مهتتهی بەندی بیست و سێیەم
بەندی بیست و سێیەم
1 ئەوکات ئیشۆع بە کۆمەڵانەکە و قوتابییەکانی 2 فەرموو: “شەریعەتزانان و پەڕیشییەکان لەسەر تەختی مووشێ دانیشتوون، 3 جا هەموو ئەوەی پێتان دەڵێن پەیڕەوی بکەن، ئێوە بیپارێزن و پەیڕەوی بکەن، بەڵام بەکرداری ئەوان مەکەن، چونکە دەڵێن و نایکەن. 4 باری قورس کە هەڵناگیرێت، دەپێچنەوە و دەیخەنە سەر شانی خەڵک، خۆشیان نایانەوێت بە پەنجەش بیجووڵێنن، 5 هەموو کردارەکانیان بۆئەوەیە خەڵک بیانبینن. بە پانکردنی نوشتەکانیان و گەورەکردنی ڕیشاڵی پۆشاکەکانیان. 6 حەزدەکەن لە میوانداریدا لەلای سەرەوە و لە کەنیشتەکانیش لە ڕیزی پێشەوە دابنیشن، 7 لە بازاڕیشدا سڵاویان لێبکرێت و خەڵک بە گەورەم گەورەم بانگیان بکەن! 8 بەڵام با ئێوە بە گەورەم بانگ نەکرێن، چونکە یەک گەورەتان هەیە کە مەسیحە، ئێوەش هەموو بران. 9 کەسیش لەسەر زەوی بە باوک بانگ مەکەن، چونکە یەک باوکتان هەیە، ئەوەی لە ئاسماناندایە. 10 بە ڕابیش بانگ نەکرێن چونکە یەک ڕابیتان هەیە، ئەویش مەسیحە. 11 با گەورەترینتان ڕاژەوانتان بێت. 12 ئەوەی خۆی بەرز بکات نزم دەکرێتەوە، ئەوەش خۆی نزم بکات بەرز دەکرێتەوە.
13 “بەڵام وەی بەحاڵتان شەریعەتزان و پەڕیشییانی ڕووباز! چونکە شانشینی ئاسمانان لەبەرەدەم خەڵک دادەخەن، نە خۆتان دەچنە ژوورەوە، نە دەهێڵن ئەوانەی دەیانەوێ بچنە ژوورەوە بچنە ژوورەوە. 14 وەی بەحاڵتان شەریعەتزان و پەڕیشییانی ڕووباز! ماڵی بێوەژن دەخۆن، بۆ دەرخستنیش نوێژ درێژ دەکەنەوە. بۆیە حوکمێکی مەزنترە وەردەگرن. 15 وەی بەحاڵتان شەریعەتزان و پەڕیشییانی ڕووباز! دەریا و وشکانی دەگەڕێن تاکو یەکێک بکەنە جوو، کە بوو، دوو ئەوەندەی خۆتان زیاتر دەیکەنە ڕۆڵەی دۆزەخ. 16 وەی بەحاڵتان ڕابەرانی کوێر! دەڵێن: ئەوەی سوێند بە پەرستگە بخوات، هیچ نییە، بەڵام ئەوەی سوێند بە زێڕی پەرستگە بخوات، ئەوا پابەندە. 17 نەزان و کوێرینە! کامیان مەزنترە: زێڕەکە! یان پەرستگە کە زێڕەکە پارسا دەکات؟ 18 هەروەها ئەوەی سوێند بە سەربڕگە بخوات، هیچ نییە، بەڵام ئەوەی سوێند بە قوربانییەکەی سەری بخوات، ئەوا پابەندە. 19 نەزان و کوێرینە! کامیان مەزنترە، قوربانی یان سەربڕگە کە قوربانییەکە پارسا دەکات؟ 20 ئەوەی سوێند بە سەربڕگە دەخوات، ئەوا سوێند بەو دەخوات و بە هەموو ئەوەش کە لەسەریەتی! 21 ئەوەی سوێند بە پەرستگە دەخوات، ئەوا سوێند بەو دەخوات و بەوەش کە لەنێویدا نیشتەجێیە، 22 ئەوەی سوێند بە ئاسمان دەخوات، ئەوا سوێند بە تەختی خودا دەخوات و بەوەش کە لەسەری دانیشتووە. 23 وەی بەحاڵتان شەریعەتزان و پەڕیشییانی ڕووباز! چونکە دەیەکی پونگ و شبیت و زیرە دەدەن و گرنگترینی شەریعەتتان پشتگوێخستووە: ڕەوا و بەزەیی و باوەڕ. پێویست بوو ئەمانە بکەن و ئەوانەش پشتگوێنەخەن. 24 ڕابەرانی کوێر! کە میشوولە دەپاڵێون و وشتر قووت دەدەن. 25 وەی بەحاڵتان شەریعەتزان و پەڕیشییانی ڕووباز! چونکە دەرەوەی جام و قاپ پاک دەکەنەوە، بەڵام ناخەکەی پڕە لە چڵێسی و بەرەڵایی. 26 پەڕیشیی کوێر! یەکەمجار نێو جام پاک بکەوە، تاکو دەرەوەشی پاک بێتەوە. 27 وەی بەحاڵتان شەریعەتزان و پەڕیشییانی ڕووباز! چەشنی گۆڕی سپیکراون، کە بە ڕواڵەت قەشەنگ دیارە، بەڵام ناخی پڕە لە ئێسقانی مردووان و هەموو گڵاوییەک. 28 ئێوەش ئاوان، بە ڕواڵەت لەلای خەڵک چاکخواز دیارن، بەڵام ناختان پڕە لە ڕووبازی و خراپە. 29 وەی بەحاڵتان شەریعەتزان و پەڕیشییانی ڕووباز! گۆڕی پێغەمبەران هەڵدەبەستن و ئارامگای چاکخوازان دەڕازێننەوە و 30 دەڵێن: ئەگەر لە سەردەمی باوکانمان بژیاینایە، لە خوێنی پێغەمبەران بەشداریان نەدەبووین. 31 ئێوە گەواهی لەسەر خۆتان دەدەن کە ڕۆڵەی پێغەمبەر کوژانن. 32 جا ئێوە پێوانەی باوکانتان لێوانلێو بکەن. 33 کۆرەمارینە! بێچوی ماران! چۆن لە حوکمی دۆزەخ هەڵدێن؟ 34 بۆیە ئەوەتا پێغەمبەر و دانا و شەریعەتزانتان بۆ دەنێرم، لێیان دەکوژن و لەخاچیان دەدەن، لە کەنیشتەکانتان بەر قامچییان دەدەن، شار بو شار دیکە قاویان دەدەن، 35 بۆئەوەی هەموو خوێنێکی بێگەرد کە لەسەر ئەم زەوییەدا ڕژاوە بکەوێتە ئەستۆتان، لە خوێنی هاویلی چاکخوازەوە تا خوێنی زخەریای کوڕی بڕخیا، کە لەنێوان پەرستگە و سەربڕگەدا کوشتتان. 36ڕ ەواتان پێدەڵێم: ئۆباڵی هەموو ئەمانە دەکەوێتە ئەستۆی ئەم نەوەیە!
37 “یروشلایم، یروشلایم! بکوژی پێغەمبەران، بەردبارانکاری پەیامبەرانت، چەند جار ویستم ڕۆڵەکانت کۆبکەمەوە، وەک مریشک جوجەڵەکانی لەژێر باڵیدا کۆدەکاتەوە، بەڵام نەتانویست! 38 ئەوتا ماڵەکەتان بە وێرانی بۆتان دەمێنێت! 39 چونکە پێتان دەڵێم، لەئێستاوە نامبیننەوە، تا دەڵێن: { پیرۆزە ئەوەی بەناوی پەروەردگارەوە هاتووە}!”.
دیاریکراوەکانی ئێستا:
مهتتهی بەندی بیست و سێیەم: PNTZS
بەرچاوکردن
لەبەرگرتنەوە
بەراوردکردن
هاوبەشی بکە
دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە
© Bible Society in Lebanon (2018)
کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٨