كردار بەندی بیستەم
بەندی بیستەم
1 پاش نەمانی ئاژاوەکە، پۆڵۆس قوتابییەکانی بانگکرد و ماڵئاوایی لێکردن، دەرچوو تاکو بڕواتە ماقیدۆنیا. 2 کاتێک بەو ناوچانەدا تێپەڕی، بە زۆر وتە ئامۆژگاریی کردن، هات بۆ هەلاس، 3 لەوێ سێ مانگی بەسەربرد. کە بەتەمابوو بڕواتە سوریا، جووەکان پیلانیان بۆی گێڕا، بڕیاری دا بە ماقیدۆنیادا بگەڕێتەوە. 4 بۆ ئاسیائەمانە هاوڵی بوون: سوپاتڕۆس پیڕۆ، لە تسلۆنیقێیان ئەرستارخۆس و سەکوندۆس، گائیوسی دەڕبێیی و تیماتیئوس، لە ئاسیاییەکانش تۆخیقۆس و ترۆپیمۆس. 5 ئەمانە پێشمان کەوتن و لە ترۆئۆسدا چاوەڕێیان دەکردین. 6 ئێمەش پاش ڕۆژانی فەتیرە، بە دەریاوە لە پیلیۆسەوە گەشتمان کرد بۆ ترۆئۆس و بە پێنج ڕۆژ گەیشتینە لایان، لەوێ حەوت ڕۆژمان بەسەربرد.
7 لە یەکەمی هەفتەدا بۆ نان لەتکردن قوتابییەکان کۆ بوونەوە، پۆڵۆس گفتوگۆی لەگەڵ دەکردن و بەتەمابوو بۆ سبەینێ بڕوات، تاکو نیوە شەو درێژە بە قسەکانی دا. 8 ئەو کەپشکانەی کە لێی کۆبووبوونەوە چرای زۆری لێبوو. 9 گەنجێک ناوی یوتیخۆس بوو لە نێو پەنجەرەدا دانیشتبوو، خەوێکی قورس دەیبردەوە. پۆڵۆس وتارێکی درێژی دەدا، خەوی لێکەوت و لە نهۆمی سێیەمەوە کەوتە خوارەوە، بە مردوویەتی هەڵگیرایەوە. 10 پۆڵۆس دابەزی و خۆی بەسەریدا دا و لە باوەشی گرت، فەرمووی: “نەشڵەژێن، گیانی تێدایە!”. 11 ئینجا سەرکەوت، نانی لەت کرد و خواردی، تاکو بەرەبەیان قسەی کرد. پاشان دەرچوو. 12 گەنجەکەشیان بە زیندوویەتی هێنا و زۆر دڵنەوایی کران.
13 ئێمەش بەرەو کەشتییەکە پێشکەوتین و پێی چووینە ئاسۆس، بەتەمابووین لەوێ پۆڵۆس هەڵگرین، چونکە ئاوای ڕێکخستبوو، بە نیاز بوو بە پیادە بێت. 14 کاتێک لە ئاسۆس تووشمان بوو، بردمان و هاتینە میتیلینی. 15 لەوێش بە دەریادا گەشتمان کرد، بۆ سبەینێ گەیشتینە بەرامبەر خییۆس. بۆ ڕۆژی پاشتر گەیشتینە سامۆس، لە لەترۆگیلیۆن ماینەوە، پاشان لە ڕۆژی دواتر هاتینە میلیتۆس، 16 چونکە پۆڵۆس بڕیاری دابوو بەدەریاوە لە ئەپیسۆسدا تێپەڕێت، نەوەک ماوەیەک لە ئاسیادا بمێنێتەوە، چونکە پەلەی دەکرد، بەڵکو بتوانێت لە ڕۆژی پەنجایەمین بگاتە یروشلایم.
17 لە میلیتۆسەوە ناردی بۆ ئەپیسۆس، بانگی قەشەکانی وارگەی کرد. 18 کاتێک هاتنە لای پێی فەرموون: “خۆتان دەزانن لە یەکەم ڕۆژەوە کە هاتمە نێو ئاسیا، بە درێژایی کات چۆن بووم لەگەڵتان، 19 بەوپەڕی خاکساری و فرمێسکی زۆرەوە ڕاژەی پەروەردگارم دەکرد، بە پیلانی جووەکان تووشی ئەزموون بووم. 20 چۆن هیچم لەو سوودبەخشەکان دوانەخستووە و بۆم ڕاگەیاندوون، بە ئاشکرا و لە هەموو ماڵێک ئامۆژگاریم کردوون. 21 گەواهیم بۆ جوو و یۆنانییەکان داوە بۆ تۆبەکردن بەرەو خودا و باوەڕ بە پەروەردگارمان ئیشۆعی مەسیح. 22 ئێستاش خۆم وا بە گیانەوە بەستراوم، دەڕۆمە یروشلایم و نازانم لەوێ چیم بەسەر دێت. 23 بەڵام گیانی پارسا لە هەموو شارێک گەواهیم بۆ دەدات و دەفەرمووێت: کە کۆتکردن و تەنگانە چاوەڕێم دەکات. 24 بەڵام باکم بە هیچ شتێک نیە و خۆم لەلا بەهادار نییە، تاکو کۆششی خۆم و ئەو ڕاژەی لە ئیشۆعی پەروەردگار وەرمگرتووە بە خۆشییەوە تەواوی بکەم، گەواهیی موژدەی بەخششی خودا بدەم. 25 ئەوەتا خۆم دەزانم ئیتر ڕووم نابیننەوە، هەمووتان کە بە نێوتاندا دەگەڕام بانگەوازی شانشینی خودام دەدا. 26 بۆیە ئەمڕۆ گەواهیتان بۆ دەدەم، کە لە خوێنی هەمووان بێتاوانم، 27 چونکە لە ڕاگەیاندنی تەواوی خواستی خودا بۆتان دوانەکەوتم. 28 کەواتە ئاگاتان لە خۆتان و لە هەموو مێگەلەکە بێت، ئەوەی گیانی پارسا بە چاودێری داناون بۆی، تاکو شوانایەتی وارگەی خودا بکەن، ئەوەی بە خوێنی خۆی کڕیویەتی. 29 چونکە ئەمە دەزانم: پاش ڕۆیشتنم گورگی ڕفێنەر دێنە نێوتان، بەزەییان بە مێگەلەکە نایەتەوە. 30 لەنێو خۆتاندا پیاوانێک پەیدا دەبن، باسی شتی چەوت دەکەن، تاکو قوتابییەکان بەدوای خۆیاندا ڕابکێشن. 31 بۆیە بێداربن، لەیادتان بێت ماوەی سێ ساڵ شەو و ڕۆژ بە فرمێسکەوە سارد نەبوومەتەوە لە ئاگادارکردنەوەی هەر یەکێکتان. 32 ئێستاش برایانم، بە خودا و فەرمایشتی بەخششەکەیتان دەسپێرم، کە توانای هەیە بنیادتان بنێت و لەگەڵ هەموو پارساکان میراتتان پێ ببەخشێت. 33 ئارەزووی زیو و زێڕ و پۆشاکی کەسم نەکردووە. 34 خۆتان دەزانن پێویستی خۆم و یاوەرانم، ئەم دوو دەستە ڕاژەیان کردووە. 35 هەموو شتێکم نیشانتان دا کە پێویستە ئاوا ڕەنج بدەن بۆ یارمەتیدانی لاوازان، فەرمایشتەکانی ئیشۆعی پەروەردگارتان لەیاد بێت کە فەرمووی: بەخشین لە وەرگرتن بەختەوەریترە”. 36 کە ئەمانەی فەرموو، لەگەڵ هەموویان چۆکی دادا و نوێژی کرد. 37 هەمووان زۆر گریان، باوەشیان بە پۆڵۆسەوە کردبوو و ماچیان دەکرد، 38 بەو قسەی کردی داخیان خوارد کە وتی جارێکی دیکە ڕووی نابیننەوە. ئینجا تا لای کەشتییەکە ڕەوانەیان کرد.
دیاریکراوەکانی ئێستا:
كردار بەندی بیستەم: PNTZS
بەرچاوکردن
لەبەرگرتنەوە
بەراوردکردن
هاوبەشی بکە
دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە
© Bible Society in Lebanon (2018)
کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٨