كردار بەندی یەکەم
بەندی یەکەم
1 تیئۆپیلای پایەبەرز، لە وتەی یەکەممدا دەربارەی هەموو ئەوەی ئیشۆع دەستی پێکرد بیکات و ئامۆژگاریی بکات نووسیومە، 2 تاکو ئەو ڕۆژەی تێیدا بەرزبووەوە، پاش ئەوەی کە بە گیانی پارسا ئەو پەیامبەرانەی ڕاسپارد کە هەڵیبژاردن. 3 پاش ئازار چێژتنی بە بەڵگەی زۆر بە زیندوویی خۆیی نیشاندان، لە ماوەی چل ڕۆژ بۆیان دیارکەوت، سەبارەت بە شانشینی خودا بۆیان دووا. 4 کە لەگەڵیان کۆبووبووەوە، ڕایسپاردن: “یروشلایم جێمەهێڵن، بەڵکو چاوەڕێی بەڵێنەکەی باوک بکەن کە لێمەوە بیستتان، 5 چونکە یوخەننەن بە ئاو عەمادی کرد، بەڵام ئێوە پاش چەند ڕۆژێکی کەم بە گیانی پارسا عەماد دەکرێن”. 6 ئەوانەی کۆبووبوونەوە لێیان پرسی، وتیان: “پەروەردگار، لەم کاتەدا شانشینی بۆ ئیسڕائیل دەگەڕێتەوە؟”. 7 پێی فەرموون: “بۆتان نییە ئەو سەردەم و کاتەکان بزانن کە باوک لە دەسەڵاتی خۆی دایناون. 8 بەڵام کاتێک گیانی پارساتان دێتە سەر، هێزێک وەردەگرن، دەبنە گەواهیدەر بۆم، لە یروشلایم و هەموو ئیهوودا و شمرن، تاکو ئەوەپەڕی زەوی”.
9 کە ئەمەی فەرموو بەرزبووەوە و ئەوانیش تەماشایان دەکرد. هەورێک بردی لەبەرچاویان. 10 کە دەیانڕوانیە ئاسمان و ئەو دەڕدەپەڕی، دوو پیاو بە جلی سپییەوە لەلایانەوە ڕاوەستان، 11 وتیان: “پیاوە گلیلاییەکان، چیتانە ڕاوەستاون تەماشای ئاسمان دەکەن؟ ئەم ئیشۆعە کە لە نێوانتاندا بۆ ئاسمان بەرزبووەوە، چۆن بینیتان دەردەپەڕێتە ئاسمان، ئاواش دێتەوە”. 12 ئەوکات لەو کێوەی پێی دەوترا کێوی زەیتوون گەڕانەوە یروشلایم، کە بەقەد ڕێکردنێکی شەممە لە یروشلایمەوە نزیکبوو. 13 کاتێک چوونە ژوورەوە، سەرکەوتنە کەپشکانێک کە لەنێویدا دەمانەوە: پەتڕۆس و یاقوو و یوخەننەن و ئەندراوس و پیلیپوس و تۆما و بەرتولمەی و مەتتەی و یاقووی کوڕی خەلپەی، شیمعونی دڵگەرم و ئیهوودای برای یاقوو. 14 ئەمانە هەموویان بە ناخێک بەردەوام بوون لەسەر نوێژ و داوا، لەگەڵ ئافرەتەکان و مەریەمی دایکی ئیشۆع و برایانی.
15 لەو ڕۆژانەدا پەتڕۆس لە ناوەڕاستی قوتابییەکاندا ڕاوەستا، کە چەندان ناو پێکەوە بوون نزیکەی سەد و بیست دەبوون، وتی: 16 “برایان، دەبووایە نووسراوەکە بێتەدی، کە پێشتر دەربارەی ئیهوودا، گیانی پارسا بە زمانی داوید فەرموویەتی، کە بووە ڕێبەری ئەوانەی ئیشۆعیان دەستگیرکرد، 17 لە ئێمە دەژمێردرا و لەم ڕاژەیەدا بەشی هەبوو. 18 بە پاداشتی ستەم کێڵگەیەکی کڕی، کە بەروویدا کەوت و لەناوەڕاستەوە لەت بوو، هەموو گیپاڵی هەڵڕژا. 19 هەموو دانیشتوانی یروشلایم بەمەیان زانی، تا بە زمانی خۆیان ئەو کێڵگەیان ناونا، (حەقلد دمما)، واتا: (کێڵگەی خوێن). 20 چونکە لە سیپارەی پەسنییەکاندا نووسراوە: { ماڵی کاول بێت، کەس لەنێویدا نیشتەجێ نەبێت. با یەکێکی دیکە ئەرکەکەی وەربگرێت}. 21 کەواتە پێویستە ئەو پیاوانەی لەگەڵمان کۆ بووبوونەوە، بە درێژایی ئەو ماوەیەی ئیشۆعی پەروەردگار هاتە نێومان و دەرچوو، 22 لە عەمادکردنەکەی یوخەننەوە تاکو ئەو ڕۆژەی لێمان بەرزبووەوە، یەکێک لەوان لەگەڵمان ببێتە گەواهیدەری هەستانەوەکەی”. 23 جا دووانیان تەرخان کرد: یۆسپ کە بە بەرشەببا ناودەبرا و نازناوی یوستوس بوو، مەتیاسیش. 24 نوێژیان کرد، وتیان: “پەروەردگار، تۆ دڵی هەمووان دەزانیت، خۆت لەم دووانە دەستنیشان بکە کامەیانت هەڵبژاردووە، 25 تاکو شوێنی ئەو ڕاژە و پەیامبەرێتییە بگرێتەوە، کە ئیهوودا لێی لادا، تاکو بچێتە شوێنی خۆی”. 26 ئینجا تیروپشکیان بۆ کردن، تیروپشکەکە کەوتە سەر مەتیاس، لەگەڵ یازدە پەیامبەرەکە ژمێردرا.
دیاریکراوەکانی ئێستا:
كردار بەندی یەکەم: PNTZS
بەرچاوکردن
لەبەرگرتنەوە
بەراوردکردن
هاوبەشی بکە
دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە
© Bible Society in Lebanon (2018)
کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٨