لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

كردار بەندی سێیەم

بەندی سێیەم
1 لەکاتی نوێژی کاژێری سێ، پەتڕۆس و یوخەننەن سەرکەوتن بۆ پەرستگە. 2 پیاوێک بە زگماک شەل بوو، هەڵدەگیرا، ڕۆژانە بۆ داوای بەخشین لەوانەی دەهاتنە پەرستگە، لەبەردەم ئەو دەرگایەی پەرستگە دادەنرا کە پێی دەوترا (قەشەنگ). 3 پەتڕۆس و یوخەننەنی بینی بەتەمان بێنە نێو پەرستگە، داوای بەخشینی لێکردن. 4 پەتڕۆس لەگەڵ یوخەننەن تێیڕوانی، فەرمووی: “تەماشامان بکە!”. 5 ئەویش تێیڕوانین و چاوەڕێی دەکرد شتێکیان لێ وەربگرێت. 6 پەتڕۆس فەرمووی: “نە زێڕم هەیە نە زیو، بەڵام ئەوەی هەمە دەتدەمێ: بەناوی ئیشۆعی مەسیحی ناسڕەتییەوە، هەستە و ڕێبکە!”. 7 ئینجا دەستی ڕاستی گرت و هەڵیساندەوە، یەکسەر قاچ و پاژنەکانی توند بوونەوە، 8 هەڵبەزییەوە و ڕاوەستا و ڕێی کرد، لەگەڵیان چووە نێو پەرستگە، ڕێی دەکرد و بازی دەدا و ستایشی خودای دەکرد. 9 هەموو گەل بینییان ڕێدەکات و ستایشی خودا دەکات. 10 ناسییانەوە کە ئەوەیە بۆ بەخشین لەلای دەرگای قەشەنگی پەرستگە دادەنیشێت، پڕبوون لە سەرسامی و حەپەساوی لەوەی بەسەری هات.
11 کاتێک پیاوە شەلەکە وا ساغ بووەوە بە پەتڕۆس و یوخەننەنەوە لکابوو، هەموو گەل بە سەرسامییەوە ڕایانکردە لایان بۆ ئەو هەیوانەی کە پێی دەوترا (هەیوانی شلیمون). 12 کاتێک پەتڕۆس ئەمەی بینی، وەڵامی گەلەکەی دایەوە: “پیاوانی ئیسڕائیل، چیتانە لەمە سەرسام بوونە؟ بۆچی تێماندەڕوانن وەک ئەوەی بە توانا یان بە خواترسیمان وامان کردووە ئەمە ڕێبکات؟ 13 خوداوەندی ئەوڕاهەم و ئسخەق و یاقوو، خوداوەندی باوکانمان، ئیشۆعی ڕۆڵەکەی شکۆدار کرد، ئەوەی خۆتان ڕادەستتان کرد و لەبەردەم پیڵاتوس نکۆڵیتان لێکرد، کە بڕیاری دابوو بەریبدات. 14 بەڵام ئێوە نکۆڵیتان لە پارسا پێتاوانەکە کرد، داوای وەرگرتنەوەی پیاوێکی بکوژتان کرد. 15 سەرۆکی ژیانیشتان کوشت، ئەوەی خودا لەنێو مردوواندا هەستاندیەوە، ئێمەش گەواهیدەرین بۆ ئەوە. 16 بە باوەڕ بەناوی، ناوەکەی ئەم پیاوەی بەهێزکرد کە دەیبینن و دەیناسن، باوەڕیش کە لەڕێی ئەو لەبەردەم هەمووتان ئەم تەندروستییەی پێ دا.
17 “ئێستاش برایان، خۆم دەزانم بە نەزانی ئەوەتان کرد، هەروەک سەرۆکەکانیشتان. 18 بەڵام خودا پێشتر لەسەر زاری هەموو پێغەمبەرانیەوە ڕایگەیاند، کە مەسیح ئازار دەچێژێت، ئاوا هێنایەدی. 19 جا تۆبەبکەن و بگەڕێنەوە تاکو تاوانەکانتان بسڕێنەوە، تاکو لە ڕووی پەروەردگارەوە کاتی سرەوتنتان بێت. 20 ئیشۆعی مەسیحتان بۆ بنێرێتەوە کە پێشتر بۆتانی موژدەی دابوو. 21 ئەوەی دەبێت ئاسمان پەسەندی بکات، تاکو کاتی چاککردنەوەی هەموو شتێک، ئەوەی لە چاخە دێرینەکانەوە خودا لەسەر زاری هەموو پێغەمبەرە پارساکانی باسی فەرمووە. 22 مووشێ بە باوکانی فەرموو: { پەروەردگار خوداوەندتان لەنێو برایانتدا پێغەمبەرێکی وەک منتان بۆ پەیدا دەکات. لە هەموو ئەوەی پێتانی دەڵێت گوێی لێبگرن. 23 جا هەرکەسێک گوێ لەو پێغەمبەرە نەگرێت لەنێو گەل دەبڕدرێتەوە}. 24 هەموو پێغەمبەرانیش، لە شمووئێل بەدواوە، هەموو ئەوانەی قسەیان فەرمووە، پێشوەخت پێشبینیی ئەم ڕۆژانەیان کردووە. 25 ئێوە ڕۆڵەی پێغەمبەران و ئەو پەیمانەن کە خودا لەگەڵ باوکانماندا بەستی، بە ئەوڕاهەمی فەرموو: { بە نەوەی تۆ هەموو هۆزەکانی زەوی داڕشت دەکرێن}. 26 یەکەمجار خودا ئیشۆعی ڕۆڵەکەی بۆتانی بەدیهێناوە، ناردوویەتی تاکو داڕشتتان بکات بە گەڕانەوەی هەریەکەتان لە بەدکارییەکانی”.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

كردار بەندی سێیەم: PNTZS

بەرچاوکردن

لەبەرگرتنەوە

بەراوردکردن

هاوبەشی بکە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە