لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

كردار بەندی شازدەیەم

بەندی شازدەیەم
1 پۆڵۆس گەیشتە دەڕبێ و لیسترە، لەوێ قوتابییەک بەناوی تیماتیئوس هەبوو، کوڕی ژنێکی جووی باوەڕدار بوو، بەڵام باوکی یۆنانی بوو، 2 برایان لە لیسترە و ئیقانون گەواهییان بۆ دەدا. 3 پۆڵۆس ویسیتی لەگەڵ خۆی دەریبکات، جا بردی و خروسەبڕینی کرد، لەبەر ئەو جووانەی لەو شوێنانە بوون، چونکە هەمووان دەیانزانی باوکی یۆنانییە. 4 کە بە شارەکاندا تێدەپەڕین، ئەو پرسانەی لەلایەن پەیامبەران و پیرانەوە لە یروشلایم بڕیاریان لەسەر درابوو، پێیان ڕادەگەیاندن تاکو پەیڕەوی بکەن.
5 وارگەکان لە باوەڕدا بەهێز دەبوون و ڕۆژانە ژمارەیان زیادی دەکرد. 6 پاش ئەوەی بە پڕۆگیا ودەڤەرەکانی گەڵاتیە تێپەڕین، گیانی پارسا قەدەغەی لێکردن لە ئاسیا فەرمایشتەکە ڕابگەیەنن. 7 کاتێک هاتنە میسیا هەوڵیان دا بۆ بیتینیا بڕۆن، بەڵام گیانەکە ڕێگای نەدان. 8 ئەوسا بە میسیادا تێپەڕین و بۆ ترۆئۆس شۆڕبوونەوە. 9 لە شەودا بینینێک بۆ پۆڵۆس دیارکەوت: پیاوێکی ماقیدۆنیایی ڕاوەستابوو، لێی دەپاڕایەوە و دەیوت: “بپەڕەوە بۆ ماقیدۆنیا و یارمەتیمان بدە!”. 10 کاتێک بینینەکەی بینی، یەکسەر هەوڵماندا بۆ ماقیدۆنیا دەرچین، دڵنیا بووین کە خودا بانگی کردووین تاکو موژدەیان بدەینێ.
11 جا لە ترۆئۆسەوە ڕێک بۆ سامۆتراقێ ڕۆیشتین، بۆ سبەینێ بۆ نیاپۆلیس. 12 لەوێشەوە بۆ پیلیۆس کە یەکەم شاری ناوچەی ماقیدۆنیایە و کە کۆلۆنیاییە، لەو شارە چەند ڕۆژێک ماینەوە. 13 لە ڕۆژی شەممەدا چووینە دەرەوەی شار بۆ سەر ڕووبارێک، وەکو نەریتی هەمیشەیی نوێژمان کرد، دانیشتین، لەگەڵ ئەو ئافرەتانەی کە کۆبووبوونەوە قسەمان کرد. 14 لە شاری تیئۆتیڕا ئافرەتێکی خوداپەرست بەناوی لوودییا گوێی دەگرت، ئەرخەوان فڕۆش بوو، پەروەردگار دڵی کردەوە تاکو گوێ شل بکات بۆ قسەکانی پۆڵۆس. 15 کاتێک خۆی و خانەوادەکەی عەمادکران، پاڕایەوە، وتی: “ئەگەر بڕیارتان داوە من باوەڕدارم بە پەروەردگار، وەرنە ماڵەکەم، بمێننەوە”. ئیتر ناچاری کردین.
16 ئەوەبوو لەکاتێکدا بۆ نوێژ دەڕۆیشتین، تووشی کارەکەرێک بووین گیانی فاڵچیێتیی تێدابوو. بە فاڵچیەتییەکەی داهاتێکی زۆری بۆ خاوەنەکانی بەدەست دەهێنا. 17 ماندووی کردین و بەدوای پۆڵۆس و ئێمە کەوت و هاواری دەکرد، دەیوت: “ئەم خەڵکە بەندەی خودای باڵان، ڕێگای ڕزگاریتان بۆ ڕادەگەیەنن”. 18 ڕۆژانێکی زۆر ئەمەی دەکرد، ئیتر پۆڵۆس بێزار بوو، ئاوڕی دایەوە، بە گیانەکەی فەرموو: “بەناوی ئیشۆعی مەسیح فەرمانت پێدەکەم، لێی درچیت!”. هەر لەو کاژێرەدا دەرچوو.
19 کاتێک خاوەنەکانی بینییان هیوای داهاتیان دەرچوو، پۆڵۆس و شیلایان گرت، ڕایانکێشانە بازاڕ بۆ بەردەم حوکمڕانەکان. 20 هێنانیانە لای دادوەران، وتیان: “ئەم دوو پیاوە شارەکەمان دەشێوێنن، جوون، 21 نەریتێک بڵاو دەکەنەوە کە ئێمەی ڕۆمایی نابێت پەسەندی بکەین یان کاری پێبکەین”. 22 کۆمەڵەکە پێکڕا لێیان هەستان، فەرمانڕەواکان جلەکانیان قڵیشاند و فەرمانیان دا دارکاری بکرێن. 23 جا زۆر لێیاندان و خستیاننە زیندانەوە، چاودێری زیندانەکەیان ڕاسپارد کە بە توندی پاسیان بکات. 24 ئەویش کە ئەم ڕاسپاردەیەی وەرگرت، فڕێیدانە نێو قووڵایی زیندانی نێوەوە و قاچیانی خستە نێو کۆتەوە.
25 لە نیوەی شەودا پۆڵۆس و شیلا نوێژ و ستایشی خودایان دەکرد، بەندکراوانیش گوێیان لێبو. 26 لەناکاو بوومەلەرزەیەکی مەزن ڕوویدا، بناغەکانی زیندانەکەی هەژاند، یەکسەر هەموو دەرگاکان کرانەوە و کۆتی هەمووان کرایەوە. 27 کە چاودێری زیندانەکە بە ئاگا هات، بینی دەرگاکانی زیندانەکە کراونەتەوە، شمشێرەکەی هەڵکێشا بەتەمابوو خۆی بکوژێت، وایزانی بەندکراوان هەڵاتوون. 28 پۆڵۆس بەدەنگێکی مەزن هاواریکرد فەرمووی: “هیچ لە خۆت مەکە! هەموومان لێرەین!”. 29 داوای ڕووناکیی کرد، دەرپەڕییە ژوورەوە، بە لەرزەوە لەبەردەم پۆڵۆس و شیلا کەوت. 30 ئینجا بردنییە دەرەوە، وتی: “گەورەکانم، پێویستە چی بکەم تاکو ڕزگارم بێت؟”. 31 فەرموویان: “باوەڕ بە پەروەردگار ئیشۆعی مەسیح بهێنە، خۆت و خانەوادەکەت ڕزگار دەبن”. 32 جا بە فەرمایشتی پەروەردگار بۆ خۆی و هەموو ئەوانەی لە ماڵەکەیدا بوون دووان. 33 لەو کاژێرەی شەوە بردنی و برینەکانی شوشتنەوە، یەکسەر خۆی و هەموو خێزانەکەی عەمادکران. 34 کاتێک بردنییە ماڵ و خوانی بۆ دانان، خۆی و هەموو خێزانەکەی کامەران بوون، کە باوەڕیان بە خودا هێنا.
35 کە ڕۆژبووەوە فەرمانڕەواکان فەلاقەکاریان نارد، وتیان: “ئەو دوو پیاوە ئازاد بکە”. 36 چاودێری زیندان ئەم هەواڵەی دایە پۆڵۆس کە فەرمانڕەوایان ناردوویانە ئازاد بکرێن، ئێستا دەرچن و بەئاشتی بڕۆن. 37 پۆڵۆس پێی فەرموون: “بێ حوکمدان بە ئاشکرا لێیان داین و فڕێیانداینە زیندان، ئێمەش دوو پیاوی ڕۆمایین. ئێستاش بە نهێنی قاومان دەدەن؟ نەخێر! بەڵکو با خۆیان بێن دەرمان بهێنن”. 38 فەلاقەکارەکان ئەم قسانەیان بە فەرمانڕەواکانیان ڕاگەیاند، جا کاتێک زانییان ڕۆمایین ترسان. 39 هاتن، لێیان پاڕانەوە، دەریانهێنان و داوایان لێکردن شارەکە بەجێبهێڵن. 40 لە زیندانەکە دەرچوون، چوونە لای لوودییا، لەوێ برایانیان بینی و دڵنەواییان کردن پاشان دەرچوون.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

كردار بەندی شازدەیەم: PNTZS

بەرچاوکردن

لەبەرگرتنەوە

بەراوردکردن

هاوبەشی بکە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە