لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یاقوو بەندی دووەم

بەندی دووەم
1 برایانم، باوەڕتان بە پەروەردگارمان ئیشۆعی مەسیح، پەروەردگاری شکۆ، بە جوداخوازی نەبێت. 2 ئەگەر پیاوێک هاتە نێو کۆڕەکەتان، بە ئەنگوستیلەی زێڕ و بەرگی درەخشانەوە، هەژارێکیش بە بەرگی پیس، 3 تەماشای خاوەن بەرگە درەخشانەکەتان کرد، وتتان: “لێرە دانیشە باشە”. بە هەژارەکەش بڵێن: “لەوێ ڕاوەستە” یان “لێرە لە ژێر تەختەپێم دانیشە”. 4 لەناختاندا گومان ناکەن و بوونەتە دادوەری ئەندێشەی بەد؟ 5 گوێبگرن برایانی خۆشەویست: ئایا خودا هەژارانی ئەم دونیایەی هەڵنەبژاردووە لە باوەڕ دەوڵەمەند بن و میراتگری شانشینی بن کە بەڵێنی پێ داوە بەوانەی خۆشیاندەوێت؟ 6 بەڵام ئێوە سووکایەتیتان بە هەژارەکە کرد. ئایا دەوڵەمەندەکان نین بەسەرتاندا زاڵن و ڕاپێچی دادگاکانتان دەکەن؟ 7 ئایا ئەوان نین کفر بەو ناوە چاکە دەکەن کە پێی بانگکراون؟ 8 ئەگەر شەریعەتی شاهانەتان هێناوەتەدی کە بەگوێرەی پەرتووکەکە دەفەرمووێت: { نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبووێت}، باش دەکەن. 9 بەڵام ئەگەر جوداخوازی بکەن، ئەوا تاوان دەکەن و وەک سەرپپێچیکار لەلایەن شەریعەتەوە سەرزەنشت دەکرێن. 10 چونکە ئەوەی هەموو شەریعەت پەیڕەو بکات و ساتمە لە یەکێکیان بکات، ئەوا لە هەمووی تاوانکارە. 11 چونکە ئەوەی فەرموویەتی: { داوێنپیسی مەکە}، فەرمووشیەتی: { مەکوژە}. ئەگەر داوێنپیسیت نەکرد بەڵام یەکێکت کوشت، ئەوا سەرپێچیی شەریعەتت کردووە. 12 ئاوا بدوێن و ئاوا کار بکەن، وەک بە یاسای ئازادی حوکم بدرێن. 13 چونکە حوکمدان بێ بەزەییانەیە بۆ ئەوەی بەزەیی نەکردووە. بەزەییش لە حوکمدان دەباتەوە.
14 چ کەڵکێکی هەیە برایانم ئەگەر یەکێک بڵێت باوەڕم هەیە، بەڵام کرداری نەبێت، باوەڕ دەتوانێت ڕزگاری بکات؟ 15 ئەگەر خوشک و برایەک ڕووت بن و پێویستییان بە بژێوی ژیان هەبوو، 16 یەکێکتان پێتان وتن: “بەخێرچن، خۆتان گەرم بکەنەوە و تێر بخۆن”، بەڵام پێداویستییەکانی جەستەیان نەدەنێ، کەڵکی چییە؟ 17 باوەڕیش ئاوا، ئەگەر کرداری نەبێت، لە خۆیدا مردووە. 18 بەڵام یەکێک دەڵێت: “تۆ باوەڕت هەیە، منیش کردارم هەیە. باوەڕی خۆتم نیشان بدە بێ کردار، منیش بە کردارەکانم باوەڕی خۆمت نیشان دەدەم”. 19 تۆ باوەڕت هەیە کە خودا یەکە. باش دەکەیت. ئەهریمەنەکانیش باوەڕیان هەیە و دەلەرزن! 20 ئەی مرۆڤی ناڕەوا، دەتەوێت بزانیت کە باوەڕ بێ کردار مردووە؟ 21 ئایا ئەوڕاهەمی باوکمان بە کردار بێتاوان نەبوو، کاتێک لەسەر سەربڕگە ئسخەقی کوڕی پێشکەش کرد؟ 22 دەبینیت باوەڕ بە کردارەکەی لە کاردا بوو، باوەڕەکەش بە کردار تەواو بوو، 23 سیپارەکەش هاتەدی کە دەفەرمووێت: { ئەوڕاهەم باوەڕی بە خودا هێنا، ئەمەشی بە بێتاوانیی بۆ دانرا}، بە دۆستی خوداش ناوبرا. 24 دەبینن کە مرۆڤ بە کردار بێتاوان دەبێت، نەک تەنها بە باوەڕ. 25 هەروەها ڕاخەوی داوێنپیس، بە کردار بێتاوان نەبوو؟ کە پێشوازی لە سیخوڕەکان کرد و بە ڕێگایەکی دیکەدا بەڕێی کردن؟ 26 چۆن جەستە بێ گیان مردووە، باوەڕیش بێ کردار مردووە.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

یاقوو بەندی دووەم: PNTZS

بەرچاوکردن

لەبەرگرتنەوە

بەراوردکردن

هاوبەشی بکە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە