كردار بەندی چوارەم
بەندی چوارەم
1 کاتێک وتاریان بۆ گەل دەفەرموو، کاهینان و سەرۆکی سەربازانی پەرستگە و زادوقییەکان هاتنە لایان، 2 بێزار بوون چونکە ئامۆژگاریی گەلیان دەکرد و لە بانگەوازیان بە هەستانەوە ئیشۆع لەنێو مردوواندا. 3 بۆیە گرتیانن و تا بەیانی لە زیندانیان کردن، چونکە دەمەو ئێوارە بوو. 4 زۆر لەوانەی فەرموودەکانیان بیست باوەڕیان هێنا، ژمارەی پیاوان گەیشتە نزیکەی پێنج هەزار.
5 بۆ سبەینێ پێشەوایان و پیران و شەریعەتزانەکانیان لە یروشلایم کۆ بوونەوە 6 لەگەڵ خەننەن کاهینی باڵا و قەیاپا و یوخەننەن و ئەسکەندەر و هەموو ئەوانەی لە تیرەی کاهینانی باڵا بوون. 7 کاتێک لە ناوەڕاست ڕایانگرتن، لێیان پرسین: “بە چ هێزێک و بە چ ناوێک ئەمەتان کرد؟”. 8 ئەوکات پەتڕۆس پڕبوو لە گیانی پارسا و پێی فەرموون: “پێشەوایانی گەل و پیرانی ئیسڕائیل، 9 ئەگەر ئەمڕۆ لەسەر چاکەیەک بۆ کابرایەکی پەککەوتە کراوە لێکۆڵینەوەمان لەگەڵ دەکرێت، بەچی ساغ بووەتەوە، 10 لەلای هەمووتان و هەموو گەلی ئیسڕائیل زانراو بێت، بەناوی ئیشۆعی مەسیحی ناسڕەتی، ئەوەی ئێوە لەخاچتان دا، ئەوەی خودا لەنێو مردوواندا هەستاندیەوە، ئەم کابرایە بەو لەشساغییە لەبەردەمتان ڕاوەستاوە. 11 ئەمەیە { ئەو بەردە کە ئێوەی بنیادنەران سووکایەتیتان پێکرد، ئەوەی بوو بە بەردی بناغە}. 12 بێجگەلەو، ڕزگاربوون نییە. چونکە ناوێکی دیکە لەژێر ئاسماندا نییە لەنێو خەڵکدا درابێت، دەبێت پێی ڕزگار بین”.
13 کاتێک ئاشکراییی پەتڕۆس و یوخەننەنیان بینی و زانییان کەسانێکی بێ زانین و سادەن، سەرسام بوون. زانییان لەگەڵ ئیشۆع بوونە. 14 بەڵام کە ئەو مرۆڤەیان بینی لەگەڵیان ڕاوەستابوو، ئەوەی ساغ بووەوە، هیچیان نەبوو وەڵامی بدەنەوە. 15 فەرمانیان پێدان لە سەنهەدریم بڕۆنە دەرەوە، لەنێو خۆیاندا پیلانیان گێڕا، وتیان: 16 “چی لەم دوو پیاوە بکەین؟ چونکە بۆ هەموو دانیشتوانی یروشلایم دیارە کە پەرجوێکی بەرچاو لەسەر دەستیان کراوە، ناشتوانین نکۆڵی بکەین. 17 بەڵام نەوەک زیاتر لەنێو گەل بڵاو بێتەوە، با هەڕەشەیان لێبکەین ئیتر لەلای خەڵک باسی ئەم ناوە نەکەن”. 18 ئینجا بانگیان کردن و ڕایانسپاردن کە هەرگیز زار نەکەنەوە و بەناوی ئیشۆع ئامۆژگاری نەکەن.
19 پەتڕۆس و یوخەننەنیش وەڵامیان دانەوە، فەرموویان: “ئەگەر ڕاستە لەبەردەم خودا گوێتان لێبگرین زیاتر لە خودا، خۆتان حوکم بدەن. 20 چونکە ئەوەی ئێمە بینیومانە و بیستوومانە ناتوانین باسی نەکەین”. 21 پاش هەڕەشەکردن بەریاندان، لەبەر خەڵکەکە نەیانتوانی بەهیچ شێوەیەک سزایان بدەن، چونکە هەمووان خودایان شکۆدار دەکرد لەبەر ئەوەی ڕوویدابوو. 22 چونکە ئەو مرۆڤە وا ئەم پەرجوەی ساغ بوونەوەی بەسەرهاتبوو، لە چڵ ساڵ زیاتر بوو.
23 کە بەربوون، هاتنە لای هاوڵەکانیان، هەموو ئەوانەی کاهینانی باڵا و پیران پێیان وتبوون بۆیان گێڕانەوە. 24 کە ئەمەیان بیست، بە یەک ناخ دەنگیان بۆ خودا بەرز کردەوە، فەرموویان: “گەروە، تۆیت خوداوەندی دروستکاری ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەوانەی تیایاندایە. 25 لەسەر زاری داویدی ڕاژەوانت فەرمووت: { بۆچی نەتەوەکان ورووژاون و گەلان ئەندێشەی ناڕەوا دەکەن؟ 26 شایانی زەوی هەستان، سەرۆکەکان پێکەوە کۆ بوونەوە دژی پەروەردگار و مەسیحەکەی}. 27 چونکە بەڕاستی هیڕوودس و پیڵاتوسی پونتی لەگەڵ نەتەوە و گەلانی ئیسڕائیل یەکیان گرت دژی ئیشۆع، ڕاژەوانە پارساکەت، ئەوەی دەستنیشانت کرد، 28 تاکو هەرچی لە پێشدا دەست و خواستت نەخشەی کێشابوون بیکەن. 29 ئێستاش پەروەردگار، بڕوانە هەڕەشەکانیان، بە بەندەکانت ببەخشە کە بەوپەڕی ئاشکرایی بە فەرموودەکانت بدوێن، 30 بە دەستبردنت بۆ ساغ بوونەوە و نیشانە و پەرجو بەناوی ئیشۆع ڕاژەوانە پارساکەتەوە بکرێت”. 31 کاتێک نوێژیان دەکرد، ئەو شوێنەی تیایدا کۆ بووبوونەوە لەرزی و هەموو لە گیانی پارسا پڕ بوون، ئاشکرا بە فەرمایشتی خودا دەدووان.
32 جەماوەری باوەڕداران یەک دڵ و یەک ناخ بوون، کەس نەیدەوت ئەوەی هەیەتی هی خۆیە، بەڵکو هەموو شتێکیان هاوبەش بوو. 33 پەیامبەران بە هێزێکی مەزن گەواهیی هەستانەوەی ئیشۆعی پەروەردگاریان دەدا، بەخششێکی مەزنیش بەسەر هەموویانەوە بوو. 34 کەسی کەمدەستیان تێدا نەبوو، چونکە هەموو ئەوانەی خاوەن کێڵگە و ماڵ بوون دەیانفڕۆشت، پارەی فڕۆشەکەیان دەهێنا، 35 لەبەر قاچی پەیامبەران دایاندەنا، جا دابەش دەکرا هەریەک بەگوێرەی پێویستی. 36 یۆسپ، لیویەکی ڕەگەز قوبڕسییە، کە پەیامبەران پێیان دەوت بەرنڤا، واتا ڕۆڵەی ئامۆژگاری، 37 کێڵگەیەکی هەبوو، فڕۆشتی و پارەکەی هێنا، لەبەر قاچی پەیامبەران داینا.
دیاریکراوەکانی ئێستا:
كردار بەندی چوارەم: PNTZS
بەرچاوکردن
لەبەرگرتنەوە
بەراوردکردن
هاوبەشی بکە
دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە
© Bible Society in Lebanon (2018)
کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٨