەی مرۆڤ نازانن.
14 “هەر وەک کابرایەک گەشت بکات، بەندەکانی بانگ بکات و موڵکەکەی خۆی ڕادەستیان بکات. 15 پێنج تالنتی دا یەکێکیان، ئەوی دیکە دوو تالنت، سێیەمیش یەک تالنت. هەریەکە بەگوێرەی توانای خۆی. یەکسەر گەشتی کرد. 16 ئەوەی پێنج تالنتەکەی وەرگرت، ڕۆیشت بازرگانیی پێکرد، پێنج تالنتی دیکەشی قازانج کرد. 17 بەهەمان شێوە ئەوەی دوو تالنتەکەش، دوو تالنتی دیکەی قازانج کرد. 18 بەڵام ئەوی یەک تالنتەکەی وەرگرت، ڕۆیشت، چاڵێکی لە زەویدا هەڵکەند و زیوی گەورەکەی شاردەوە. 19 پاش ماوەیەکی زۆر گەورەی ئەو بەندانە هات، هەژماردی کردن. 20 ئەوەی پێنج تالنتەکەی وەرگرتبوو، هات و پێنج تالنتی دیکەشی هێنا، وتی: گەورەم، پێنج تالنتتان دامێ، ئەوەتا پێنج تالنتی دیکەم قازانج کردووە. 21 گەورەکەی پێی وت: ئافەرین بەندەی باش و دەستپاک! لە کەم دەستپاک بوویت، لەسەر زۆرت دادەنێم. وەرە ژوورەوە بۆ خۆشیی گەورەکەت. 22 ئینجا ئەوەی دوو تالنتەکەی وەرگرتبوو هات، وتی: گەورەم، دوو تالنتتان دامێ، ئەوەتا دوو تالنتی دیکەم قازانج کردووە. 23 گەورەکەی پێی وت: ئافەرین بەندەی باش و دەستپاک! لە کەم دەستپاک بوویت، لەسەر زۆرت دادەنێم. وەرە ژوورەوە بۆ خۆشیی گەورەکەت. 24 ئینجا ئەوەی یەک تالنتەکەی وەرگرتبوو هات، وتی: گەورەم، زانیم ئێوە کابرایەکی دڵڕەقن، شوێنێک دروێنە دەکەن کە نەتانچاندووە، لە شوێنێک کۆ دەکەنەوە کە تۆوتان نەکردووە. 25 جا ترسام، ڕۆیشتم تالنتەکەتانم لەنێو زەویدا شاردەوە. ئا ئەوە ماڵەکەتانە. 26 گەورەکەی وەڵامی دایەوە، وتی: بەندەی بەدکار و تەمبەڵ، کە زانیت دروێنە لەو شوێنە دەکەم کە نەمچاندووە، لەوە کۆ دەکەمەوە کە تۆوم نەکردووە، 27 دەبوایە زیوەکەمت لەلای پارەگۆڕەکانت دابنایە، لە گەڕانەوەمدا هی خۆم لەگەڵ سووەکەی وەرمدەگرتەوە. 28 بۆیە ئەو تالنتەی لێبسەننەوە و بیدەنە ئەوەی دە تالنتەکەی پێیە. 29 چونکە ئەوەی هەیبێت، پێی دەدرێت و زیاد دەکرێت، بەڵام ئەوەی نەیبێت، ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەندرێتەوە. 30 بەندە بێ سوودەکەش فڕێبدەنە تاریکیی دەرەوە، گریان و جیڕەی ددان لەوێدا دەبێت.
31 “کاتێک ڕۆڵەی مرۆڤ بە شکۆی خۆی دێتەوە و هەموو فریشتە پارساکانیش لەگەڵیدان، ئەوکات لەسەر تەختی شکۆی خۆی دادەنیشێت. 32 هەموو گەلان لە بەردەمی کۆ دەبنەوە، ئەویش لە یەکترییان جیا دەکاتەوە، وەک شوان کاوڕ لە گیسک جیا دەکاتەوە، 33 جا کاوڕەکان لەلای ڕاستی خۆی ڕادەگرێت، گیسکەکانیش لەلای چەپ. 34 ئینجا شا بەوانەی لای ڕاستیەوەن دەڵێت: وەرن دارشتکراوانی باوکم، ببنە میراتگری ئەو شانشینیەی کە لە دامەزراندنی دونیاوە بۆتان ئامادە کراوە. 35 چونکە برسی بووم چێشتتان دامێ. تینوو بووم ئاوتان دامێ. بێگانە بووم شوێنتان کردمەوە. 36ڕ ووت بووم پۆشتەتان کردم. نەخۆش بووم سەرتان لێدام. زیندانی بووم هاتنە لام. 37 ئەوسا چاکخوازان وەڵام دەدەنەوە، دەڵێن: پەروەردگار، کەی بە برسێتی بینیومانی، چێشتمان داویتێ، یان تینوو، ئاومان داویتێ؟ 38 کەی بێگانە بینیومانی، شوێنمان کردوویتەوە، یان بە ڕووتی، پۆشتەمان کردوویت؟ 39 کەی بە نەخۆشی یان زیندانی بینیومانی، سەردانمان کردووی؟ 40 شا وەڵامیان دەداتەوە، دەڵێت: ڕەواتان پێدەڵێم: هەرچییەکتان بۆ یەکێک لەم برا بچووکانەم کردووە، ئەوا بۆ منتان کردووە.
41 “دواتر بەوانەی لەلای چەپیەوەن دەڵێت: لەبەرچاوم لاچن نەفرەتلێکراوان بەرەو ئاگری جاویدانی، ئەوەی بۆ ئیبلیس و فریشتەکانی ئامادە کراوە. 42 چونکە برسی بووم چێشتتان نەدامێ. تینوو بووم ئاوتان نەدامێ. 43 بێگانە بووم شوێنتان نەکردمەوە. ڕووت بووم پۆشتەتان نەکردم، نەخۆش و زیندانی بووم سەردانتان نەکردم. 44 ئەوکات ئەوانیش وەڵامی دەدەنەوە، دەڵێن: پەروەردگار، کەی بە برسێتی یان تینووێتی یان بێگانە یان ڕووت یان نەخۆش یان زیندانی بینیومانی، ڕاژەمان نەکردوویت؟ 45 ئەویش وەڵامیان دەداتەوە، دەڵێت: ڕەواتان پێدەڵێم: هەرچییەکتان بۆ یەکێک لەم بچووکانە نەکردووە، بۆ منیشتان نەکردووە. 46 جا ئەوانە بۆ ئەشکەنجەیەکی جاویدانی دەڕۆن، چاکخوازانیش بۆ ژیانێکی جاویدانی”.

بەرچاوکردن

لەبەرگرتنەوە

بەراوردکردن

هاوبەشی بکە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە