مهتتهی بەندی بیستەم
بەندی بیستەم
1 “شانشینی ئاسمانان چەشنی گەورە ماڵێکە بەیانی زوو دەردەچێت تاکو کرێکار بۆ ڕەزەکەی بگرێت. 2 لەگەڵ کرێکاران ڕۆژی بە دینارێک ڕێککەوت، ناردنی بۆ ڕەزەکەی. 3 نزیکەی کاژێری نۆ دەرچوو، لە بازاڕدا هەندێکی دیکەی بینی بێکار ڕاوەستابوون، 4 پێی وتن: ئێوەش بڕۆنە ڕەزەکە، چەندتان بکەوێت دەتاندەمێ. ئەوانیش ڕۆیشتن. 5 ئینجا کاژێری دوازدە و کاژێری سێ دەرچوو، هەمان شتی کردەوە. 6 نزیکەی کاژێری پێنجیش دەرچوو، کرێکاری بێکاری دیکەی بینی ڕاوەستاون، پێی وتن: بۆچی بەدرێژایی ڕۆژ لێرە بێکار ڕاوەستاون؟ 7 پێیان وت: چونکە کەس بە کرێی نەگرتووین. پێی وتن: ئێوەش بڕۆنە ڕەزەکە چەندتان بکەوێت دەتاندەمێ. 8 کاتێک ئێوارە داهات، خاوەن ڕەزەکە بە سەرکارەکەی وت: کرێکاران بانگ بکە و کرێیەکانیان بدەرێ، لەوانەی کۆتاییەوە دەستپێبکە تاکو یەکەمینەکان. 9 جا ئەوانەی کاژێری پێنج هاتن، هەریەک دینارێکیان وەرگرت. 10 کاتێک یەکەمینەکانیش هاتن وایانزانی زیاتر وەردەگرن. ئەوانیش هەریەکە دینارێکیان وەرگرت. 11 کە وەریاندەگرت بۆڵەبۆڵیان لەگەڵ خاوەن ماڵ کرد، 12 دەیانوت: دواهەمینەکان کاژێرێک ئیشیان کرد، لەگەڵ ئێمە یەکسانت کردن، کە سەختی و گەرمای ڕۆژمان کێشاوە! 13 وەڵامی یەکێکیانی دایەوە: کاکە، ستەمم لێنەکردوویت! ئایا لەگەڵم بە دینارێک ڕێک نەکەوتوویت؟ 14 هی خۆت ببە و بڕۆ، من دەمەوێت بەوەی دواهەمینیش وەک تۆی بدەمێ. 15 بۆم نییە ئەوەی دەمەوێت بە ماڵی خۆمی بکەم؟ یان چاوت بەرای نادات کە من باشم؟ 16 بەم شێوەیە دواهەمینەکان دەبنە یەکەمین، یەکەمینەکانیش دواهەمین، چونکە بانگکراوان زۆرن و هەڵبژێردراوان کەمن”.
17 کاتێک ئیشۆع بۆ یروشلایم سەردەکەوت، دوازدە قوتابییەکەی دابڕی، لەڕێگادا پێی فەرموون: 18 “وا بۆ یروشلایم سەردەکەوین، ڕۆڵەی مرۆڤ ڕادەستی کاهینانی باڵا و شەریعەتزانەکان دەکرێت و حوکمی مەرگی دەدەن، 19ڕ ادەستی نەتەوەکانی دەکەن بۆ گاڵتە پێکردن و قامچی لێدان و لەخاچدان، لە ڕۆژی سێیەمیش هەڵدەستێتەوە”.
20 ئەوکات دایکی دوو کوڕەکەی زەبدی لەگەڵ دوو کوڕەکەی هاتە لای، کڕنۆشی برد و داوای شتێکی لێکرد. 21 ئەویش پێی فەرموو: “چیت دەوێت؟” وتی: “بفەرموون با ئەم دوو کوڕمە لە شانشینییەکەتاندا یەکێکیان لەلای ڕاست، ئەوەی دیکەیان لەلای چەپتان دانیشن”. 22 ئیشۆع وەڵامی دایەوە، فەرمووی: “نازانن داوای چی دەکەن. دەتوانن ئەو جامە بخۆنەوە کە من دەیخۆمەوە؟ یان بەو ڕەنگە بکرێن کە من پێی ڕەنگ دەکرێم؟” پێیان وت: “دەتوانین”. 23 پێی فەرموون: “جامم دەنۆشن و وەکو خۆم ڕەنگ دەکرێن. بەڵام دانیشتن لەلای ڕاست و چەپمەوە، بۆم نییە بیدەم، بەوانە نەبێت کە باوکم بۆی ئامادە کردوون”. 24 کاتێک دە قوتابیەکە بیستیان، لە دوو براکە تووڕە بوون. 25 ئیشۆع بانگیکردن، فەرمووی: “دەزانن سەرۆک نەتەوەکان زاڵن بەسەریانەوە، مەزنەکانیان دەسەڵاتدارن بەسەریانەوە. 26 لەنێوتاندا با ئاوا نەبێت. بەڵکو ئەوەی دەیەوێت لەنێوتاندا مەزن بێت، با ببێتە ڕاژەوانتان، 27 ئەوەش دەیەوێت لەنێوتاندا ببێتە یەکەم، با ببێتە بەندەتان، 28 هەروەک ڕۆڵەی مرۆڤ کە نەهاتووە ڕاژە بکرێت، بەڵکو ڕاژە بکات و ژیانی خۆی لەجیاتی زۆر کەس بەخت بکات”.
29 کاتێک لە ئەریخۆ دەردەچوون، کۆمەڵانێکی زۆر شوێنی کەوتن، 30 دوو نابینا لە سەر ڕێگاکەدا دانیشتبوون. کاتێک بیستیان ئیشۆع وا بەوێدا تێدەپەڕێت، هاواریان کرد، وتیان: “بەزەییتان پێماندا بێتەوە گەورەم، ڕۆڵەی داوید!” 31 جا کۆمەڵەکە لێیان ڕاخوڕین تا بێدەنگ بن، زیاتر هاواریان دەکرد، دەیانوت: “بەزەییتان پێماندا بێتەوە گەورەم، ڕۆڵەی داوید!” 32 ئیشۆع ڕاوەستا، بانگیکردن، فەرمووی: “چیتان دەوێت بۆتان بکەم؟”. 33 پێیان وت: “گەوەم، چاومان بکەنەوە”. 34 ئیشۆع دڵی پێیان سوتا، دەستی لە چاویان دا، یەکسەر چاویان بینی و شوێنی کەوتن.
دیاریکراوەکانی ئێستا:
مهتتهی بەندی بیستەم: PNTZS
بەرچاوکردن
لەبەرگرتنەوە
بەراوردکردن
هاوبەشی بکە
دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە
© Bible Society in Lebanon (2018)
کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٨