كردار بەندی هەشتەم
بەندی هەشتەم
1 شاوول بە کوشتنی ئستیفانۆس ڕەزامەند بوو. لەو ڕۆژەدا چەوساندنەوەیەکی توند هاتە سەر وارگە لە یروشلایم، هەموو بە دەڤەرەکانی ئیهوودا و شمرندا پەرتەوازە بوون، بێجگەلە پەیامبەران. 2 هەندێک پیاوی خوداترس ئستیفانۆسیان هەڵگرت و پرسەیەکی مەزنیان بۆ دانا. 3 بەڵام شاوول هەڵدەکوتایە سەر وارگە، دەچووە نێو ماڵان، پاو و ژنی ڕادەکێشا و ڕادەستی زیندانیان دەکردن.
4 ئەوانەی پەرتەوازە بووبوون دەگەڕان، موژدەی فەرمایشتەکەیان دەدا. 5 پیلیپوس شۆڕبووەوە شارێکی شمرنی، مەسیحەکەی بۆ ڕادەگەیاندن. 6 کۆمەڵانەکەش بە یەک ناخ گوێیان لەوە دەگرت کە پیلیپوس دەیوت، کاتێک ئەو نیشانانەیان دەبیست و دەبینی کە دەیکرد، 7 گیانی گڵاویش لە زۆر کەس لەوانەی لەنێویاندا بوو بە دەنگی مەزن هاورایان دەکرد و دەردەچوون. زۆر گۆج و شەلیش ساغ بوونەوە. 8 جا خۆشییەکی مەزن ئەو شارەی گرتەوە.
9 پێشتر لە شارەکە پیاوێک هەبوو ناوی سیمۆن بوو، جادووی دەکرد و گەلی شمرنی سەرسام کردبوو، دەیوت: من شتێکی مەزنم! 10 گەورە و بچووک هەمووی شوێنی دەکەوتن، دەیانوت: “ئەمەیە هێزی مەزنی خودا”. 11 شوێنی دەکەوتن، چونکە ماوەیەکی زۆر بوو بە جادووەکەی سەرسامی کردبوون. 12 بەڵام کاتێک پیلیپوس موژدەی دەربارەی شانشینی خودا و ناوی ئیشۆعی مەسیحی پێدان، بڕوایان کرد، پیاو و ژنیش عەمادکران. 13 سیمۆنیش بەخۆی باوەڕی هێنا. کاتێک عەمادکرا شوێنی پیلیوس کەوت، نیشانە و پەرجوی گەورەی دەبینی دەکرا، سەرسام بوو.
14 کاتێک پەیامبەران لە یروشلایم بیستیان شمرن فەرمایشتی خودای پەسەند کردووە، پەتڕۆس و یوخەننەنیان بۆ ناردن، 15 کاتێک هاتن، نوێژیان لەپێناو کردن تاکو گیانی پارسا وەربگرن، 16 چونکە هێشتا نەهاتبووە سەر کەسیان، بەڵام بەناوی ئیشۆعی پەروەردگار عەمادکرابوون. 17 ئەوکات دەستیان لەسەر دانان و گیانی پارسایان وەرگرت. 18 کاتێک سیمۆن بینی بە دەستدانانی پەیامبەران گیانی پارسا دەدرێت، پارەی پێشکەش کردن، 19 وتی: “ئەو دەسەڵاتە بە منیش بدەن، تاکو دەست لەسەر هەرکەسێک دابنێم گیانی پارسا وەربگرێت”. 20 پەتڕۆس پێی فەرموو: “با زیوەکەت لەگەڵ خۆت بفەوتێت، چونکە واتزانی بەهرەی خودا بە پارە دەکڕیت! 21 لەم دۆزەدا نە بەشت هەیە، نە پشک، چونکە دڵت بەرامبەر خودا ڕاست نییە. 22 لەم بەدکاریەت تۆبەبکە و لە پەروەردگار بپاڕێوە بەشکو لە هزری دڵت خۆشبێت، 23 چونکە دەتبینم لە تاڵی تاڵاو و بەندی ستەمدایت”. 24 سیمون وەڵامی دایەوە، وتی: “ئێوە لەپێناوم داوا لە پەروەردگار بکەن، تاکو هیچ شتێک لەوەی باستان کرد بەسەرمدا نەیەت”. 25 ئینجا پاش ئەوەی گەواهییان دا و بە فەرمایشتی پەروەردگار دەدووان، گەڕانەوە یروشلایم و موژدەیان دایە زۆر گوندی شمرنی.
26 ئینجا فریشتەی پەروەردگار لەگەڵ پیلیپوس دووا، فەرمووی: “هەستە، بەرەو باشوور بڕۆ، لەسەر ئەو ڕێگایەی لە یروشلایمەوە بۆ غەزە شۆڕ دەبێتەوە، کە دەشتودەرە”. 27 ئەویش هەستا و ڕۆیشت. پیاوێکی یەختەی حەبەشی، شالیاری هەموو گەنجینەکانی کنداکەی شاژنی حەبەشە بوو. بۆ کڕنۆشبردن هاتبووە یروشلایم. 28 لە گەڕانەوەدابوو، لەنێو گالیسکەکەی دانیشتبوو، پێغەمبەر ئێشەعیای دەخوێندەوە. 29 گیانەکە بە پیلیپوسی فەرموو: “بڕۆ پێش، هاوڵی ئەم گالیسکەیە بە”. 30 پیلیپوس پەلەی کرد، بیستی پێغەمبەر ئێشەعیا دەخوێنێنەوە. فەرمووی: “ئەوەی دەیخوێنیتەوە تێیدەگەیت؟”. 31 وتی: “چۆن بتوانم ئەگەر یەکێک ڕێبەرایەتیم نەکات؟”. پیلیپوسی بانگکرد سەربکەوێت و لەگەڵی دانیشێت. 32 ئەو بڕگەیەی سیپارەکە کە دەیخوێنەوە ئەمە بوو: { وەک کاوڕ بۆ سەربڕین درایەبەر، وەک بەرخێکی بێدەنگ لەبەردەست ئەوانەی خوریی لێدەبڕنەوە، ئاوا زاری نەکردەوە. 33 لە خاکساریی خۆی بوو، مافی لێزەوت کرا، نەوەکانی کێ باسیان بکات؟ چونکە ژیانی لە زەوی هەڵگیرا}. 34 یەختەکە لە پیلیوسی پرسی، وتی: “داوات لێدەکەم: ئەم پێغەمبەرە باسی کێ دەکات؟ باسی خۆی یان یەکێکی دیکە؟”. 35 پیلیپوس زاری کردەوە، لەم سیپارەیەوە دەستی پێکرد موژدەی ئیشۆعی پێدا.
36 کاتێک بەڕێگاوە بوون، گەیشتنە سەر ئاوێک، یەختەکە وتی: “ئەمە ئاوە. چی ڕێم لێدەگرێت عەماد بکرێم؟”. 37 پیلیپوس فەرمووی: “ئەگەر بە هەموو دڵتەوە باوەڕ بهێنێت، دەبێت”. وەڵامی دایەوە، وتی: “باوەڕ دەهێنم کە ئیشۆعی مەسیح ڕۆڵەی خودایە”. 38 فەرمانی دا گالیسکەکە ڕاوەستێت، هەردوکیان دابەزینە نێو ئاوەکە، پیلیپوس یەختەکەی عەمادکرد. 39 کاتێک لە ئاوەکە سەرکەوتن، گیانی پەروەردگار پیلیپوسی ڕفاند، ئیتر یەختەکە نەیبینییەوە، بە خۆشییەوە بەڕێگای خۆیدا ڕۆیشت. 40 پیلیپوس لە ئەشدود بینرایەوە. دواتر بە هەموو شارەکاندا دەگەڕا، موژدەی دەدا تاکو گەیشتە قەیسەڕییە.
دیاریکراوەکانی ئێستا:
كردار بەندی هەشتەم: PNTZS
بەرچاوکردن
لەبەرگرتنەوە
بەراوردکردن
هاوبەشی بکە
دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە
© Bible Society in Lebanon (2018)
کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٨