كردار بەندی دووەم
بەندی دووەم
1 کە ڕۆژی پەنجایەمین داهات، هەموو پێکەوە بەیەک ناخ بوون، 2 لەناکاو دەنگێک لە ئاسمانەوە بوو وەک هەڵکردنی ڕەشەبا، هەموو ماڵەی پڕکرد کە لەنێویدا دانیشتبوون، 3ئینجا چەند زمانێکی دابەشبوو وەک ئاگر بۆیان دیارکەوت، لەسەر هەریەکەیان نیشتەوە. 4 هەموویان پڕبوون لە گیانی پارسا، بە زمانەکانی دیکە قسەیان کرد، وەک گیان پێی بەخشین.
5 جووی خوداترسی هەموو نەتەوەکانی ژێر ئاسمان لە یروشلایم نیشتەجێ بووبوون. 6 کاتێک دەنگەکە هات، جەماوەر کۆ بوونەوە و سەرگەردان بوون، چونکە هەریەکەیان گوێی لە زمانی خۆی دەبوو پێی دەدووان. 7 هەمووان حەپەساو و سەرسام بوون بەیەکترییان وت: “هەموو ئەوانەی قسە دەفەرموون گلیلایی نین؟ 8 چۆن هەریەکەمان زمان خۆی دەبیستێت کە لێی لەدایکبووە؟ 9 ئێمەی پەرتیایی و میدیایی و ئیلامی، دانیشتووانی میسۆپۆتامیا و ئیهوودا و قاقودقیا و پونتس و ئاسیا و 10 پرۆگیا و پەمپۆلیا و میسڕ و دەڤەرەکانی لیبیا ڕووەو قەورێنێ و ڕۆماییە هاوردەکان و 11 جوو و بێگانە و قرێتێی و عەرەب، دەیانبیستین بە زمانی خۆمان باسی مەزنایەتییەکانی خودا دەفەرموون!”. 12 هەموو سەرگەردان و حەپەسا بوون، بە یەکترییان دەوت: “دەبێت ئەمە چی بێت؟”. 13 هەندێکی دیکە بە گاڵتەوە دەیانوت: “پڕ بوونە لەمەیی نوێی”.
14 پەتڕۆس لەگەڵ یازدەکە ڕاوەستا، دەنگی هەڵبڕی، پێی فەرموون: “پیاوانی جوو و گشت دانیشتوانی یروشلایم، ئەمەتان لا زانراو بێت و گوێ لە قسەکانم بگرن، 15 وەک بیردەکەنەوە ئەمانە سەرخۆش نین، چونکە کاژێری نۆی ڕۆژە. 16 بەڵکو لەڕێی پێغەمبەر یۆئیل وتراوە: 17 { خودا دەفەرمووێت: لەڕۆژانی پایاندا گیانم بەسەر هەموو ئادەمیزاداندا دەڕێژم، جا کوڕان و کچانتان پێشبینی دەکەن، گەنجانتان بینین دەبیننن، پیرەکانتان خەون دەبینن. 18 بەسەر بەندە و کەنیزەکانیشم، لەو ڕۆژانەدا لە گیانم دەڕێژم و پێشبینی دەکەن. 19 لە سەرەوە لە ئاسمان کاری سەیر و لەخوارەوە لەسەر زەوی پەرجو دەکەم: خوێن و ئاگر و هەڵمی دووکەڵ. 20 خۆر دەبێتە تاریکی، مانگیش دەبێتە خوێن، پێش ئەوەی ڕۆژی مەزن و بەناوبانگی پەروەردگار بێت. 21 جا کەسێک بەناوی پەروەردگارەوە بپاڕێتەوە، ڕزگاری دەبێت}.
22 “پیاوانی ئیسڕائیل، گوێ لەم قسانە بگرن: ئیشۆعی ناسڕەتی پیاوێکە بۆتان سەلمێندرا بە پەرجو و کاری سەیر و نیشانە کە خودا لەنێوتاندا لەسەر دەستی ئەنجامی دا، وەک خۆشتان دەزانن. 23 ئەم بە خواستی بڕیارلەسەردراو و زانینی پێشووی خودا ڕادەستتان کرد، بە دەستی خراپەکاران لەخاچتان دا و کوشتتان. 24 ئەوەی خودا هەستاندیەوە و لە ژانی مەرگ ئازادی کرد، چونکە نەدەکرا لە چنگیدا بمێنێتەوە. 25 چونکە داوید دەربارەی دەفەرمووێت: { هەردەم پەروەردگار لەبەردەمم دەبینی، ئەو لەلای ڕاستمەوەیە، تاکو نەهەژێم. 26 بۆیە دڵم شادمان و زمانم کامەران بوو. تەنانەت جەستەم لە هیوادا ئۆقرە دەگرێت. 27 چونکە ناخم لە کەنگەڵاندا بەجێناهێڵێت و ناهێڵێت پارساکەت بۆگەنی ببینێت. 28ڕ ێبازەکانی ژیانت پێناساندم، لەگەڵ ڕووی خۆت پڕ شادمانیم دەکەیت}. 29 هۆ برایان، ڕێگا دراوە بە ئاشکرا پێتان بڵێم کە داویدی سەرۆکی باوکمان مرد و نێژرا، گۆڕەکەشی تاکو ئەمڕۆ لەلامانە. 30 ئەو کە پێغەمبەر بوو، دەیزانی خودا بە سوێند، سوێندی بۆ خواردووە کە لە بەرهەمی پشتی بەگوێرەی جەستە مەسیح لەسەر تەختەکەی دادەنیشێت، 31 پێشوەخت بینی و باسی هەستانەوەی مەسیحی کرد، کە نە ناخی لە کەنگەڵاندا بەجێهێڵدرا، نە جەستەشی بۆگەنیی بینی. 32 ئەم ئیشۆعە خودا هاستاندیەوە، ئێمەش هەموومان گەواهیدەری ئەوەین، 33 کە دەستەڕاستی خودا بەرزکرایەوە، بەڵێنی گیانی پارسای لە باوکەوە وەرگرت، ئەمەی ڕژاند کە خۆتان دەیبینن و دەیبیستن. 34 چونکە داوید سەرنەکەوتە ئاسمانان، بەڵکو خۆی دەفەرمووێت: { پەروەردگار بە پەروەردگارمی فەرموو: لەلای ڕاستم دانیشە، 35تاکو دوژمنانت لە تەختەپێت دابنێم}. 36 جا با هەموو ماڵی ئیسڕائیل بە دڵنیاییەوە بزانن، ئەم ئیشۆعەی ئێوە لەختاچتان دا، خودا کردییە پەروەردگار و مەسیح”.
37 کاتێک گوێیان لێبوو، دڵیان کون بوو، بە پەتڕۆس و سەرجەم پەیامبەرانیان وت: “چی بکەین برایان؟”. 38 پەتڕۆس پێی فەرموون: “تۆبەبکەن، با هەریەکەتان بەناوی ئیشۆعی مەسیحەوە عەماد بکرێت بۆ لێخۆشبوونی تاوانەکانتان، جا بەخششی گیانی پارسا پەسەند بکەن. 39 چونکە بەڵێنەکە بۆ خۆتان و وەچەکانتانە و بۆ هەموو ئەوانەی دوورن، هەموو ئەوانەی کە پەروەردگار خوداوەندمان بانگیان دەکات”. 40 بە زۆر قسەی دیکەش گەواهیی بۆ دەدان و ئامۆژگاریی دەکردن، دەیفەرموو: “خۆتان لەم نەوە چەوتە دەرباز بکەن”. 41 جا بە خۆشییەوە فەرموودەکەیان پەسەند کرد و عەمادکران، لەو ڕۆژەدا نزیکەی سێ هەزار کەس هاتنە پاڵ.
42 پەیوەست بوون لەسەر ئامۆژگاری کردنی پەیامبەران و هاوبەشییەتی و لەتکردنی نان و نوێژکردن. 43 سام نیشتە نێو هەموو ناخێک. زۆر پەرجو و نیشانە لەسەر دەستی پەیامبەران دەکران. 44 باوەڕدراران هەموو پێکەوە بوون و لە هەموو شتێکیان هاوبەش بوون. 45 ماڵ و موڵکی خۆیان دەفڕۆشت، بەگوێرەی پێویستی هەریەکەیان دابەشیان دەکرد. 46ڕ ۆژانە بە یەک ناخ بەردەوام لە پەرستگە دەبوون. لە ماڵەکاندا نانیان لەت دەکرد، بە خۆشحاڵی و ساکاریی دڵ چێشتیان دەخوارد، 47 ستایشی خودایان دەکرد و لەلای هەموو خەڵک پەسەند بوون. پەروەردگاریش ڕۆژانە ئەوانەی دەهێنایە پاڵ وارگە کە ڕزگار دەبوون.
دیاریکراوەکانی ئێستا:
كردار بەندی دووەم: PNTZS
بەرچاوکردن
لەبەرگرتنەوە
بەراوردکردن
هاوبەشی بکە
دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە
© Bible Society in Lebanon (2018)
کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٨