لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌تته‌ی بەندی هەژدەیەم

بەندی هەژدەیەم
1 لەو کاژێرەدا قوتابییەکان هاتنە لای ئیشۆع، وتیان: “کێ لە شانشینی ئاسماناندا مەزنترینە؟”. 2 ئەویش منداڵێکی بانگکرد، لە ناوەڕاستیاندا ڕایگرت، 3 فەرمووی: “ڕەواتان پێدەڵێم: ئەگەر نەگەڕێنەوە، وەک منداڵتان لێنەیەت، ناچنە نێو شانشینی ئاسمانان. 4 ئەوەی وەک ئەم منداڵە خۆی نزم بکاتەوە، ئەوا لە شانشینی ئاسماناندا مەزنترینە. 5 ئەوەی بەناوی منداڵێک وەک ئەمە پەسەند بکات، ئەوا پەسەندی کردووم. 6 ئەوەش ساتمە بە یەکێک لەم بچووکانە بکات کە باوەڕیان پێم هەیە، باشترە بۆی بەرداشێک بە گەردەنیەوە هەڵبواسرێت و لە بنی دەریا بخنگێندرێت. 7 وەی بەحاڵی دونیا بۆ کۆسپەکان! چونکە کۆسپەکان دەبێت بێن، بەڵام وەی بەحاڵی ئەو مرۆڤە کە بەهۆیەوە کۆسپەکان دێن! 8 ئەگەر دەستت یان قاچت بۆت بووە کۆسپ، بیبڕەوە و فڕێیبدە. باشترە بۆت بە شەلی یان بە دەستبڕاوی بچیتە نێو ژیانەوە، لەوەی بە دوو دەست یان دوو قاچەوە بخرێیتە نێو ئاگری جاویدانی. 9 ئەگەر چاوت بۆت بووە کۆسپ، دەریبهێنە و فڕێیبدە. باشترە بۆت بە یەک چاو بچیتە نێو ژیانەوە، لەوەی بە دوو چاوەوە بخرێیتە ئاگری دۆزەخەوە.
10 “ئاگاداربن! بە سووکی مەڕواننە یەکێک لەم بچووکانە، چونکە پێتان دەڵێم: فریشتەکانیان لە ئاسماناندا هەردەم ڕوخساری باوکم دەبینن کە لە ئاسماناندایە. 11 چونکە ڕۆڵەی مرۆڤ هاتووە فەوتاوان ڕزگار بکات. 12ڕ اتان چییە؟ ئەگەر مرۆڤێک سەد کاوڕی هەبێت، دانەیەکی لێ ون بێت، ئایا نەوەد و نۆکە لە چیا بەجێناهێڵێت و بچێت بەدوای ونبووەکەدا بگەڕێت؟ 13ڕ ەواتان پێبڵێم: ئەگەر دۆزییەوە، لە نەوەد و نۆکەی دیکە کە ون نەبوون زیاتر پێی دڵخۆش دەبێت! 14 بەهەمان شێوە باوکتان لە ئاسمانان نایەوێت یەکێک لەم بچووکانە بفەوتێت.
15 “ئەگەر براکەت خراپەی لەگەڵ کردیت، بڕۆ بە تەنها لەنێوان خۆت و خۆی گازندەی لێبکە. ئەگەر گوێی لێگرتی، ئەوا براکەت بەدەست دەهێنیتەوە. 16 ئەگەر گوێی نەگرت، یەک یان دوو کەس لەگەڵ خۆت ببە، تاکو { هەر وشەیەک لەسەر زاری دوو یان سێ گەواهیدەر بسەلمێنرێت}. 17 ئەگەر بەگوێی نەکردن، بە وارگە بڵێ، ئەگەر بە گوێی وارگەشی نەکرد، ئەوا بە بتپەرست و باجگری دابنێ. 18ڕ ەواتان پێدەڵێم: ئەوەی لەسەر زەوی گرێی بدەن، لە ئاسمانیش گرێدراو دەبێت، ئەوەی لەسەر زەوی بیکەنەوە، لە ئاسمانیش کراوە دەبێت. 19 پێشتان دەڵێم: ئەگەر دووان لێتان لەسەر زەوی لەسەر هەر شتێک ڕێک بکەون، داوای بکەن، لەلایەن باوکم کە لە ئاسماناندایە، بۆیان دەبێت. 20 چونکە هەر کە دوو یان سیان بە ناومەوە کۆببنەوە، لەوێ لەناوەڕاستیاندا دەبم”.
21 ئینجا پەتڕۆس هاتە لای، پێی وت: “پەروەردگار، چەند جار لەبراکەم خۆشبم کە خراپەم لەگەڵ دەکات؟ تا حەوت جار؟” 22 ئیشۆع پێی فەرموو: “پێت ناڵێم تا حەوت جار، بەڵکو تا حەفتا جاران حەوت جار! 23 بۆیە شانشینی ئاسمانان چەشنی شایەکە ویستی هەژمارد لەگەڵ بەندەکانی بکات. 24 کاتێک دەستیکرد بە هەژماردن، یەکێکیان بۆ هێنا دە هەزار تالنت قەرزار بوو. 25 کە نەیبوو بیداتەوە، گەورەکەی فەرمانی دا، خۆی و ژن و منداڵ و هەرچی هەیەتی بفڕۆشرێت و قەرزەکە بداتەوە. 26 بەندەکە کەوت و کڕنۆشی برد، وتی: گەورەم، لەسەرم ڕاوەستە، هەمووت دەدەمەوە. 27 گەورەی ئەو بەندەیە دڵی پێی سوتا، ئازادی کرد و لە قەرزەکەشی خۆشبوو. 28 کە بەندەکە لەوێ دەرچوو، بەندەیەکی هاوکاری خۆیی بینی کە سەد دینار قەرزاری بوو، ملی گرت، وتی: ئەوەی بەسەرتەوەیە بمدەرەوە. 29 بەندەکەی هاوکاری لەبەرپێی کەوت، داوای لێکرد، وتی: لەسەرم ڕاوەستە، هەمووت دەدەمەوە. 30 بەڵام ڕەزامەند نەبوو، ڕۆیشت فڕێیدایە زیندانەوە، تاکو قەرزەکە دەداتەوە. 31 کاتێک بەندەکانی هاوکاریان ڕووداوەکەیان بینی، زۆر خەمناک بوون، هاتن و هەموو ئەوەی ڕوویدابوو بۆ گەورەکەیان گێڕایەوە. 32 ئەوسا گەورەکەی بانگیکرد، پێی وت: بەندەی بەدکار، لە هەموو ئەو قەرزە خۆشبووم، چونکە لێم پاڕایتەوە. 33 نەدەبوو تۆش بەزەییت بە بەندەی هاوکارەکەتدا بێتەوە، وەک بەزەییم پێتدا هاتەوە؟ 34 گەورەکەی تووڕە بوو و ڕادەستی ئەشکەنجەدەرانی کرد، تاکو هەر شتێکی بەسەرەوەیە بیداتەوە. 35 باوکی ئاسمانیشم واتان لێدەکات، ئەگەر هەریەکەتان لە دڵەوە لە هەڵەکانی براکەی خۆشنەبێت”.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

مه‌تته‌ی بەندی هەژدەیەم: PNTZS

بەرچاوکردن

لەبەرگرتنەوە

بەراوردکردن

هاوبەشی بکە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە