مهتتهی بەندی بیست و دووەم
بەندی بیست و دووەم
1 ئیشۆع دیسان بە پەند قسەی لەگەڵ کردن، فەرمووی: 2 “شانشینی ئاسمانان چەشنی شایەکە کە زەماوەندی بۆ کوڕەکەی گێڕا. 3 بەندەکانی نارد تاکو بانگکراوان بۆ زەماوەندەکە بانگهێشت بکەن، بەڵام نەیانویست بێن. 4 دیسان بەندەی دیکەی نارد، وتی: بە بانگکراوان بڵێن: ئەوەتا شێوم ئامادە کردووە، گا و دابەستییەکانیشم سەربڕیوە و هەموو شتێک ئامادەیە. وەرنە زەماوەندەکە! 5 بەڵام گوێیان پێ نەدا و ڕۆیشتن، یەکێک بۆ کێڵگەکەی، ئەوی دیکە بۆ بازرگانییەکەی. 6 ئەوانی دیکە بەندەکانیان گرت و جنێویان پێدان و کوشتیانن. 7 کاتێک شا ئەوەی بیست، تووڕە بوو، سەربازەکانی نارد، ئەو بکوژانەی فەوتاند و شارەکەی سوتاندن. 8 پاشان بە بەندەکانی وت: زەماوەند ئامادەیە، بەڵام بانگکراوەکان شایستە نەبوون، 9 کەواتە برۆنە سەر ڕێگاکان، هەرکەسێکتان بینی بۆ زەماوەندەکە بانگی بکەن. 10 ئەو بەندانەش دەرچوونە سەر ڕێگاکان، هەموو ئەوانەی لە بەدکار و چاکخوازان کۆیان کردنەوە، تا زەماوەندەکە پر بوو لە میوان. 11 کاتێک شا چووە ژوورەوە بۆئەوەی میوانەکان ببینێت، لەوێ کابرایەکی بینی جلی زەماوەندی نەپۆشیبوو. 12 پێی وت: کاکە، چۆن بێ جلی زەماوەند هاتیتە ژوورەوە؟ ئەویش بێدەنگ بوو. 13 ئەوکات شا بە ڕاژەوانانی وت: دەست و قاچی ببەستنەوە و بیبەن، فڕێیبدەنە تاریکیی دەرەوە، گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت. 14 چونکە بانگکراوان زۆرن، بەڵام هەڵبژێردراوان کەمن”.
15 ئەوکات پەڕیشییەکان ڕۆیشتن، ڕاوێژیانکرد تاکو بە وشەیەک تووشی بکەن. 16 قوتابییەکانی خۆیان و هیڕوودسییەکانیان ناردە لای، وتیان: “ڕابی، دەزانین ئێوە ڕاستگۆن، ئامۆژگاریی ڕێگای خودا بە ڕەوا دەکەن، گوێ بە کەس نادەن، چونکە تەماشای ڕواڵەتی خەڵک ناکەن. 17 کەواتە پێمان بفەرموون: ڕاتان چییە؟ دروستە سەرانە بە قەیسەڕ بدرێت یان نا؟”. 18 ئیشۆع بە نەگریسییانی زانی، فەرمووی: “ڕووبازینە، بۆچی تاقیم دەکەنەوە؟ 19 دراوی سەرانەم نیشان بدەن”. ئەوانیش دینارێکیان بۆ هێنا. 20 پێی فەرموون: “ئەم وێنە و نووسینە هی کێیە؟” 21 پێیان وت: “قەیسەڕ”. پێی فەرموون: “هی قەیسەڕ بدەنە قەیسەڕ، هی خوداش بدەنە خودا”. 22 کە بیستیان سەرسام بوون، بەجێیان هێشت و ڕۆیشتن.
23 لەو ڕۆژەدا زادوقیەکان ئەوانەی دەڵێن هەستانەوە نییە، هاتنە لای لێیان پرسی: 24 وتیان: “ڕابی، مووشێ فەرمووی: ئەگەر پیاوێکی وەجاخکوێر مرد، با براکەی براژنەکەی بخوازێت و وەچە بۆ براکەی بخاتەوە. 25 جا لەلامان حەوت برا هەبوون، یەکەمیان ژنی هێنا و مرد، لەبەرئەوەی بێ وەچە بوو، ژنەکەی بۆ براکەی بەجێهێشت. 26 بەهەمان شێوە دووەم و سێیەم تاکو حەوتەم. 27 لەپاش هەموویان ژنەکەش مرد. 28 لە هەستانەوەدا دەبێتە ژنی کام لەو حەوتە؟ چونکە هی هەموویان بووە!”. 29 ئیشۆع وەڵامی دایەوە، پێی فەرموون: “گومڕا دەبن کە نە لە پەرتووکەکان دەزانن، نە هێزی خودا. 30 چونکە لە هەستانەوەدا نە ژن دەهێنن، نە مێرد دەکەن، بەڵکو لە ئاسماندا وەک فریشەی خودا دەبن. 31 دەربارەی هەستانەوەی مردووانیش، ئەوەتان نەخوێندووەتەوە کە لە خوداوە پێتان وتراوە، کە دەفەرمووێت: 32 { خۆمم خوداوەندی ئەوڕاهەم و خوداوەندی ئسخەق و خوداوەندی یاقوو}؟ خودا خوداوەندی مردووان نییە، بەڵکو خوداوەندی زیندووانە”. 33 کاتێک کۆمەڵانەکە بیستیان، واقیان وڕما لە ئامۆژگارییەکەی.
34 پەڕیشییەکان بیستیان کە زادوقییەکانی بێدەنگ کردووە، پێکەوە کۆ بوونەوە، 35 یەکێکیان شەریعەتزان بوو، لێی پرسی تاکو تاقیی بکاتەوە، وتی: 36 “ڕابی، چ ڕاسپاردەیەک مەزنترینی شەریعەتە؟” 37 ئیشۆع پێی فەرموو: “{ پەروەردگار خوداوەندت بە هەموو دڵ و هەموو ناخ و هەموو ئەندێشەتەوە خۆشبوێت}. 38 ئەمە مەزنترین و یەکەم ڕاسپاردەیە. 39 دووەمیشیان هەمان شتە: { نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت}. 40 هەموو شەریعەت و پێغەمبەران بەم دوو ڕاسپاردەیەوە بەندن”.
41 کاتێک پەڕیشییەکان کۆ بووبوونەوە، ئیشۆع لێی پرسین: 42 فەرمووی: “دەربارەی مەسیح چی دەڵێن، ڕۆڵەی کێیە؟” پێیان وت: “ڕۆڵەی داویدە”. 43 پێی فەرموون: “ئەی چۆن داوید لە گیاندا پێی دەڵێت پەروەردگار؟ کە دەڵێت: 44 { پەروەردگار بە پەروەردگارمی فەرموو: لەلای ڕاستم دانیشە تاکو دوژمنانت لە تەختەپێت دابنێم}. 45 ئەگەر داوید پێی بڵێێت پەروەردگار، ئیتر چۆن ڕۆڵەیەتی؟”. 46 کەسیان نەیتوانی بە وشەیەکیش وەڵامی بداتەوە. لەو ڕۆژەشەوە هەرگیز کەس نەیوێرا هیچی دیکەی لێ بپرسێت.
دیاریکراوەکانی ئێستا:
مهتتهی بەندی بیست و دووەم: PNTZS
بەرچاوکردن
لەبەرگرتنەوە
بەراوردکردن
هاوبەشی بکە
دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە
© Bible Society in Lebanon (2018)
کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٨