لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

كردار بەندی پێنجەم

بەندی پێنجەم
1 پیاوێک ناوی خەنەنیا بوو، لەگەڵ سەفیرەی ژنی موڵکێکی فڕۆشت. 2 بە ئاگاداریی ژنەکەی بەشێک لە نرخەکەی شاردەوە، بەشێکی هێنا، لەبەر قاچی پەیامبەران داینا. 3 پەتڕۆس فەرمووی: “خەنەنیا، بۆچی ئەهریمەن دڵی پڕکردوویت، تاکو درۆ لەگەڵ گیانی پارسا بکەیت و لە نرخی زەوییەکە بەشێکی بشاریتەوە؟ 4 ئەگەر بمایە بۆ خۆت نەدەمایەوە؟ کە فڕۆشراش هەر لە دەسەڵاتی خۆت نەبوو؟ ئیتر بۆچی ئەم کارەت خستە دڵت؟ تۆ درۆت لەگەڵ خەڵک نەکرد، بەڵکو لەگەڵ خودا”. 5 کاتێک خەنەنیا ئەم فەرموودەیەی بیست، کەوت و مرد. هەموو ئەوانەی ئەمەیان بیست سامێکی مەزنیان لێنیشت. 6 گەنجانیش هەستان و کفنیان کرد، هەڵیانگرت بۆ دەرەوە و ناشتیان.
7 پاش نزیکەی سێ کاژێر، ژنەکەی هاتەژوورەوە، نەیدەزانی چی ڕوویداوە. 8 پەتڕۆس لێی پرسی: “پێم بڵێ: کێڵگەکەتان بەم بڕە فڕۆشت؟”. وتی: “بەڵێ، بەم بڕە”. 9 پەتڕۆس پێی فەرموو: “بۆچی ڕێککەوتن گیانی پەروەردگار تاقی بکەنەوە؟ ئەوەتا ئەوانەی مێردەکەتیان ناشت، قاچیان لەبەر دەرگایە، تۆش هەڵدەگرنە دەرەوە”. 10 یەکسەر لەبەر قاچی کەوت و مرد. کاتێک گەنجەکان هاتنە ژوورەوە و بینییان مردووە، هەڵیانگرتە دەرەوە، لەتەنیشت مێردەکەی ناشتیان. 11 سامێکی مەزن هاتە سەر هەموو وارگە و هەموو ئەوانەی ئەمەیان بیست.
12 لەسەر دەستی پەیامبەران زۆر نیشانە و پەرجو لەنێو گەلدا کرا. هەمووان بەیەک ناخ بوون لە هەیوانی شلیموندا. 13 ئەوانی دیکە کەسیان نەیدەوێرا تخوونیان بکەون، بەڵام گەل زۆر بەمەزنیان دەزانی. 14 باوەڕدارانی زیاتر دەهاتنە پاڵ پەروەردگار، جەماوەری پیاو و ئافرەت، 15 تەنانەت نەخۆشیان دەبردە دەرەوە لەسەر شەقام لەسەر جێگا و نوێن دایاندەنان، بەشکو ئەگەر پەتڕۆس هات، سێبەرەکەی بکەوێتە سەر هەندێکیان. 16 جەماوەری شارەکانی دەروەبەری یروشلایمیش کۆ بووبوونەوە، نەخۆش و ئەوانەیان هەڵگرتبوو کە بەدەست گیانی گڵاو ئەشکەنجە دەدران، جا هەموویان ساغ دەبوونەوە.
17 کاهینی باڵا و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بوون لە کۆمەڵی زادوقی هەستان و پڕبوون لە ئیرەیی، 18 پەیامبەرانیان گرت و فڕێیاندانە زیندانی گشتییەوە. 19 بەڵام فریشتەی پەوەردگار لە شەودا دەرگاکانی زیندانەکەی کردەوە، بردنیە دەرەوە، فەرمووی: 20 “بڕۆن بۆ پەرستگە و ڕاوەستن، تەواوی پەیامی ئەم ژیانە بە خەڵک بڵێن”. 21 کە بیستیان، دەمەوبەیان چوونە پەرەستگە، دەستیان کرد بە ئامۆژگاری. ئینجا کاهینی باڵا و ئەوانەی لەگەڵی بوون هاتن، سەنهەدریم و هەموو پیرانی نەوەی ئیسڕائیلیان بانگکرد و ناردیان لە زیندان بیانهێنن. 22 بەڵام کە پاسەوانەکان هاتن، لە زیندان نەیاندۆزینەوە، گەڕانەوە و هەواڵیان دا، وتیان: 23 “زیندانەکەمان بینی بە باشی داخرابوو، پاسەوانیش لەبەردەرگاکان ڕاوەستابوون، بەڵام کاتێک کردمانەوە کەسمان لەنێویدا نەبینی”.
24 کاتێک کاهین و سەرۆکی سەربازانی پەرستگە و کاهینانی باڵا ئەم قسانەیان بیست، لێیان سەرگەردان بوون: دەبێت ئەمە بگاتە چی؟ 25 ئینجا یەکێک هات هەواڵی پێدان، وتی: “ئەوەتا ئەو پیاوانەی فڕێتاندانە زیندان، وا لە پەرستگەدا ڕاوەستاون و ئامۆژگاریی گەل دەکەن!”. 26 ئەوکات سەرۆکی سەربازان و ڕاژەوانان ڕۆیشتن، بێ توندوتیژی پەیامبەرانیان هێنا، چونکە لە گەل دەترسان نەوەک بەردباران بکرێن. 27 کاتێک هێنایانن لەبەردەم سەنهەدریمدا ڕایانگرتن. کاهینی باڵا لێی پرسین، 28 وتی: “بە توندی فەرمانمان پێنەکردن کە خەڵک بەم ناوە ئامۆژگاری نەکەن؟ ئەوەتا یروشلایمتان لە ئامۆژگارییەکانتان پڕ کردووە و دەتانەوێت خوێنی ئەو مرۆڤە بخەنە ئەستۆمان”. 29 پەتڕۆس و پەیامبەران وەڵامیان دایەوە، فەرموویان: “دەبێت خودا لە خەڵک زیاتر گوێڕایەڵی بکرێت. 30 خوداوەندی باوکانمان ئیشۆعی هەستاندەوە، ئەوەی بە هەڵواسینی لەسەر چێوە کوشتتان. 31 خودا ئەمی وەک سەرۆک و ڕزگاریدە بە دەستەڕاستی خۆی بەرزی کردەوە، تاکو تۆبەکردن و لێخۆشبوونی تاوان بە ئیسڕائیل ببەخشێت. 32 ئێمە گەواهیدەری ئەم دۆزانەین، هەروەها گیانی پارساش، ئەوەی خودا بەخشیویەتییە ئەوانەی گوێڕایەڵن بۆی”.
33 کاتێک گوێیان لێبوو قینیان هەستا، ڕاوێژیان کرد تا بیانکوژن. 34 بەڵام پەڕیشییەک ناوی گەملیئێل بوو، ڕابییەکی تەوارت و ڕێزدار بوو لەلای هەموو گەل، لە سەنهەدریم هەستا، فەرمانی دا بۆ ماوەیەکی کەم پەیامبەران ببردرێنە دەرەوە. 35 ئینجا پێی وتن: “پیاوانی ئیسرائیل، ئاگاداری خۆتان بن لەوەی بەتەمان بەم خەڵکەی بکەن. 36 چونکە پێش ئەم ڕۆژانە توداس هەستا، خۆی بە شتێک دادەنا، نزیکەی چوار سەد پیاو لێی کۆبوونەوە، بەڵام کوژرا و هەموو ئەوانەی شوێنی کەوتبوون پەرت بوون، بوون بە هیچ. 37 پاش ئەمەش لە ڕۆژانی ناونووسینەکەدا ئیهوودای گلیلایی هەستا، جەاوەرێکی زۆری بەدوای خۆیدا لەخشتەبرد، ئەویش فەوتا، هەموو ئەوانەی شوێنی کەوتبوون پەرتەوازە بوون. 38 ئێستاش پێتان دەڵێم: لەم خەڵکە دوور بکەونەوە و لێیانگەڕێن! چونکە ئەگەر ئەم ئەندێشەیە یاخود ئەم کارە لە خەڵکەوە بێت، ئەوا هەڵدەوشێتەوە، 39 ئەگەریش لە خوداوە بێت، ناتوانن هەڵیبوەشێننەوە، ئەگینا خۆتان دەبیننەوە دژی خودا دەجەنگن”. 40 جا بەقسەیان کرد. پەیامبەرانیان بانگکرد و قامچییان لێدان، ڕایانسپاردن بەناوی ئیشۆع نەدوێن، ئینجا ئازادیان کردن.
41 بەڵام ئەوان بە خۆشییەوە لەبەردەم سەنهەدریم ڕۆیشتن، چونکە وا دانران شایانی ئەوە بن لەپێناوی ناوی ئەو سووکایەتییان پێبکرێت. 42 ئیتر هەموو ڕۆژێک بەردەوام لە پەرستگە و لە ماڵاندا، ئامۆژگارییان دەکرد و موژدەی ئیشۆعی مەسیحیان دەدا.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

كردار بەندی پێنجەم: PNTZS

بەرچاوکردن

لەبەرگرتنەوە

بەراوردکردن

هاوبەشی بکە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە