لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

گه‌ڵاتیه‌ بەندی چوارەم

بەندی چوارەم
1 دەشڵێم: ئەگەر میراتگر ناکام بێت جیاوازی نابێت لەگەڵ کۆیلە، هەرچەندە خاوەنی هەموو میراتەکەیە. 2 بەڵکو لە ژێر سەرپەرشتیکار و بریکار دەمێنێتەوە تاکو ئەو ماوەیەی کە باوکی دیاریی کردووە. 3 ئێمەش وەها: کاتێک ناکام بووین، کۆیلەی ژێر بنەماکانی دونیا بووین. 4 بەڵام کە لێوانلێوی زەمانە داهات، خودا ڕۆڵەی خۆی نارد، لە ئافرەتێک لەدایکبوو، لە سایەی شەریعەت لەدایکبوو، 5 تاکو ببێتە قوربانی بۆ ئەوانەی کە لە سایەی شەریعەتدان، تاکو ڕۆڵایەتی بەدەست بهێنین. 6 لەبەرئەوەی ئێوە ڕۆڵەن، خودا گیانی ڕۆڵەکەی ناردە دڵتانەوە، هاواری فەرموو: “بابە، باوکە”. 7 کەواتە ئیتر کۆیلە نیت، بەڵکو ڕۆڵەیت، ئەگەر ڕۆڵەش بیت، ئەوا لەمەسیحدا میراتگری خودایت.
8 بەڵام ئەوکات خوداتان نەدەناسی، کۆیلەی ئەوانە بوون کە بە سروشت خوداوەند نین. 9 بەڵام ئێستا خودا دەناسن، ڕاستتریش لەلای خوداوە ناسران، چۆن دیسان دەگەڕێنەوە لای بنەما لاواز و هەژارەکان کە دەتانەوێت سەرلەنوێ ببنەوە کۆیلەیان؟ 10 بایەخ بە ڕۆژ و مانگ و وەرز و ساڵان دەدەن؟ 11 دەترسم بەخۆڕایی لەپێناوتان ڕەنجم دابێت!
12 لێتان دەپاڕێمەوە برایان، وەک من بن، چونکە منیش وەکو ئێوەم. هیچ ستەمێکتان لێم نەکردووە. 13 بەڵام دەزانن لە یەکەمجاردا بە لاوازیی جەستە موژدەم پێدان. 14 ئەزموونی جەستەییشم، بە چاوێکی سووک تەماشاتان نەکرد و ڕقتان لێی نەبووەوە، بەڵکو وەک فریشتەیەکی خودا پەسەندتان کردم، وەک ئیشۆعی مەسیح. 15 ئەو خۆشییەتان چی بەسەرهات؟ چونکە گەواهیتان بۆ دەدەم ئەگەر بتانتوانیبایە چاوی خۆتان دەردەهێنا و دەتاندامێ. 16 ئایا ئێستا بوومە دوژمنتان، چونکە ڕاستیتان پێدەڵێم؟ 17 ئەوانە دڵگەرمن بۆتان نەک بۆ چاکە، بەڵکو دەیانەوێت بتانترازێنن تاکو بۆ ئەوان دڵگەرم بن. 18 دڵگەرمی باشە هەردەم بۆ مەبەستێکی پاک، نەک تەنها ئەو کاتەی لەگەڵتان بم. 19 ڕۆڵەکانم، جارێکی دیکە لەپێناوتان ژانی منداڵبوون دەچێژم، تاکو وێنەی مەسیح تیاتان بێت. 20 بەڵام دەمویست ئێستا لەگەڵتان بم، تاکو وێنەی خۆم بگۆڕم، چونکە سەرم سوڕماوە لێتان!
21 ئێوەی کە حەزدەکەن لە ژێر سایەی شەریعەت بن، پێم بڵێن: ئایا شەریعەت نابیستن؟ 22 کە نووسراوە ئەوڕاهەم دوو کوڕی هەبوو، یەکێکیان لە کەنیزەکە، ئەوی دیکەیان لە ئازادەکە. 23 ئەوەی لە کەنیزەکە بوو بەگوێرەی جەستە لەدایکبوو، بەڵام ئەوەی لە ئازادەکە، بە بەڵێن بووە. 24 هەموو ئەوانەش هێمان، چونکە ئەوانە دوو پەیمانەکەن، یەکێکیان لە شاخی سینەی، بۆ کۆیلایەتی منداڵی دەبێت، ئەوەش هاجەرە. 25 چونکە هاجەر شاخی سینەیە لە عەرەبستان. ئەو یروشلایمەی ئێستا دەنوێنێت، ئەویش لەگەڵ منداڵەکانی کۆیلەن. 26 بەڵام یروشلایمی سەرەوە ئازادە، کە دایکی هەموومانە. 27 چونکە نووسراوە: { دڵخۆشبە نەزۆک، ئەوەی منداڵت نەبووە. بە دەنگی بەرز هاوار بکە، ئەوەی ژانی منداڵبوون نازانیت، چونکە ڕۆڵەکانی ژنی بەجێهێڵدراو زیاترن لەوەی مێردی لەگەڵیەتی}. 28 بەڵام ئێمە، برایان، وەک ئسخەق ڕۆڵەی بەڵێنین. 29 جا چۆن لە کاتێکدا ئەوی بەگوێرەی جەستە لەدایکبوو، ئەوەی چەوساندەوە کە بەگوێرەی گیان لەدایکبووبوو، ئێستاش ئاوایە. 30 بەڵام سیپارەکە چی دەفەرمووێت؟ { کەنیزەکە و ڕۆڵەکەی قاوبدە، چونکە ڕۆڵەی کەنیزەکە لەگەڵ ڕۆڵەی ئازادەکە میراتگر نابێت}. 31 کەواتە برایان، ڕۆڵەی کەنیزە نین، بەڵکو ڕۆڵەی ئازادەکەین.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

گه‌ڵاتیه‌ بەندی چوارەم: PNTZS

بەرچاوکردن

لەبەرگرتنەوە

بەراوردکردن

هاوبەشی بکە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە