كردار بەندی حەڤدەیەم
بەندی حەڤدەیەم
1 ئینجا بە ئەمفیپۆلیس و ئەپۆلۆنیادا تێپەڕین، هاتنە تسلۆنیقێ کە کەنیشتی جووی لێبوو. 2 پۆڵۆس وەکو دابی خۆی چووە لایان، سێ شەممە لەسەر یەک بە سیپارەکان گفتوگۆی لەگەڵ دەکردن، 3 ڕوونی دەکردەوە و دەریدەخست کە دەبووایە مەسیح ئازار بچێژێت و لەنێو مردوواندا هەستێتەوە، وە: ئەم ئیشۆعەی من پێتانی ڕادەگەیەنم، مەسیحەکەیە. 4 هەندێکیان قەناعەتیان هێنا و چوونە پاڵ پۆڵۆس و شیلا، هەروەها جەماوەرێکی زۆر لە یۆنانیی خواپەرست و لە ئافرەتە خانەدانەکانیش کە ژمارەیان کەم نەبوو. 5 جووە بێباوەڕکان ئیرەییان پێهات، هەندێک پیاوی بەدکاری بازاڕیان هێنا، خەڵکیان کۆکردەوە و ئاژاوەیان لە شار نایەوە. چوونە سەر ماڵی ئیاسون، داوایان کرد بهێنرێنە لای گەل. 6 کاتێک نەیاندۆزینەوە، ئیاسون و خەڵکانێک لە برایانیان بۆ لای فەرمانڕەوایانی شار ڕاکێشا، هاواریان دەکرد: “ئەمانە کە دونیایان شەیداکردووە، بۆ ئێرەش هاتوون. 7 ئیاسون میوانداریی کردوون. هەموویان دژی فەرمانەکانی قەیسەڕ کار دەکەن، دەڵێن: شایەکی دیکە هەیە، ناوی ئیشۆعە!”. 8 بەم قسانە کۆمەڵەکە و فەرمانڕەوایانی شاریان وروژاند. 9 ئەوانیش دەستەبەریان لە ئیاسون و ئەوانەی دیکە وەرگرت و ئازادیان کردن.
10 کە شەو داهات برایان پۆڵۆس و شیلایان ناردە بیڕووئا، کە گەیشتن چوونە کەنیشتی جووەکان. 11 ئەمان لە تسلۆنیقێیەکان ڕێزدارتر بوون، بەوپەڕی پەرۆشییەوە فەرمایشتەکەیان پەسەند کرد، هەموو ڕۆژێک لە سیپارەکان ورد دەبوونەوە ئاخۆ شتەکان ئاوان؟ 12 جا زۆریان باوەڕیان هێنا، هەروەها زۆر لە ئافرەتە ڕێزدارە یۆنانییەکان و پیاوانیش کە ژمارەیان کەم نەبوو.
13 کاتێک جووی تسلۆنیقێ زانییان پۆڵۆس لە بیڕووئاش فەرمایشتی خودای ڕاگەیاندووە، هاتن لەوێش کۆمەڵانەکە جۆش بدەن. 14 جا یەکسەر برایان پۆڵۆسیان بۆ دەریا نارد، بەڵام شیلا و تیماتیئوس لەوێ مانەوە. 15 ئەوانەی یاوەری پۆڵۆس بوون هێنایانە ئەتینۆس. کاتێک ڕاسپاردەیان بۆ شیلا و تیماتیئوس برد کە بە زووترین کات بێنە لای، ڕۆیشتن.
16 کاتێک پۆڵۆس لە ئەتینۆس چاوەڕێی دەکردن، لە گیانیدا هەڵچوو کە بینی شارەکە پڕە لە بت. 17 لە کەنیشت قسەی لەگەڵ جووە خوداپەرستەکان دەکرد، کە ڕۆژانە لە بازاڕ دەیبینن. 18 هەندێک فەیلەسوفی ئەپیقۆری و ستۆیکی گفتوگۆیان لەگەڵی دەکرد، هەندێک دەیانوت: “ئەم چەنەبازە دەیەوێت چی بڵێت؟”. هەندێکیش وتیان: “دیارە بانگەواز بۆ خوداوەندێکی نامۆ دەکات”. چونکە موژدەی ئیشۆع و هەستانەوەی دەدا. 19 ئینجا بردییانە ئاریۆپاگۆس، وتیان: “دەتوانین بزانین ئەم ئامۆژگارییە نوێیە چییە باسی دەکەیت؟ 20 چونکە شتی نامۆت لێدەبیستین و دەمانەوێت بزانین ئەمە چییە”. 21 سەرجەم ئەتینۆسییەکان و بێگانە نیشتەجێبووەکان، دەرفەتیان بۆ هیچ شتێک نەدەدا بێجگەلە باس یان بیستنی شتی نوێ.
22 پۆڵۆس لەناوەڕاستی ئاریۆپاگۆسدا وەستا، فەرمووی: “پیاوانی ئەتینۆس! دەبینم لە هەموو ڕوویەکەوە زۆر دیندارن. 23 چونکە کاتێک دەگەڕام، تەماشای پەرستراوەکانتانم دەکرد، سەربڕگەیەکم بینی لەسەری نووسرابوو: (بۆ خوداوەندێکی نەناسراو). جا ئەوەتان بۆ ڕادەگەیەنم کە دەیپەرستن و نایناسن. 24 ئەو خوداوەندەی دونیا و هەموو شتەکانی نێوی ئافراندووە، ئەمە کە پەروەردگاری ئاسمان و زەوییە و لە پەرستگەی دەستکرد نیشتەجێ نابێت، 25 بە دەستی خەڵک ڕاژە ناکرێت وەک پێویستی بە شتێک بێت، چونکە ئەو ژیان و ناخ و هەموو شتێک دەداتە هەمووان. 26 هەموو نەتەوەکانی خەڵک لە یەک خوێن دروستکردووە، کە لەسەر هەموو ڕووی زەوی نیشتەجێن، کات و سنوورەکانی نیشتەجێبوونیانی داناوە و دیاریی کردووە، 27 تاکو بەدوای خودا بگەڕێن، بەڵکو بیگەنێ و بیدۆزنەوە، هەرچەندە لە هەر یەکێک لەئێمە دوور نییە. 28 چونکە لەودا دەژین و دەجووڵێین و هەین، وەک هەندێک شاعیرانتان وتیان: ئێمەش نەوەی ئەوین. 29 جا کە نەوەی خوداین، پێویستە بیرنەکەینەوە کە خودایەتی هاوچەشنی پەیکەری زێڕ یان زیو یان بەردینە، کە نیگار و کاردەست و داهێنانی مرۆڤە. 30 ئێستا خودا فەرمان دەداتە هەموو خەڵک و لە هەموو شوێنێک کە تۆبەبکەن، بە چاوپۆشین لە سەردەمانی نەزانین. 31 چونکە ڕۆژێکی داناوە تێیدا بەتەمایە بە دادپەروەری دونیا حوکم بدات، بە پیاوێک کە دیاری کردووە، بەڵگەشی بە هەمووان داوە کە لەنێو مردووان هەستاندیەوە”.
32 کاتێک گوێیان لە هەستانەوەی مردووان بوو، هەندێکیان گاڵتەیان دەکرد، هەندێکیان وتیان: “جارێکی دیکە لەم بارەیەوە گوێت لێدەگرین!”. 33 ئیتر پۆڵۆس لەنێویان دەرچوو. 34 بەڵام خەڵکانێک پێوەی لکان و باوەڕیان هێنا، لەوانە: دیانیۆنیسییوسی ئاریۆپاگۆسی و ئافرەتێک ناوی داماریس بوو و کەسانی دیکەش لەگەڵیان.
دیاریکراوەکانی ئێستا:
كردار بەندی حەڤدەیەم: PNTZS
بەرچاوکردن
لەبەرگرتنەوە
بەراوردکردن
هاوبەشی بکە
دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە
© Bible Society in Lebanon (2018)
کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٨