لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

گه‌ڵاتیه‌ بەندی دووەم

بەندی دووەم
1 ئینجا پاش چواردە ساڵ، لەگەڵ بەرنڤا سەرکەوتمەوە یروشلایم، تتوسم لەگەڵ خۆم برد. 2 سەرکەوتنەکەم بەگوێرەی ئاشکراکردنێک بوو، ئەو ئینجیلەم بۆتان خستەڕوو کە لەنێو نەتەوەکان ڕایدەگەیەنم، بەڵام بە تەنها بۆ گەورەپیاوان، تاکو ئەوەی بۆی کۆشش دەکەم و کۆششم کردووە پووچ نەبێت. 3 بەڵام تەنانەت تتوس کە لەگەڵم بوو، یۆنانیش بوو، ناچار نەبوو خروسەبڕین بکات. 4 بەڵام بەهۆی هەندێک برایانی درۆزن کە بە نهێنی هاتبوونە نێومان، بۆ سیخوڕی کردن لەسەر ئەم ئازادییەی لە ئیشۆعی مەسیحدا هەمانە خزابوونە نێومان، تاکو بمانکەنە کۆیلە. 5 بۆ کاژێرێکیش ملکەچیان نەبووین، بۆئەوەی ڕەوای ئینجیل لەگەڵتان بمێنێتەوە. 6 بەڵام ئەوانەی بە گەورەپیاو دادەنران هەرچییەک بن، بەلامەوە جیاواز نییە، خودا تەماشای ڕواڵەتی مرۆڤ ناکات ئەوان هیچ ڕاوێژێکیان نەکردم. 7 بەڵکو بە پێچەوانەوە، بینییان کە ئینجیلی خروسەنەبڕین پێم سپێردراوە، وەک ئینجیلی خروسەبڕین بە پەتڕۆس. 8 چونکە ئەوەی لەڕێی پەتڕۆس وەک پەیامبەری خروسەبڕین کاری دەکرد، لە منیشدا بۆ نەتەوەکان کاری دەکرد. 9 کاتێک یاقوو و کیپە و یوخەننەن کە بە کۆڵەگە دانرابوون، بەم بەخششەیان زانی کە پێم دراوە، ئەوسا ئەوان دەستی ڕاستی هاوبەشیان بۆ من و بەرنڤا درێژ کرد، ئێمە بۆ نەتەوەکان، ئەوانیش بۆ خروسەبڕین. 10 تەنها داوایان کرد هەژاران فەرامۆش نەکەین. کە هەمیشە کۆششم بۆ ئەمە کردووە.
11 بەڵام کاتێک پەتڕۆس هاتە ئینتیاکیا، ڕووبەڕوو بەربەرەکانێم کرد، چونکە گازندەی لەسەر بوو. 12 چونکە پێشتر کەسانێک لەلای یاقووەوە هاتبوون، لەگەڵ نەتەوەکان دەیخوارد، بەڵام کاتێک ئەوان هاتن، لە ترسی خروسەبڕاوان، خۆی دەکێشایەوە. 13 جووەکانیش لەگەڵیدا ڕووبازییان کرد، تەنانەت بەرنڤاش بە ڕووبازییان چەواشە بوو! 14 بەڵام کاتێک بینیم بە ڕاستەڕێی ڕەوای ئینجیل ڕەفتار ناکەن، لەبەردەم هەمووان بە پەتڕۆسم وت: “ئەگەر تۆ جوویت، وەک نەتەوەکان دەژیت نەک وەک جوو، ئیتر بۆچی نەتەوەکان ناچار دەکەیت ببن بە جوو؟” 15 ئێمە بە سرووشت جووین و لە نەتەوە تاوانبارەکان نین، 16 دەزانین مرۆڤ بە پەیڕەوکردنی شەریعەت بێتاوان ناکرێت، بەڵکو بە باوەڕ بە ئیشۆعی مەسیح، ئێمەش باوەڕمان بە ئیشۆعی مەسیح هێنا، تاکو بە باوەڕ بە مەسیح بێتاوان بکرێین نەک بە پەیڕەوکردنی شەریعەت. چونکە بە پەیڕەوکردنی شەریعەت جەستەیەک بێتاوان ناکرێت. 17 ئەگەر داواکارین لە مەسیحدا بێتاوان بین، خۆمان تاوانبارین، ئایا مەسیح ڕاژەوانی تاوانە؟ حاشا! 18 چونکە ئەگەر ئەوە بنیاد بنێمەوە کە پێشتر ڕوخاندبێتم، ئەوا دەیسەلمێنم کە سەرپێچیکارم. 19 چونکە بە شەریعەت بۆ شەریعەت مردم، تاکو بۆ خودا بژیم. 20 لەگەڵ مەسیح لەخاچدرام، ئیتر خۆم ناژیم، بەڵکو مەسیحە لەنێومدا دەژیێت. ئێستاش کە بە جەستە دەژیم، بە باوەڕ دەژیم، باوەڕی ڕۆڵەی خودا، ئەوەی خۆشیویستم و لەپێناوم خۆیی ڕادەست کرد. 21 بەخششی خودا پووچ ناکەمەوە. چونکە ئەگەر بێتاوانی بە شەریعەت بووایە، ئەوا مەسیح بێ هۆ مرد!

دیاریکراوەکانی ئێستا:

گه‌ڵاتیه‌ بەندی دووەم: PNTZS

بەرچاوکردن

لەبەرگرتنەوە

بەراوردکردن

هاوبەشی بکە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە