لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌تته‌ی بەندی نۆزدەیەم

بەندی نۆزدەیەم
1 کاتێک ئیشۆع ئەم فەرموودانەی تەواوکرد، گلیلای بەجێهێشت، هاتە سنووری ئیهوودا، لەوبەری یوردنەن. 2 کۆمەڵانێکی زۆر شوێنی کەوتن، لەوێ ساغی کردنەوە.
3 پەڕیشییەکان هاتنە لای بۆئەوەی تاقیی بکەنەوە، وتیان: “ئایا دروستە مێرد لەبەر هەر هۆیەک بێت ژنەکەی تەڵاق بدات؟” 4 وەڵامی دانەوە، پێی فەرموون: “نەتانخوێندووەتەوە، ئەوەی لە دەستپێکەوە ئافراندووە { بە نێر و مێ ئافراندن؟}” 5 هەروەها فەرمووی: “{ بۆیە پیاو باوک و دایکی بەجێدەهێڵێت، بە ژنەکەیەوە دەلکێت، جا هەردووکیان دەبنە یەک جەستە}. 6 کەواتە چیتر دوو نین بەڵکو یەک جەستەن. ئەوەی خودا کۆی کردووە، مرۆڤ جیای ناکاتەوە”. 7 پێیان وت: “بۆچی مووشێ ڕایسپاردووە تەڵاقنامە بدرێت، تەڵاق دەکەوێت؟” 8 پێی فەرموون: “لەبەر دڵڕەقیتان مووشێ ڕێی دان ژنەکانتان تەڵاق بدەن. ئەگینا لە دەستپێکدا وا نەبوو. 9 پێشتان دەڵێم: ئەوەی ژنەکەی بێ هۆی داوێنپیسی تەڵاق بدات و یەکێکی دیکە بهێنێت، ئەوا داوێنپیسی دەکات، ئەوەش تەڵاقدراوێک بهێنێت داوێنپیسی دەکات”. 10 قوتابییەکانی پێیان وت: “ئەگەر حاڵی پیاو لەگەڵ ژن وابێت، باشترە ژن نەهێنێت!” 11 پێی فەرموون: “هەمووان ئەم قسەیە پەسەند ناکەن، بەڵکو ئەوانەی کە پێیان دراوە، 12 چونکە یەختە هەن زگماکن، یەختەش هەن خەڵک یەختەیان کردوون، یەختەش هەن لەپێناوی شانشینی ئاسمان خۆیان یەختە کردووە. کێ دەتوانێت پەسەندی بکات، با پەسەندی بکات”.
13 ئەوکات منداڵیان بۆ هێنا تاکو دەستیان لەسەر دابنێت و نوێژ بکات، قوتابییەکانیش لێیان ڕاخوڕین. 14 بەڵام ئیشۆع فەرمووی: “لێگەڕێن با منداڵان بێنە لام، ڕێیان لێمەگرن، چونکە شانشینی ئاسمانان هی وەک ئەمانەیە”. 15 جا دەستی لەسەر دانان و لەوێ ڕۆیشت.
16 ئینجا یەکێک هاتە لای، پێی وت: “ڕابیی باش، چ چاکەیەک بکەم تاکو ژیانی جاویدانیم هەبێت؟”. 17 پێی فەرموو: “بۆچی بە باش ناوم دەبەیت؟ تەنها یەکێک باشە، ئەویش خودایە. بەڵام ئەگەر دەتەوێت بچیتە نێو ژیانەوە، ڕاسپاردەکان پەیڕەو بکە”. 18 پێی وت: “چ ڕاسپاردەیەک؟”. ئیشۆع فەرمووی: “{ مەکوژە، داوێنپیسی مەکە، مەدزە، گەواهیی درۆ مەدە، 19 ڕ ێز لە باوک و دایکت بنێ} هەروەها { نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت}”. 20 گەنجەکەش پێی وت: “لە منداڵیمەوە ئەمانەم هەمووی پەیڕەو کردووە، ئیتر چیم کەمە؟”. 21 ئیشۆع پێی فەرموو: “ئەگەر دەتەوێت تەواو بیت، بڕۆ سامانەکانت بفڕۆشە و بیدە هەژاران، ئیتر گەنجینەیەکت لە ئاسماندا دەبێت و وەرە شوێنمکەوە”. 22 کاتێک گەنجەکە ئەم فەرمایشتەی بیست، بە دڵتەنگییەوە ڕۆیشت، چونکە سامانێکی زۆری هەبوو.
23 جا ئیشۆع بە قوتابییەکانی فەرموو: “ڕەواتان پێدەڵێم: دەوڵەمەند بە سەختی دەچێتە نێو شانشینی ئاسمانانەوە! 24 پێشتان دەڵێم: ئاسانترە گوریس بچێتە نێو کونی دەرزیەوە لەوەی دەوڵەمەندێک بچێتە نێو شانشینی خودا!”. 25 قوتابییەکان کە بیستیان زۆر سەرسام بوون، وتیان: “کەواتە کێ دەتوانێت ڕزگاری بێت؟”. 26 ئیشۆع تەماشای کردن، پێی فەرموون: “ئەمە لەلای خەڵک مەحاڵە، بەڵام لەلای خودا هەموو شتێک دەبێت”.
27 ئەوکات پەتڕۆس وەڵامی دایەوە، پێی وت: “ئەوەتا ئێمە وازمان لە هەموو شتێک هێناوە و شوێنتان کەوتووین، چیمان بۆ دەبێت؟” 28 ئیشۆع پێی فەرموون: “ڕەواتان پێدەڵێم: لە نوێبوونەوەدا، کاتێک ڕۆڵەی مرۆڤ لەسەر تەختی شکۆی دادەنیشێت، ئێوە کە شوێنم کەوتوون لەسەر دوازدە تەخت دادەنیشن و دوازدە هۆزەکەی ئیسڕائیل حوکم دەدەن. 29 هەر کەسێکیش لەپێناوی ناوم، دەستبەرداری ماڵ یان برا یان خوشک یان باوک یان دایک یان ژن یان منداڵ یان کێڵگە بووە، سەد ئەوەندە وەردەگرێتەوە و ژیانی جاویدیانیش بە میرات وەردەگرێت. 30 بەڵام زۆر لە یەکەمینەکان دەبنە دواهەمین، دواهەمینەکانیش یەکەمین”.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

مه‌تته‌ی بەندی نۆزدەیەم: PNTZS

بەرچاوکردن

لەبەرگرتنەوە

بەراوردکردن

هاوبەشی بکە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە