لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌تته‌ی بەندی بیست و چوارەم

بەندی بیست و چوارەم
1 ئیشۆع لە پەرستگە دەرچوو و ڕۆیشت، قوتابییەکانی هاتنە لای تاکو تەلارەکانی پەرستگەی نیشان بدەن. 2 ئیشۆع پێی فەرموون: “هەموو ئەمانە دەبینن؟ ڕەواتان پێدەڵێم: لێرە بەردی بەسەر بەردیەوە نامێنێت کە نەڕوخێت!”.
3 کاتێک لەسەر کێوی زەیتوون دانیشتبوو، قوتابییەکان بەتەنها هاتنە لای، وتیان: “پێمان بفەرموون کەی ئەمە دەبێت؟ نیشانەی هاتنەوەتان و بەسەرچوونی چاخ چییە؟” 4 ئیشۆع وەڵامی دایەوە، پێی فەرموون: “ئاگاداربن! کەس چەواشەتان نەکات. 5 چونکە زۆر کەس بەناومەوە دێن و دەڵێن: من مەسیحم! زۆر کەسیش چەواشە دەکەن. 6 جەنگ و هەواڵی جەنگیش دەبیستن. وریابن، مەتۆقێن. چونکە دەبێت هەموو ئەمانە ڕووبدەن، بەڵام هێشتا پایان نییە. 7 چونکە نەتەوە لە نەتەوە ڕاست دەبێتەوە، شانشین لە شانشین، برسێتی و دەرد بومەلەرزەش لە شوێنی جیاجیا دەبێت. 8 بەڵام ئەمانە هەمووی سەرەتای ژانەکانن. 9 ئەوکات تەنگتان پێ هەڵدەچنن و دەتانکوژن، هەموو نەتەوەکان لەپێناوی ناوم ڕقیان لێتان دەبێتەوە. 10 ئەوکات زۆرکەس ساتمە دەکەن و یەکتری ڕادەست دەکەن و ڕقیان لە یەکتری دەبێتەوە. 11 زۆر پێغەمبەری درۆزن دیاردەکەون، زۆر کەسیش چەواشە دەکەن. 12 لەبەر زۆربوونی خراپە، خۆشویستنی زۆر کەس سارد دەبێتەوە. 13 بەڵام ئەوەی تا پایان دانبەخۆیدا بگرێت، ڕزگاری دەبێت. 14 ئەم ئینجیلی شانشینیەش لە هەموو دونیادا ڕادەگەیەندرێت، وەک گەواهییەک بۆ هەموو نەتەوەکان، ئینجا پایانەکە دەبێت.
15 “جا کاتێک دەبینین { گڵاویی وێرانی} لە شوێنی پارسادا ڕاوەستاوە، ئەوەی پێغەمبەر دانیئیل باسی کردووە با خوێنەر تێبگات 16 ئەوکات با ئەوانەی لە ئیهوودادان بۆ چیاکان هەڵبێن، 17 ئەوەی لە سەربانە دانەبەزێت بۆئەوەی شتێک لە ماڵەوە ببات. 18 ئەوەش لە کێڵگەدایە نەگەڕێتەوە دواوە بۆئەوەی جلەکەی ببات. 19 لەو ڕۆژانەدا وەی بەحاڵی دووگیان و شیردەران! 20 نوێژبکەن با هەڵاتنتان لە زستان یان لە شەممەدا نەبێت. 21 چونکە لەوکاتەدا تەنگانەیەکی مەزن ڕوودەدات، کە لە دەستپێکی دونیاوە تا ئێستا ئاوا نەبووە و نابێت. 22 ئەگەر ئەو ڕۆژانە کورت نەکرابوونایەوە، هیچ جەستەیەک ڕزگاری نەدەبوو. بەڵام لەپێناوی هەڵبژێردراوەکان، ئەو ڕۆژانە کورت دەکرێنەوە. 23 ئەوکات ئەگەر یەکێک پێی وتن: ئەوتا مەسیح لێرەیە! یان: لەوێیە! بڕوا مەکەن. 24 چونکە مەسیحانی درۆزن و پێغەمبەرانی درۆزن دیاردەکەون، نیشانە و پەرجوی مەزن دەکەن، تا ئەگەر بکرێت تەنانەت هەڵبژێردراوەکانیش چەواشە بکەن. 25 ئەوەتا پێشوەخت پێموتن. 26 ئەگەر پێیان وتن: ئەوتا لە دەشتودەرە! دەرنەچن. ئەوەتا لە ژوورەکانی ناوەوەیە! بڕوا مەکەن. 27 چونکە چۆن بروسکە لە خۆرهەڵاتەوە دەردەچێت، تاکو خۆرئاوا دەدرەوشێتەوە، هاتنەوەی ڕۆڵەی مرۆڤیش ئاوا دەبێت. 28 کەلاک لەکوێ بێت، داڵ لەوێ کۆ دەبێتەوە.
29 “یەکسەر پاش تەنگانەی ئەو ڕۆژانەدا، { خۆر تاریک دەبێت، مانگ ڕووناکییەکەی نادات، ئەستێرەکان لە ئاسمان دەکەون، هێزەکانی ئاسمان دەهەژێن}. 30 ئەوکات نیشانەی ڕۆڵەی مرۆڤ لە ئاسماندا دیاردەکەوێت. ئەوسا هەموو هۆزەکانی زەوی شیوەن دەگێڕن، ڕۆڵەی مرۆڤ دەبینن بەسەر هەوری ئاسماندا بە هێز و شکۆیەکی مەزنەوە دێت. 31 فریشتەکانی بە کەڕەنایەکی مەزنەوە دەنێرێت، هەڵبژێردراوەکانی لە چوار باکە کۆدەکەنەوە، لەمسەری ئاسمانانەوە تا ئەوسەری. 32 لە دارهەنجیرەوە پەند وەرگرن: کاتێک چڵەکانی نەرم بوون و گەڵایان کرد، دەزانن هاوین نزیکە. 33 ئێوەش وەها، کە هەموو ئەم شتانەتان بینی، بزانن نزیکە و لەبەردەرگایە. 34ڕ ەواتان پێدەڵێم: ئەم نەوەیە بەسەرناچێت تاکو ئەمانە هەمووی دەبێت. 35 ئاسمان و زەوی دەفەوتێن، بەڵام وتەکانم نافەوتێن.
36 “ئەو ڕۆژ و کاژێرە کەس نایزانێت، تەنانەت فریشتەکانی ئاسمانیش، تەنها باوکم نەبێت. 37ڕ ۆژانی نووخ چۆن بوو، هاتنەوەی ڕۆڵەی مرۆڤیش ئاوا دەبێت. 38 چونکە وەک ڕۆژانی پێش لافاوەکە دەیانخوارد و دەیاننۆشی، ژنیان دەهێنا و مێردیان دەکرد، هەتا ئەو ڕۆژەی نووخ چووە نێو کەشتییەکە، 39 نەیانزانی تا لافاوەکە هات و هەمووی برد، هاتنەوەی ڕۆڵەی مرۆڤیش ئاوا دەبێت. 40 ئەوکات دووان لە کێڵگە دەبن، یەکیان دەبردرێت، ئەوی دیکە بەجێدەهێڵرێت. 41 دوو ئافرەت دەستاڕ دەگێڕن، یەکیان دەبردرێت، ئەوی دیکە بەجێدەهێڵرێت. 42 کەواتە بێداربن، چونکە نازانن لە چ کاژێرێک پەروەردگارتان دێتەوە. 43 ئەمەش بزانن: ئەگەر خاوەن ماڵ بزانێت لە چ بەتڵێکدا دز دێت، بێدار دەبێت و نایەڵێت ماڵەکەی ببردرێت. 44 بۆیە ئێوەش ئامادە بن، چونکە ڕۆڵەی مرۆڤ لە کاژێرێک دێتەوە کە بە بیرتانەوە نایەت.
45 “کەواتە کێیە ئەو بەندە دەستپاک و دانایەی گەورەکەی لەسەر ڕاژەوانانی خۆی دایناوە، تاکو لە کاتی خۆیدا خواردنیان بداتێ؟ 46 بەختەوەری بۆ ئەو بەندەیە کاتێک گەورەکەی دێتەوە دەیبینێت ئاوا دەکات! 47ڕ ەواتان پێدەڵێم: بەسەر هەموو ماڵەکەیدا دایدەنێت. 48 بەڵام ئەگەر ئەو بەندە خراپە لە دڵی خۆیدا بڵێت: گەورەکەم دوادەکەوێت لەهاتنەوەی، 49 ئینجا دەستبکات بە لێدانی بەندە هاوکارەکانی و لەگەڵ سەرخۆشان بخوات و بنۆشێت. 50 گەورەکەی ئەو بەندەیە لە ڕۆژێکدا دێتەوە کە چاوەڕێی ناکات و لە کاژێرێک کە نایزانێت 51 ئینجا لەت لەتی دەکات و بەشی لەگەڵ ڕووبازەکاندا دادەنێت. گریان و جیڕەی ددان لەوێدا دەبێت”.

بەرچاوکردن

لەبەرگرتنەوە

بەراوردکردن

هاوبەشی بکە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە