لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌تته‌ی بەندی بیست و یەکەم

بەندی بیست و یەکەم
1 کاتێک لە یروشلایم نزیکبوونەوە، هاتن بۆ بێتفاجی لای کێوی زەیتوون، ئەوکات ئیشۆع دوو قوتابیی نارد 2 پێی فەرموون: “بڕۆنە ئەو گوندەی بەرامبەرتان، یەکسەر ماکەرێک دەبینن بەستراوەتەوە، جاشەکەیی لەگەڵە، بیکەنەوە و بۆمیان بهێنن. 3 ئەگەر یەکێک شتێکی پێوتن، بڵێن: پەروەردگار پێویستیی پێیانە، ئەویش یەکسەر دەیاننێرێت”. 4 ئەمەش ڕوویدا تاکو ئەوەی لەڕێی پێغەمبەرکە وتراوە بێتەدی کە دەفەرمووێت: 5 { بە کچەکەی سهیۆن بڵێت: ئەوەتا شاکەت دێتە لات، دڵنەرمە و سواری ماکەرێک و جاشی ماکەرێک بووە}. 6 دوو قوتابییەکە ڕۆیشتن، وەک ئیشۆع فەرمانی پێدابوون، کردیان. 7 ماکەر و جاشەکەیان هێنا، جلکانیان لەسەر پشتیان ڕاخست و ئیشۆع سواربوو. 8 کۆمەڵانێکی زۆرتر جلەکانیان لەسەر ڕێگاکە ڕاخست. هەندێکیشیان چڵیان لە درەخت بڕییەوە و لەسەر ڕێگاکە ڕایانخست. 9 ئەو کۆمەڵانەی کە لە پێشی دەڕۆیشتن و ئەوانەش کە شوێنی کەوتبوون، هاواریان دەکرد: “هۆشانا بۆ ڕۆڵەی داوید! { پیرۆزە ئەوەی بەناوی پەروەردگارەوە هاتووە!}. هۆشانا لە بەرزاییەکان!”. 10 کاتێک چووە نێو یروشلایمەوە، هەموو شارەکە خڕۆشا، وتیان: “ئەمە کێیە؟”. 11 کۆمەڵانەکەش وتیان: “ئەمە پێغەمبەر ئیشۆعە، خەڵکی ناسڕەتی گلیلایە”.
12 ئیشۆع چووە نێو پەرستگەی خودا، هەموو ئەوانەی دەرکرد کە کڕین و فڕۆشتیان لە پەرستگە دەکرد، مێزی پارەگۆڕەکان و تەختی کۆترفڕۆشانی وەرگێڕا. 13 پێی فەرموون: “نووسراوە، { خانەکەم بە خانەی نوێژ ناودەبرێت}، ئێوە کردووتانە بە { ئەشکەوتی دزان!}”. 14 نابینا و شەلەکان لە پەرستگە هاتنە لای، ئەویش ساغی کردنەوە. 15 کاتێک کاهینانی باڵا و شەریعەتزانەکان ئەم کارە سەیرەیان بینی کە ئەو کردی، منداڵانیش لە پەرستگەدا هاواریان دەکرد: “هۆشانا بۆ ڕۆڵەی داوید”. قینیان هەستا، 16 پێیان وت: “گوێت لێیە ئەمانە چی دەڵێن؟” ئیشۆعیش پێی فەرموون: “بەڵێ! قەت نەتانخوێندووەتەوە: { لە زاری منداڵان و شیرخۆرانەوە ستایشت داڕشتووە؟}”. 17 ئەوسا بەجێیهێشتن، بەرەو بتعەنیا چووە دەرەوەی شار، لەوێ مایەوە.
18 بەیانی کە دەگەڕایەوە شار، برسیی بوو. 19 دارهەنجیرێکی لەسەر ڕێگاکە بینی، هاتە لای، لە گەڵا زیاتر هیچی پێوە نەبینی. پێی فەرموو: “ئیتر تا جاویدان بەر نەگریت!”. یەکسەر دارهەنجیرەکە وشک بوو. 20 کاتێک قوتابییەکان ئەوەیان بینی، سەرسام بوون، وتیان: “چۆن یەکسەر دارهەنجیرەکە وشک بوو؟”. 21 ئیشۆع وەڵامی دانەوە، پێی فەرموون: “ڕەواتان پێدەڵێم: ئەگەر باوەڕتان هەبێت و گومان نەکەن، نەک هەر ئەمەی دارهەنجیرەکە دەکەن، بەڵکو ئەگەر بەم کێوەش بڵێن، هەڵبکەندرێ، بکەوە نێو دەریاوە، وا دەبێت. 22 جا هەرچی لە نوێژدا بە باوەڕەوە داوای بکەن، وەریدەگرن”.
23 کە هاتنە پەرستگە، ئامۆژگاریی خەڵکەکەی دەکرد، کاهینانی باڵا و پیرانی گەل هاتنە لای، وتیان: “بە چ دەسەڵاتێک ئەمە دەکەن؟ کێ ئەم دەسەڵاتەی پێداون؟” 24 ئیشۆع وەڵامی دایەوە، پێی فەرموون: “منیش پرسێکتان لێدەکەم، ئەگەر وەڵامتان دامەوە، پێتان دەڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمە دەکەم: 25 عەمادکردنی یوخەننەن، لەکوێوە بوو؟ لە ئاسمانەوە بوو یان لە خەڵکەوە؟”. ئەوانیش لە ناخیاندا بیریان کردەوە، وتیان: “ئەگەر بڵێین: لە ئاسمانەوە بوو، پێمان دەڵێت بۆچی باوەڕتان پێ نەهێنا؟ 26 ئەگەریش بڵێین: لە خەڵکەوە بوو، لە گەل دەترسێین، چونکە هەموو یوخەننەن بە پێغەمبەر دادەنێن”. 27 وەڵامی ئیشۆعیان دایەوە، وتیان: “نازانین”. ئەویش پێی فەرموون: “منیش پێتان ناڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمە دەکەم”.
28“ڕ اتان چییە؟ کابرایەک دوو کوڕی هەبوو، هاتە لای یەکەمیان، وتی: ڕۆڵە، ئەمڕۆ بڕۆ لە ڕەزەکەمدا کار بکە. 29 وەڵامی دایەوە، وتی: ناڕۆم. بەڵام پاشان پەشیمان بووەوە و ڕۆیشت. 30 هاتە لای دووەم هەمان قسەی کرد. وەڵامی دایەوە، وتی: بەسەرچاو، گەورەم. بەڵام نەڕۆیشت. 31 کام لەو دووانە بەخواستی باوکیان کرد؟”. پێیان وت: “یەکەمیان”. ئیشۆع پێی فەرموون: “ڕەواتان پێدەڵێم: باجگران و داوێنپیسان لە چوونەنێو شانشینی خودا پێشتان دەکەون. 32 چونکە یوخەننەن بە ڕێگای ڕەواوە بۆ لاتان هات و باوەڕتان پێی نەهێنا، بەڵام باجگران و داوێنپیسان باوەڕیان پێی هێنا. دواتر کە بینیشتان، هەر پەشیمان نەبوونەوە و باوەڕتان پێی نەهێنا”.
33 “گوێ لە پەندێکی دیکە بگرن: گەورەی ماڵێک هەبوو ڕەزێکی چاند، دەوروبەرەکەی پەرژین کرد، گۆشێنەرێکی تیادا هەڵکۆڵی و قوللەیەکی بنیاد نا، بە ڕەزەوانانی سپارد و گەشتی کرد. 34 کاتێک وەرزی بەرهەم نزیکبووەوە، بەندەکانی ناردە لای ڕەزەوانەکان تاکو بەرهەمەکەی وەربگرن. 35ڕ ەزەوانەکانیش بەندەکانیان گرت، لە هەندێکیان دا و هەندێکیان کوشت و هەندێکیشیان بەردباران کرد. 36 دیسان بەندەی زیاتری لەوانەی یەکەمجاری نارد، هەمان شتیان لەوانیش کرد. 37 لە پایاندا کوڕەکەی بۆ لایان نارد، وتی: ڕێز لە کوڕەکەم دەنێن! 38 بەڵام ڕەزەوانەکان کە کوڕەکەیان بینی لەنێو خۆیاندا وتیان: ئەمەتا میراتگر! با بیکوژین، تاکو میراتەکەی ببەین! 39 ئینجا گرتیان، بردیانە دەرەوەی ڕەزەکە، کوشتیان. 40 کاتێک خاوەن ڕەزەکە دێت، چی لەو ڕەزەوانانە دەکات؟”. 41 پێیان وت: “ئەو بەدکارانە بە خراپی دەفەوتێنێت، ڕەزەکەش دەداتە دەست ڕەزەوانانی دیکە، ئەوانەی لە وەرزی خۆی بەرهەمی دەدەنێ”. 42 ئیشۆع پێی فەرموون: “هەرگیز لە پەرتووکەکاندا نەتانخوێندووەتەوە: { ئەو بەردەی بنیادنەران ڕەتیان کردەوە، بوو بە بەردی بناغە. ئەمە لەلایەن پەروەردگارەوە بوو، لەبەرچاومان سەیرە43 بۆیە پێتان دەڵێم: شانشینی خودا لێتان دەسەنرێتەوە و دەدرێتە نەتەوەیەک کە بەرهەم بدات. 44 ئەوەی بەسەر ئەم تاوێرەدا بکەوێت تێکدەشکێت، ئەوەش کە بەسەریدا بکەوێت پانی دەکاتەوە!”.
45 کاتێک کاهینانی باڵا و پەڕیشییەکان پەندەکانیان بیست، زانییان باسی ئەوان دەکات. 46 بۆیە دەیانویست بیگرن، بەڵام لە کۆمەڵانەکە ترسان، چونکە بە پێغەمبەریان دادەنا.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

مه‌تته‌ی بەندی بیست و یەکەم: PNTZS

بەرچاوکردن

لەبەرگرتنەوە

بەراوردکردن

هاوبەشی بکە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە