كردار بەندی شەشەم
بەندی شەشەم
1 لەو ڕۆژانەدا کە قوتابییەکان زۆر دەبوون، یۆنانییەکان بۆڵەبۆڵیان لەسەر عیبڕانییەکان کرد کە بێوەژنەکانیان لە ڕاژەی ڕۆژانە پشتگوێدەخرێن. 2 بۆیە دوازدەکە جەماوەری قوتابییەکانیان بانگکرد، فەرموویان: “باش نییە واز لە فەرمایشتی خودا بهێنن و ڕاژەی خوانەکان بکەین. 3 برایان، لەنێو خۆتاندا حەوت پیاو هەڵبژێرن کە ناوبانگیان باش بێت و پڕبن لە گیانی پارسا و دانایی، تاکو لەسەر ئەم ئەرکە دایانبنێین. 4 ئێمەش بەردەوام دەبین لەسەر نوێژکردن و ڕاژەی فەرمایشتی خودا”. 5 هەموو جەماوەرەکە ئەم قسەیان پێ باش بوو، جا ئستیفانۆسیان هەڵبژارد، کە پیاوێکی پڕ لە باوەڕ و گیانی پارسا بوو، لەگەڵ پیلیپوس و پروخۆرس و نیکانۆر و تیمۆن و پەرمیناس و نیقالیئۆسی ئەنتاکی کە بووبووە جوو. 6 لەپێش پەیامبەرانیان ڕاگرتن، نوێژیانکرد و دەستیان لەسەر دانان. 7 فەرمایشتی خودا گەشەی دەکرد، ژمارەی قوتابییەکانیش لە یروشلایمدا زۆر زیاتر دەبوو، جەماوەرێکی زۆر لە کاهینانیش گوێڕایەڵی باوەڕە بوون. 8 ئستیفانۆس کە پڕ لە باوەڕ و هێز بوو، نیشانە و پەرجوی مەزنی لەنێو گەلدا دەکرد.
9 جا هەندێک لەوانەی لەو کەنیشتەن کە پێی دەوترا کەنیشتی لیبریتینییەکان و قەورینێیەکان و ئەسکەندەرییەکان و ئەوانەی لە قیلیقیا و ئاسیادان، هەستان، گفتوگۆیان لەگەڵ ئستیفانۆس کرد. 10 بەڵام نەیانتوانی بەربەرەکانێی ئەو دانایی و گیانە بکەن کە پێی دەدووا. 11 ئەوکات پیاوی تەڵەکەبازیان هاندا تاکو بڵێن: “خۆمان بیستمان سەبارەت بە مووشێ و خودا کفری دەکرد”. 12 گەل و پیران و شەریعەتزانەکانیان جۆش دا، هاتنە سەری و ڕفاندیان، بۆ سەنهەدریمیان هێنا. 13 گەواهیدەری درۆزنیان دانا، دەیانوت: “ئەم پیاوە وەستانی نییە لە کفرکردن دژ بە ئەم شوێنە پارسایە و شەریعەت، 14 چونکە بیستمان دەیوت: کە ئیشۆعی ناسڕەتی ئەم شوێنە دەڕووخێنێت و ئەو نەریتانە دەگۆڕێت کە مووشێ ڕادەستی کردووین”. 15 جا هەموو ئەوانەی لە سەنهەدریم دانیشتبوون، چاویان تێبڕی، بینییان ڕووی وەک ڕووی فریشتە وایە.
دیاریکراوەکانی ئێستا:
كردار بەندی شەشەم: PNTZS
بەرچاوکردن
لەبەرگرتنەوە
بەراوردکردن
هاوبەشی بکە
دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە
© Bible Society in Lebanon (2018)
کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٨