یاقوو بەندی یەکەم
بەندی یەکەم
1 یاقووی بەندەی خودا و پەروەردگار ئیشۆعی مەسیح، ئاشتی پێشکەشی دوازدە هۆزە پەراگەندەکە دەکات.
2 برایانم، بەوپەڕی خۆشیی دابنێن، کاتێک دەکەونە جۆرەها تاقیکردنەوە، 3 دەزانن ئەزموونی باوەڕتان دانبەخۆداگرتن دروست دەکات. 4 با دانبەخۆداگرتن کاری تەواوی خۆی هەبێت، تاکو تەواو و پێگەیشتوو بن، کەموکوڕیتان لە شتێک نەبێت. 5 ئەگەر یەکێکتان پێویستی بە دانایی هەیە، با داوا لە خودا بکات، کە بە دڵفراوانی بە هەمووان دەبەخشێت و تەشەریش ناکات، پێشی دەبەخشرێت. 6 بەڵام با بە باوەڕەوە داوا بکات و هەرگیز گومان نەکات، چونکە گومانکار چەشنی شەپۆڵی دەریایە، با لێیدەدات و پاڵی پێوە دەنێت. 7 ئەو مرۆڤە با بیرنەکاتەوە شتێک لە پەروەردگار وەردەگرێت. 8 پیاوی دوو ڕا لە هەموو ڕێگاکانی ناجێگیرە. 9 با برای پایەنزم شانازی بە بەرزییەکەی بکات، 10 دەوڵەمەندیش بە نزمییەکەی، چونکە وەک گوڵی گیا دەفەوتێت. 11 چونکە خۆر بە گەرمییەکەی هەڵهات، گیای وشک کرد و گوڵەکەی هەڵوەری و دیمەنی قەشەنگی نەما. ئاوا دەوڵەمەندیش لە ڕێگاکانی دەفەوتێت. 12 بەختەوەری بۆ ئەو پیاوەی کە بەرگەی تاقیکردنەوە دەگرێت، چونکە کە بێگەردبووەوە “تاجی ژیان” وەردەگرێت، ئەوەی خودا بەڵێنی پێداوە بۆ ئەوانەی خۆشیان دەوێت.
13 با کەس کاتێک تاقی دەکرێتەوە نەڵێت: “لەلایەن خوداوە تاقی دەکرێمەوە”. چونکە خودا بە بەدی تاقی ناکرێتەوە، کەسیش تاقی ناکاتەوە. 14 بەڵام هەر کەسێک بەو هەوەسەی هەیەتی تاقی دەکرێتەوە، ئەگەر پێی ڕاکێشرا و هەڵخەڵەتا. 15 کە هەوەس سک بکات تاوانی لێدەبێت، تاوانیش کە پێگەیشت مەرگ بەرهەم دێنێت. 16 برایانی خۆشەویستم، هەڵمەخەڵەتێن.
17 هەموو بەخشینێکی باش، هەموو بەهرەیەکی تەواو لە سەرەوەیە، لەلای باوکی ڕووناکییەکانەوە دادەبەزێت، ئەوەی ناگۆڕێت و سێبەری خولانەوەی نییە. 18 خواستی بوو و بە فەرمایشتی ڕەوا لەدایکبووین، تاکو ببینە نۆبەرەی ئافریدەکانی.
19 کەواتە برایانی خۆشەویستم، با هەر مرۆڤێک لە گوێگرتن خێرا بێت، لە قسەکردن لەسەرەخۆ بێت، لە تووڕەبوون خاو بێت، 20 چونکە تووڕەیی مرۆڤ بێتاوانیی خودا ناهێنێتە کایەوە. 21 بۆیە هەموو گڵاوی و زۆریی بەدکاری فڕێبدەن، ئەو فەرمایشتەی کە لەنێوتاندا چاندراوە بە دڵنەرمییەوە پەسەندی بکەن، کە دەتوانێت ناختان ڕزگار بکات. 22 بەڵام کار بە فەرمایشتەکە بکەن، نەک تەنها گوێگر بن و خۆتان هەڵبخەڵەتێنن. 23 چونکە ئەگەر یەکێک گوێگری فەرمایشتەکە بێت و کاری پێ نەکات، چەشنی پیاوێکە لە ئاوێنەدا تەماشای ڕوخساری خۆی بکات، 24 تەماشای خۆی کرد و ڕۆیشت، یەکسەر فەرامۆشی دەکات چۆن بووە. 25 بەڵام ئەوەی تەماشای یاسای تەواو بکات یاسای ئازادی تێیدا جێگیر بێت، ئەوەی گوێی لێبووە فەرامۆشی نەکات، بەڵکو کاری پێبکات، ئەوا ئەمە داڕشتە لە کرداری. 26 ئەگەر یەکێتان خۆی بە دیندار دابنێت و زمانی خۆی نەپارێزێت، بەڵکو خۆی هەڵبخەڵەتێنێت، ئەوا دیندارییەکەی ناڕەوایە. 27 ئایینی بێگەرد و پاک لەلای خودای باوک ئەمەیە: بەسەرکردنەوەی هەتیوان و بێوەژنان لە تەنگانەیاندا، مرۆڤ خۆی لە گڵاویی دونیا بپارێزێت.
دیاریکراوەکانی ئێستا:
یاقوو بەندی یەکەم: PNTZS
بەرچاوکردن
لەبەرگرتنەوە
بەراوردکردن
هاوبەشی بکە
دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە
© Bible Society in Lebanon (2018)
کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٨