لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

كردار بەندی نۆزدەیەم

بەندی نۆزدەیەم
1 ئەوەبوو کە ئەپۆلۆس لە قۆرنتێ بوو، پۆڵۆس بە ڕێگا بەرزەکانەوە تێپەڕی، هاتە ئەپیسۆس. لەوێ هەندێک قوتابیی بینی، 2 پێی فەرموون: “کاتێک باوەڕتان هێنا، گیانی پارساتان وەرگرت؟”. پێیان وت: “تەنانەت نەشمانبیستووە کە گیانی پارسا هەیە!”. 3 پێی فەرموون: “کەواتە بە چی عەمادکران؟”. وتیان: “بە عەمادکردنەکەی یوخەننەن”. 4 پۆڵۆس فەرمووی: “یوخەننەن عەمادکردنەکەی عەمادی تۆبەکردن بوو، بە گەلی دەوت باوەڕ بهێنن بەوەی لەدوای دێت، واتا بە ئیشۆعی مەسیح”. 5 کاتێک بیستیان بەناوی ئیشۆعی پەروەردگار عەمادکران. 6 جا کاتێک پۆڵۆس دەستی لەسەر دانان، گیانی پارسا هاتە سەریان، یەکسەر بە زمانان دووان و پێشبینییان کرد. 7 هەموویان نزیکەی دوازدە پیاو دەبوون.
8 ئینجا چووە نێو کەنیشت، ماوەی سێ مانگ بەئاشکرا دەدووا، گفتوگۆی دەکرد و دەربارەی شانشینیی خودا قەناعەتی بە خەڵک دەهێنا. 9 کە هەندێک کەس کەللەڕەقییان کرد و قەناعەتیان نەهێنا، لەبەردەم جەماوەرەکە جنێویان بە ڕێگاکە دا. لێیان جیابووەوە و قوتابییەکانی دوورخستەوە، ڕۆژانە لە قوتابخانەی کابرایەک گفتوگۆی دەکرد تاوی تیرانۆس بوو. 10 ئەوەش ماوەی دوو ساڵ بوو، تاکو هەموو ئەوانەی لە ئاسیادا نیشتەجێبوون، جوو و یۆنانی، فەرمایشتی ئیشۆعی پەروەردگاریان بیست. 11 خوداش پەرجوی نائاسایی بە دەستی پۆڵۆس ئەنجام دەدا، 12 تەنانەت دەستەسڕ و بەروانکەی سەر جەستەیان دەهێنا، دەیانخستە سەر نەخۆش و نەخۆشی نەدەما، گیانە بەدەکانیش لێیان دەردەچوون.
13 هەندێک لەو جوو گەڕۆکانەی گیانی بەد دەردەکەن، هەوڵیان دا ناوی ئیشۆعی پەروەردگار بۆ ئەوانە بەکاربهێنن کە گیانی بەدیان تێدایە، دەیانوت: “سوێندت دەدەین بە ئیشۆع، ئەوەی پۆڵۆس ڕایدەگەێنێت!”. 14 سکاوا کە پیاوێکی جوو بوو و کاهینێکی باڵا بوو، حەوت کوڕی ئەمەیان دەکرد. 15 گیانە بەدەکەش وەڵامی دانەوە: “ئیشۆع دەناسم، پۆڵۆسیش دەیزانم، بەڵام ئێوە کێن؟” 16 ئینجا کابرکە وا گیانە بەدەکەی تێدابوو پەلاماری دان و بەسەر هەموویاندا بەهێز بوو، دەرەقەتیان هات، تەنانەت بە ڕووتی و بریندارییەوە لەو ماڵە هەڵاتن. 17 ئەمەش زانرا لەلایەن هەموو ئەو جوو و یۆنانییانەی کە نیشتەجێی ئەپیسۆس بوون، هەمووان ترس دایگرتن و ناوی ئیشۆعی پەروەردگار مەزنتر دەبووەوە. 18 زۆر لەوانەی باوەڕیان دەهێنا، دەهاتن و دانیان بە کردەوەکانیان دەنا و دەیانگێڕایەوە. 19 زۆر لەوانەی جادوویان بەکاردەهێنا، پەرتووکەکانیان کۆدەکردەوە و لەبەردەم هەمووان دەیانسوتاندن. نرخەکانیان ژمارد، بینییان پەنجا هەزار زیوە. 20 بەم شێوەیە فەرمایشتی پەروەردگار بە تواناوە گەشەی دەکرد و بەهێز دەبوو.
21 کاتێک ئەمانە تەواو بوون، پۆڵۆس بڕیاری دا بە ماقیدۆنیا و ئەخائیەدا تێپەڕێت و بڕواتە یروشلایم، فەرمووی: “پاش ئەوەی لەوێ دەبم، دەبێت ڕۆماش ببینم”. 22 ئینجا دووان لەوانەی ڕاژەی دەکردن ناردنی بۆ ماقیدۆنیا: تیماتیئوس و ئەڕاستۆس، خۆی ماوەیەک لە ئاسیا مایەوە. 23 لەوکاتەدا لەبەر ئەم ڕێگایە ئاژاوەیەکی گەورە ڕوویدا، 24 چونکە زیوگەرێک بەناوی دیمەترییوس کە پەرستگەی بچووکی زیوینی ئەرتامیسی دروست دەکرد. قازانجێکی کەمی نەبوو بۆ پیشەداران. 25 پیشەدارانی ئەو هاوپیشەی کۆ کردەوە، فەرمووی: “پیاوینە، خۆتان دەزانن خۆشگوزەرانیمان لەم پیشەیەیە. 26 دەبینن و دەبیستن کە نەک تەنها لە ئەپیسۆس، بەڵکو تاڕادەیەک لە هەموو ئاسیا، ئەم پۆڵۆسە قەناعەتی بە کۆمەڵێکی زۆری هێناوە و لە ڕێ لایداون، دەڵێت: ئەوانەی دەستکردن خودا نین. 27 نەک تەنها ئەم بەشەمان لە مەترسیدایە ڕێزی لێ نەگیرێت، بەڵکو پەرستگەکەی ئەرتامیسی خوداژنی مەزنیش هیچ بەهایەکی نامێنێت، ئەوەی هەموو ئاسیا و دونیا دەیپەرستن، پایەبەرزییەکەی لەدەست دەدات”. 28 کاتێک بیستیان پڕبوون لە تووڕەیی و هاواریان کرد، وتیان: “مەزنە ئەرتامیسی ئەپیسۆسییەکان!”. 29 شڵەژان هەموو شاری گرتەوە، بەیەک ناخ دەرپەڕین، گائیوس و ئەرستارخۆسی ماقیدۆنیاییان ڕفاند بۆ شانۆ، کە هەردوو هاوڵی پۆڵۆس بوون لە گەشتدا.
30 پۆڵۆس ویستی بچێتە نێو گەلەکە، بەڵام قوتابییەکان نەیانهێشت. 31 هەروەها خەڵکانێکی گەورەپیاوی ئاسیا کە دۆستی بوون، ناردیانە لای، لێی پاڕانەوە کە خۆی ڕادەستی شانۆکە نەکات. 32 هەندێک هاواری شتێکیان دەکرد، هەندێک شتێکی دیکە، چونکە کۆڕەکە شڵەژابوو، زۆربەشیان نەیاندەزانی بۆچی کۆبوونەتەوە! 33 ئینجا ئەسکەندەریان لەنێو کۆمەڵەکە ڕاکێشا، جووەکانیش پاڵیان پێوە دەنا. ئەسکەندەریش دەستی بەرزکردەوە دەیویست لەبەردەم گەلەکە بەرگری لە خۆی بکات. 34 کە زانییان جووە، نزیکەی دوو کاژێر هەموویان بەیەکەوە هاواریان دەکرد: “مەزنە ئەرتامیسی ئەپیسۆسییەکان!”.
35 ئینجا فەرمانڕەوا خەڵکەکەی بێدەنگ کرد، وتی: “پیاوانی ئەپیسۆس، چ مرۆڤێک هەیە نەزانێت کە شاری ئەپیسۆسییەکان خوداوەند ئەرتامیسی مەزن دەپەرستن و ئەو پەیکەرەیە کە لە زیۆسەوە دابەزیوە؟ 36 بۆیە کە ئەمانە بەرەنگارییان ناکرێت، پێویستە هێمن ببنەوە و شتێک بە سەرەڕۆیی نەکەن. 37 چونکە ئەم دوو پیاوەتان هێناوە، کە نە پەرستگە دزن، نە کفریان بە خوداژنەکەتان کردووە. 38 ئەگەر دیمەترییوس و پیشەدارەکانی لەگەڵ ئەون سکاڵایان دژی کەسێک هەیە، ئەوا ڕۆژانێک بۆ دادگایی دەکرێت و دادوەر هەیە، با سکاڵا لە یەکتری بکەن. 39 ئەگەر داوای شتێکی دیکەش دەکەن، ئەوا لە کۆڕی یاساییدا تەماشا دەکرێت. 40 چونکە لە مەترسی ئەوە داین کە تاوانبار بکرێن بە ئاژاوەنانەوەی ئەمڕۆ. هیچ پاساوێکیشمان نییە بۆ پاکانەی ئەم گردبوونەوەیە”. 41 کە ئەمەی وت، کۆمەڵەکەی بەڕێکرد.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

كردار بەندی نۆزدەیەم: PNTZS

بەرچاوکردن

لەبەرگرتنەوە

بەراوردکردن

هاوبەشی بکە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە