لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

كردار بەندی حەوتەم

بەندی حەوتەم
1 کاهینی باڵا وتی: “ئەم شتانە وان؟”. 2 فەرمووی: “برایان و باوکان گوێبگرن! خوداوەندی شکۆ بۆ ئەوڕاهەمی باوکمان دیارکەوت کاتێک لە میسۆپۆتامیا بوو، پێش ئەوەی لە حاڕان نیشتەجێبێت، 3 پێی فەرموو: { لە زەوی و هۆزی خۆت دەرچۆ، وەرە ئەو زەوییەی نیشانت دەدەم}. 4 ئەوکات لە زەویی کلدانییەکانی دەرچوو و لە حاڕان نیشتەجێبوو. پاش مردنی باوکی، لەوێوە گواستییەوە بۆ ئەم زەویەی خۆتان ئێستا لەنێویدا نیشتەجێن. 5 نە میراتێکی تێیدا پێی دا، نە شوێن پێیەکیش، بەڵام بەڵێنی پێدا کە { بە موڵک بیداتە خۆی و نەوەکانی لەدوای خۆی}، هێشتا کوڕیشی نەبوو. 6 خوداش ئاوای فەرموو: { وەچەکانت لە زەویەکی نامۆ دەبن کە هی خۆیان نییە، دەبنە بەندەیان و چوار سەد ساڵ دەیانچەوسێننەوە، 7 ئەو نەتەوەیەش حوکم دەدەم، کە وەک بەندە ڕاژەی دەکەن}، خودا فەرموویەتی: { پاش ئەوە دەردەچن و لەم شوێنە دەمپەرستن}. 8 پەیمانی خروسەبڕینیشی لەگەڵ بەست، جا ئسخەقی بوو، لە هەشت ڕۆژیدا خروسەبڕینی کرد. ئسخەقیش یاقووی بوو، یاقووش دوازدە باوکەکە. 9 باوکانیش ئیرەییان بە یۆسپ برد، فڕۆشتیانە میسڕ، بەڵام خودای لەگەڵ بوو، 10 لە هەموو تەنگانەکانی قورتاری کرد، لەبەردەم پڕعونی شای میسڕدا بەخشش و دانایی پێدا. ئەویش بەرپرسێتیی میسڕ و هەموو ماڵەکەی خۆیی پێدا.
11 “ئینجا برسێتی و تەنگانەیەکی مەزن بەسەر هەموو زەویی میسڕ و کەنعاندا هات، باوکانمان خواردنیان دەست نەدەکەوت. 12 کاتێک یاقوو بیستی لە میسڕدا گەنم هەیە، جاری یەکەم باوکانمانی نارد. 13 بۆ جاری دووەم یۆسپ بە برایانی ئاشنا بوو، بنەماڵەی یۆسپیش بۆ پڕعون ئاشکرا بوو. 14 ئیتر یۆسپ ناردی یاقووی باوکی بە هەموو کەسوکاریەوە بۆ میسڕ بانگکرد کە حەفتاو پێنج کەس بوون. 15 جا یاقوو بۆ میسڕ دابەزی و مرد، خۆی و باوکانمان، 16 ئینجا بۆ شەکیم گەڕاندیانەوە، لەو گۆڕە ناشتیان کە ئەوڕاهەم لە شەکیم بە بەهای زیو لە کوڕەکانی حەمۆریی کڕی. 17 ئەو کاتەی بەڵێنەکە نزیک دەبووەوە کە خودا بۆ ئەوڕاهەم سوێندی خواردبوو، گەل لە میسڕەدا پەرەیان دەسەند و زۆر دەبوون، 18 تاکو { شایەکی دیکە هات یۆسپی نەدەناسی}. 19 لەگەڵ نەژادەکەمان فێڵی کرد و خراپەی لەگەڵ باوکانمان کرد، ناچاری دەکردن منداڵە ساواکانیان دووربخەنەوە تاکو نەژین.
20 “لەو کاتەدا مووشێ لەدایکبوو. زۆر جوان بوو، سێ مانگ لە ماڵی باوکی بەخێوکرا. 21 کە دوور خرایەوە، کچی پڕعون هەڵیگرتەوە و کردییە کوڕی خۆی و بەخێوی کرد. 22 مووشێش لەنێو هەموو داناییی میسڕییەکان پەروەردەکرا، لە فەرموودە و کرداردا بەتوانا بوو. 23 کاتێک تەمەنی بووە چل ساڵ، هاتە سەر دڵی سەردانی براکانی بکات، نەوەی ئیسڕائیل. 24 یەکێکی بینی ستەمی لێدەکرێت، بەرگریی لێکرد و دادوەری بۆ ستەملێکراوەکەی کرد، میسڕییەکەی کوشت. 25 وایزانی برایانی تێدەگەن کە خودا لەسەر دەستی ئەو قورتاریان دەکات، بەڵام تێنەگەیشتن. 26ڕ ۆژی دووەم دەرکەوت و بینی شەریان دەکرد، هەوڵی دەدا ئاشتیان بکاتەوە، فەرمووی: پیاوینە، ئێوە بران، بۆچی ستەم لە یەکتری دەکەن؟ 27 ئەوەی ستەمی لە نزیکەکەی دەکرد، پاڵێکی پێوە نا، وتی: { کێ کردوویتی بە سەرۆک و دادوەر بەسەرمان؟ 28 دەتەوێت بمکوژیت وەک دوێنی میسڕییەکەت کوشت؟} 29 مووشێش بەهۆی ئەو قسەیەوە هەڵات، لە زەویی میدیان بووە بێگانە، لەوێ دوو کوڕی بوو.
30 “کاتێک چل ساڵ تەواو بوو، { فریشتەی خوداوەند لە دەشتودەری شاخی سینەی لەنێو دەوەنێکی گڕگرتووی ئاگردا بۆی دیارکەوت}. 31 مووشێش ئەمەی بینی و لە دیمەنەکە سەرسام بوو. کە هاتە پێش تاکو تەماشا بکات، دەنگی پەروەردگاری بۆ هات: 32 { خۆمم خوداوەندی باوکانت، خوداوەندی ئەوڕاهەم و خوداوەندی ئیسخەق و خوداوەندی یاقوو}. مووشێ لەرز گرتی و نەیوێرا تەماشا بکات. 33 { پەروەردگار پێی فەرموو: سۆلەکانی پێت دابکەنە، چونکە ئەم شوێنەی لەسەری وەستاویت زەوییەکی پارسایە. 34 من نەهامەتیی گەلەکەم لە میسڕ بینی و نرکەیانم بیست، دابەزیم تاکو قورتاریان بکەم. ئێستاش وەرە، دەتنێرمە میسڕ}.
35 “ئەمە مووشێیە کە ڕەتیان کردەوە، وتیان: { کێ کردوویەتی بە سەرۆک و دادوەر بەسەرمان؟} ئەمە بوو خودا وەک سەرۆک و قوربانیدەر بە دەستی ئەو فریشتەیە ناردی کە لە دەوەنەکەدا بۆی دیارکەوت. 36 ئەم دەریهێنان، لە ماوەی چل ساڵدا پەرجو و نیشانەی لە خەڵکی میسڕ و دەریای سوور و دەشتودەریش کرد.
37 “ئەمە ئەو مووشێیە کە بە نەوەی ئیسڕائیلی فەرموو: { خودا لەنێو برایانتان پێغەمبەرێکی وەکو منتان بۆ پەیدا دەکات، گوێی لێبگرن}. 38 هەر ئەویش بوو لە وارگە و لە دەرشتودەردا بوو، لەگەڵ ئەو فریشتەیەی لە شاخی سینەی قسەی لەگەڵ دەفەرموو، لەگەڵ باوکانیشمان. ئەوەی فەرموودە زیندووەکانی وەرگرت تاکو بمانداتێ. 39 کە باوکانمان نەیانویست گوێڕایەڵی بن، بەڵکو ڕەتیانکردەوە و دڵیان بۆ میسڕ دەگەڕایەوە 40 بە هاڕونیان وت: { خوداوەندێکمان بۆ دروست بکە لە پێشمانەوە بێت، چونکە ئەم مووشێیەی کە لە زەویی میسڕەوە دەریهێناین نازانین چی لێهات!}. 41 لەو ڕۆژانەدا گۆێرەکەیەکیان دروست کرد و سەربڕاویان بۆ بتەکە بەرز کردەوە، بە دەستکردی خۆیان دڵخۆش بوون. 42 خوداش ڕووی لێوەرگێڕان و وازی لێهێنان ئەستێرەکانی ئاسمان بپەرستن، وەک لە سیپارەی پێغەمبەراندا نووسراوە: { ماڵی ئیسرائیل، بە درێژایی چل ساڵ لە دەشتودەر سەربڕاو و قوربانیی سەربڕاوتان بۆم کرد؟ 43 نەخێر، بەڵکو ڕەشماڵی مۆلۆخ و ئەستێرەی ڕەمفانی خوداوەندتان هەڵگرت، ئەو پەیکەرانەی دروستتان کرد تاکو کڕنۆشی بۆ ببەن. بۆیە بۆ دوورتر لە باڤل دوورتان دەخەمەوە}.
44 “ڕەشماڵی گەواهیدانیش لە دەشتودەردا لەگەڵ باوکانمان بوو، هەروەک ئەوەی لەگەڵ مووشێ دووا فەرمانی پێ کرد لەسەر ئەو نموونەیە دروستی بکات کە بینیویەتی، 45 جا باوکانمان نشینگەکەیان وەرگرت، لەگەڵ یەشوع بردیانە نێو موڵکی ئەو گەلانەی خودا لەبەردەمی باوکانمان قاویدان تا ڕۆژانی داوید 46 ئەوەی لەبەردەم خودا بەخششی بەدەستهێنا، هەوڵیشی دا نشینگەیەک بۆ خوداوەندی یاقوو دروست بکات. 47 بەڵام شلیمون بوو کە خانەیەکی بۆ دروستکرد. 48 بەڵام باڵا لەخانەی دەستکرد نیشتەجێ نابێت، وەک پێغەمەبەرەکە فەرموویەتی: 49 { ئاسمان تەختێکە بۆم، زەویش تەختەپێمە. چ خانەیەکم بۆ بنیاد دەنێن؟ پەروەردگار دەفەرمووێت، کوانێ شوێنی سرەوتنم؟ 50 ئایا دەستم هەموو ئەم شتانە دروست نەکردووە؟}.
51 “کەللەڕەقان، دڵ و گوێ خروسەنەبڕاوان! ئێوە هەمیشە بەرەنگاریی گیانی پارسا دەکەن! باوکانتان چۆن بوون، ئێوەش ئاوان! 52 باوکانتان چ پێغەمبەرێکیان نەچەوساندووەتەوە؟ ئەوانیش کوشت کە پێشتر باسی هاتنی چاکخوازەکەیان دەکرد، ئەوەی ئێستا ئێوە بوون بە ڕادەستتکار و بکوژی، 53 کە شەریعەتتان بە ڕێنمایی فریشتەکان وەرگرت و پەیڕەوتان نەکرد”.
54 کاتێک ئەمەیان بیست، دڵیان پڕبوو لە کینە و ددانیان لێی جیڕکردەوە. 55 بەڵام ئەو پڕبووبوو لە گیانی پارسا، چاوی هەڵبڕییە ئاسمان، شکۆی خودای بینی و ئیشۆعیش لەلای ڕاستی خودا وەستابوو. 56 وتی: “ئەوەتا دەبینم ئاسمان واڵایە و ڕۆڵەی مرۆڤیش لەلای ڕاستی خودا ڕاوەستاوە”. 57 بە دەنگێکی مەزن هاواریان کرد و گوێی خۆیان داخست، پێکەوە پەلاماریان دا، 58 بردییانە دەرەوەی شار و بەردبارانیان کرد. گەواهیدەرەکانیش جلەکانیان لەبەر قاچی گەنجێک داکەند ناوی شاوول بوو. 59 کاتێک ئستیفانۆسیان بەردباران دەکرد، نزای دەکرد، دەیوت: “ئیشۆعی پەروەردگار، گیانم وەربگرە!”. 60 ئینجا چۆکی دادا، بە دەنگێکی مەزن هاواریکرد: “پەروەردگار، ئەم تاوانەیان لەسەر مەنووسە”. ئەمەی وت و نووست.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

كردار بەندی حەوتەم: PNTZS

بەرچاوکردن

لەبەرگرتنەوە

بەراوردکردن

هاوبەشی بکە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە