كردار بەندی هەژدەیەم
بەندی هەژدەیەم
1 پاش ئەمە پۆڵۆس ئەتینۆسی بەجێهێشت، هاتە قۆرنتێ. 2 جووێکی بینی بەناوی ئەکیلا، خەڵکی پونتوس بوو، تازە لەگەڵ پریسقیلای ژنی لە ئیتالیاوە هاتبوون، چونکە قلەودییوس فەرمانی دابوو هەموو جوو ڕۆما بەجێبهێڵن، ئیتر هاتە لایان. 3 جا بەهۆی هاوپیشەییان لەلایان مایەوە و ئیشی دەکرد، چونکە بە پیشە ڕەشماڵچی بوون. 4 هەموو شەممەیەک لە کەنیشت گفتوگۆی دەکرد، قەناعەتی بە جوو و یۆنانییەکان دەهێنا. 5 کاتێک شیلا و تیماتیئوس لە ماقیدۆنیاوە دابەزین، پۆڵۆس بە گیان تەرخان کرابوو، گەواهیی بۆ جوو دەدا کە ئیشۆع مەسیحەکەیە. 6 بەڵام کاتێک بەرەنگارییان کرد و کفریان کرد، کراسەکەی تەکاند، پێی فەرموون: “خوێنی خۆتان لەسەر خۆتان! من بێبەراییم. لە ئێستاوە دەچمە لای نەتەوەکان”. 7 ئیتر ئەوێی بەجێهێشت، چووە ماڵی پیاوێک ناوی تتوس یوستس بوو، خواپەرست بوو، ماڵەکەی لە تەنیشت کەنیشتەوە بوو. 8 لێرەدا قیریسپوسی پێشەوای کەنیشت خۆی و هەموو ماڵەکەی باوەڕیان بە پەروەردگار هێنا. زۆر لە قۆرنتێییەکان کە بیستیان باوەڕیان هێنا و عەمادکران.
9 لە شەودا پەروەردگار لە بینیندا بە پۆڵۆسی فەرموو: “مەترسە، بەڵکو قسەبکە و بێدەنگ مەبە، 10 چونکە خۆم لەگەڵتدام، کەس هێرش ناکاتە سەرت و ئازارت بدات، چونکە گەلێکی زۆرم هەیە لەم شارە”. 11 ئیتر ساڵێک و شەش مانگ لەگەڵیان مایەوە، ئامۆژگاریی فەرمایشتی خودایان دەکرد.
12 لەو سەردەمەی گالیۆن فەرمانڕەوای ئەخائیە بوو، جووەکان بە یەک ناخ دژی پۆڵۆس هەستان، بۆ تەختی دادگایان هێنا، 13 وتیان: “ئەم پیاوە قەناعەت بە خەڵک دەهێنێت کە بە پێچەوانەی شەریعەت خودا بپەرستن”. 14 کە پۆڵۆس خەریک بوو زاری بکاتەوە، گالیۆن بە جووەکانی فەرموو: “جووەکان، ئەگەر پرسەکە ستەم یان نەگریسییەکی خراپ بووایە، وەک هۆیەک گوێم لە سکاڵاتان دەگرت. 15 بەڵام ئەگەر پرسەکە لەسەر فەرمایشت و ناو و شەریعەتتانە، بە خۆتان تەماشای بکەن. چونکە نامەوێت لەم بابەتانەدا ببمە دادوەر”. 16 ئیتر لە تەختی دادگا قاویدان. 17 ئەوسا هەمووان سوستینسی پێشەوای کەنیشتیان گرت و لەبەردەم دادگا لێیان دا، گالیۆنیش گوێی بەمە نەدا.
18 پۆڵۆس ڕۆژانێکی زۆر مایەوە، ئینجا ماڵئاوایی لە برایان کرد، لەگەڵ پریسقیلا و ئەکیلا بە دەریادا بەرەو سوریا ڕۆیشت. پاش ئەوەی لە کەنخریا سەری تاشی، چونکە نەزری لەسەر بوو. 19 گەیشتنە ئەپیسۆس، ئەوانی لەوێ بەجێهێشت، بەڵام خۆی چووە کەنیشت و لەگەڵ جووەکان گفتوگۆی دەکرد. 20 ئەوانیش داوایان لێکرد ماوەیەکی زیاتر لەلایان بمێنێتەوە، بەڵام قاییل نەبوو. 21 بەڵکو ماڵئاوایی لێکردن، فەرمووی: “بەهەرحاڵ دەبێت جەژنی داهاتوو لە یروشلایم بکەم، بەڵام بەخواستی خودا دەگەڕێمەوە لاتان”. ئینجا لە ئەپیسۆسەوە بە دەریادا ڕۆیشت. 22 کاتێک لە قەیسەڕییە دابەزی، سەرکەوت و ئاشتیی لە وارگە کرد، ئینجا بۆ ئینتیاکیا شۆڕبووەوە. 23 ماوەیەک لەوێ مایەوە و دەرچوو، بە ڕیز بە دەڤەری گەڵاتیە و پرۆگیادا تێپەڕی و ورەی هەموو قوتابییەکانی بەرز دەکردەوە.
24 جووێکی خەڵکی ئەسکەندەریە بەناوی ئەپۆلۆس هاتە ئەپیسۆس، زمان پاراو و لە سیپارەکان بەتوانا بوو. 25 شارەزای ڕێگای پەروەردگار بوو، لە گیاندا گەرم بوو، بە دروستی سەبارەت بە پەروەردگار دەدووا، تەنها عەمادکردنەکەی یوخەننەنی دەزانی. 26 ئەم دەستی پێکرد بەئاشکرا لە کەنیشت قسەبکات. کە ئەکیلا و پریسقیلا گوێیان لێیبوو، بردییان و دروستتر ڕێگای خودایان بۆ ڕوونکردەوە. 27 کاتێک ئەپۆلۆس حەزیکرد بچێتە ئەخائیە، برایان هانیان دا و بۆ قوتابییەکانیان نووسی پێشوازیی لێبکەن. کاتێک هات یارمەتییەکی زۆری ئەوانەی دا کە لەڕێی بەخشش باوەڕیان هێنابوو. 28 چونکە بە هێزەوە و بە ئاشکرا جووی بێدەنگ دەکرد، بەهۆی سیپارەکان دەیسەلماند ئیشۆع مەسیحەکەیە.
دیاریکراوەکانی ئێستا:
كردار بەندی هەژدەیەم: PNTZS
بەرچاوکردن
لەبەرگرتنەوە
بەراوردکردن
هاوبەشی بکە
دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە
© Bible Society in Lebanon (2018)
کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٨