گهڵاتیه بەندی سێیەم
بەندی سێیەم
1 گەڵاتیەییە گێلەکان! کێ جادووی لێکردوون بۆئەوەی ملکەچی ڕەوا نەبن؟ لەپێش چاوتان وێنەی ئیشۆعی مەسیح بە لەخاچدراوی کێشرا! 2 تەنها دەمەوێت ئەوەتان لێ فێربم: بە پەیڕەوکردنی شەریعەت گیانی پارساتان وەرگرت، یان بە هەواڵی باوەڕ؟ 3 ئاوا گێلن! بە گیان دەستتان پێکرد، بە جەستە تەواوی دەکەن؟ 4 لەخۆڕایی ئەوەندە بەرگەتان گرت؟ ئەگەر خۆڕایی بووایە! 5 ئەوەی گیانتان پێدەبەخشێت و لەنێوانتاندا پەرجو دەکات، بە پەیڕەوکردنی شەریعەتە، یان بە هەواڵی باوەڕ؟ 6 وەک چۆن { ئەوڕاهەم باوەڕی بە خودا هێنا، ئەوەشی بە بێتاوانی بۆ دانرا}. 7 کەواتە بزانن ئەوانەی لە باوەڕدان، ئەوانە وەچەی ئەوڕاهەمن. 8 سیپارەکە پێشتر بینیویەتی کە خودا نەتەوەکان بە باوەڕ بێتاوان دەکات، پێشتر موژدەی بە ئەوڕاهەمی دا، پێی فەرموو: { بە تۆوە هەموو نەتەوەکان داڕشت دەکرێن}. 9 کەواتە ئەوانەی لە باوەڕدان، لەگەڵ ئەوڕاهەمی باوەڕدار داڕشت دەکرێن. 10 چونکە هەموو ئەوانەی پەیڕەوی شەریعەت دەکەن، لە ژێر نەفرەتدان، چونکە نووسراوە: { نەفرەتلێکراوە هەر کەسێک لە هەموو نووسراوی سیپارەکانی شەریعەت جێگیر نەبێت بۆ پەیڕەوکردن}. 11 لەلای خودا کەس بە شەریعەت بێتاوان ناکرێت، چونکە: { بێتاوان بە باوەڕ دەژیێت}. 12 بەڵام شەریعەت بە باوەڕ نییە، بەڵکو: { ئەو مرۆڤەی پەیڕەوی بکات پێی دەژیێت}. 13 مەسیح لە نەفرەتی شەریعەت کڕینییەوە، بەوەی لەپێناوماندا بووە نەفرەت چونکە نووسراوە: { نەفرەتلێکراوە ئەوەی لەسەر چێوە هەڵبواسرێت}. 14 تاکو لە ئیشۆعی مەسیحدا داڕشتی ئەوڕاهەم بۆ نەتەوەکان بێت، بۆئەوەی بە باوەڕ بەڵێنی گیانەکە بەدەست بهێنین.
15 برایان، با پەندێکی مرۆڤانەتان بۆ بهێنمەوە: ئەگەر یەکێک پەیمانێکی مۆرکراوی پێبێت، کەس ناتوانێت پووچی بکاتەوە یاخود شتێکی بخاتە سەر. 16 هەروەک بەڵێنەکان بۆ ئەوڕاهەم و نەوەکەی وتراوە. نافەرمووێت: { بە نەوەکان} وەک ئەوەی زۆر بن، بەڵکو { بە نەوەی تۆ}، واتا یەک، ئەوەی مەسیحە. 17 ئەمە دەڵێم: ئەو شەریعەتەی پاش چوارسەد و سی ساڵ هات، پەیمانی چەسپاوی پێشووی خودا هەڵناوەشێنێتەوە، تاکو بەڵێنەکە پووچ بکات. 18 چونکە ئەگەر میرات بە شەریعەت هەبێت، ئیتر بە بەڵێن نییە. بەڵام خودا بە بەڵێن بە ئەوڕاهەمی بەخشی.
19 ئیتر شەریعەت بۆ چییە؟ بەهۆی سەرپێچیکردنەکان زیادکراوە، تاکو ئەو کاتەی نەوەی بەڵێنپێدراو دێت، لەڕێی فریشتەکانەوە بە دەستی نێوانگرێک ڕێکخرا. 20 نێوانگرەکە تەنها بۆ یەکێک نییە. بەڵام خودا یەکە. 21 ئایا شەریعەت دژی بەڵێنەکانی خودایە؟ حاشا! چونکە ئەگەر شەریعەتێک بدرابایە توانای ژیان بەخشینی هەبووایە، ئەوا بە ڕاستی بێتاوانبوون بە شەریعەت دەبوو. 22 بەڵام پەرتووکەکە هەمووی کردووەتە بەندی تاوان، تاکو ئەو بەڵێنەی بە باوەڕ دراوە لە ئیشۆعی مەسیح، بدرێتە ئەوانەی باوەڕ دەهێنن. 23 بەڵام پێش ئەوەی باوەڕ بێت، لەلایەن شەریعەتەوە بەند کرابووین، لە ژوورەوە کرابووین تاکو ئاشکراکردنی باوەڕەکەی داهاتوو. 24 کەواتە تاکو هاتنی مەسیح شەریعەت تەمێکارمان بوو، تاکو بە باوەڕ بێتاوان بکرێین. 25 بەڵام پاش هاتنی باوەڕ، ئیتر لە ژێر سایەی تەمێکار نین.
26 چونکە هەمووتان بە باوەڕ بە ئیشۆعی مەسیح ڕۆڵەی خودان. 27 چونکە هەمووتان کە لە مەسیحدا عەمادکراون مەسیحتان پۆشیوە: 28 جوو و یۆنانی نییە، کۆیلە و ئازاد نییە، نێر و مێ نییە، چونکە هەمووتان لە ئیشۆعی مەسیحدا یەکن. 29 جا ئەگەر هی مەسیح بن، ئەوا لە وەچەی ئەوڕاهەمن و بەگوێرەی بەڵێنەکە میراتگرن.
دیاریکراوەکانی ئێستا:
گهڵاتیه بەندی سێیەم: PNTZS
بەرچاوکردن
لەبەرگرتنەوە
بەراوردکردن
هاوبەشی بکە
دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە
© Bible Society in Lebanon (2018)
کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٨