لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

كردار بەندی پازدەیەم

بەندی پازدەیەم
1 هەندێک کەس لە ئیهووداوە دابەزین، ئامۆژگاریی برایانیان دەکرد کە: “ئەگەر بەگوێرەی نەریتی مووشێ خروسەبڕین نەکرێن، ناتوانن ڕزگاربن”. 2 کاتێک دەمەقاڵە و مشتومڕێکی زۆر لەلایەن پۆڵۆس و بەرنڤا لەگەڵیان ڕوویدا، پۆڵۆس و بەرنڤا لەگەڵ خەڵکانێکی دیکە ڕێککەوتن، تاکو سەبارەت بەم بابەتە بۆ لای پەیامبەران و پیران بۆ یروشلایم سەربکەون. 3 پاش ئەوەی وارگە ماڵئاواییان لێکردن، بە نێو پۆنیقێ و شمرندا تێپەڕین، باسیان دەکرد کە نەتەوەکانیش گەڕاونەتەوە، جا شادمانییەکی مەزنیان لەنێو هەموو برایاندا بڵاو دەکردەوە. 4 کاتێک لە یروشلایمدا ئامادەبوون، وارگە و پەیامبەران و پیران پێشوازییان لێکردن، هەواڵی هەموو ئەو شتانەیان پێدان کە خودا لەگەڵیان کردبووی. 5 بەڵام خەڵکاێک لەوانەی سەر بە ڕێبازی پەڕیشییەکان بوون و باوەڕیان هێنابوو، هەستان، وتیان: “دەبێت خروسەبڕین بکرێن و پێیان بوترێت کە شەریعەتی مووشێ پەیڕەو بکەن”.
6 جا پەیامبەران و پیران بۆ ئەم دۆزە کۆبوونەوە. 7 پاش گفتوگۆیەکی زۆر، پەتڕۆس هەستا، پێی فەرموون: “برایان، خۆتان دەزانن پێش ماوەیەک، خودا لەنێوماندا هەڵیبژارد کە لە زارمەوە نەتەوەکان پەیامی ئینجیل ببیستن و باوەڕ بهێنن. 8 خودای دڵناس، گەواهیی بۆیان دا بە بەخشینی گیانی پارسا بەوانیش هەروەک بە ئێمە. 9 بە هیچ شتێک جیاوازی لەنێوان ئێمە و ئەواندا نەکردووە، بە باوەڕ دڵی ئەوانیشی بێگەرد کردووەتەوە. 10 ئیستاش بۆچی خودا تاقی دەکەنەوە کە هەوجارێک دەخەنە ئەستۆی قوتابییەکان، ئەوەی نە باوکانمان، نە خۆمان توانیمان هەڵیبگرین؟ 11 بەڵام باوەڕمان هەیە کە بە بەخششی ئیشۆعی پەروەردگار ڕزگار دەبین، هەروەها ئەوانیش”. 12 هەموو جەماوەرەکە بێدەنگ بوون، گوێیان لە بەرنڤا و پۆڵۆس گرت، باسی ئەو پەرجو و نیشانانەیان دەکرد کە خودا لەسەر دەستیان لەنێو نەتەوەکان ئەنجامی داوە.
13 پاش ئەوەی بێدەنگ بوون، یاقوو فەرمووی: “برایان گوێم لێبگرن: 14 شیمعون هەواڵی دا کە چۆن خودا یەکەمجار نەتەوەکانی بەسەرکردووە، تا لەنێویاندا گەلێک بۆ ناوی خۆی ببات. 15 ئەوەش هاوتایە لەگەڵ فەرموودەی پێغەمبەران، وەکو نووسراوە: 16 { پاش ئەمە دەگەڕێمەوە ڕەشماڵە کەوتووەکەی داوید بنیاد دەنێمەوە، ڕووخاوییەکانی بنیاد دەنێمەوە و سەرلەنوێ هەڵیدەدەمەوە، 17 تاکو ئەو خەڵکانەی کە ماونەتەوە داوای پەروەردگار بکەن، هەموو ئەو نەتەوانەی ناوییان هەڵگرتووم. پەروەردگار ئاوا دەفەرمووێت، ئەوەی دروستکاری هەموو ئەمانەیە 18 کە هەر لە ئەزەلەوە کردارەکانی زانراون}. 19 بۆیە وادەبینم قورسایی نەخرێتە ئەستۆی ئەوانەی لە نەتەوەکانن کە بۆ لای خودا گەڕاونەتەوە، 20 بەڵکو بۆیان بنووسرێت، خۆیان بگرن لە گڵاوی بتەکان و داوێنپیسی و خنکێندراو و خوێن. 21 چونکە لە دێرزەمانەوە بانگەوازی مووشێ لە هەموو شارێک کرابوو و هەموو شەممەیەک لە کەنیشتەکان دەخوێندرایەوە”.
22 ئەوکات پەیامبەران و پیران لەگەڵ هەموو وارگە بینییان کە دوو پیاو لەنێو خۆیان هەڵبژێرن و لەگەڵ پۆڵۆس و بەرنڤا بۆ ئینتیاکیا ڕەوانەیان بکەن: ئیهوودا کە نازناوی بەڕشەببایە لەگەڵ شیلا، دوو پیاوی پێشکەوتوو لەنێو برایان. 23 بە دەستی خۆیان ئاوایان نووسی: “پەیامبەران و پیران و برایان، ئاشتی پێشکەشی ئەو برایانە دەکەن کە لە نەتەوەکانن لە ئینتیاکیا و سوریا و قیلیقیا: 24 بیستمان خەڵکانێک لەلامانەوە دەرچوون، بێئەوەی ئێمە فەرمانیان پی بدەین، بە قسەکانیان هەراسانیان کردوون کە وتوویانە دەبێت خروسەبڕین بکەن و پەیڕەوی شەریعەت بکەن. 25 وامان بینی و بە یەک ناخەوە چەند پیاوێک هەڵبژێرین و لەگەڵ خۆشەویستانمان بەرنڤا و پۆڵۆس بۆ لاتان بنێرین، 26 پیاوانێک کە خۆیان بەخت کردووە لەپێناوی ناوی پەروەردگارمان ئیشۆعی مەسیح. 27 ئیهوودا و شیلامان بۆ ناردن تاکو هەمان دۆزتان زارەکی پێ ڕابگەیەنن. 28 چونکە گیانی پارسا و ئێمەش وامان بینی، قورساییەکی زیاترتان نەخەینە سەر شان، بێجگەلەمانە کە پێویستن: 29 خۆتان بگرن لە سەربڕاوی بتەکان، هەروەها لە خوێن و خنکێندراو و داوێنپیسی، ئەگەر خۆتان لەمانە پاراست، ئافەرین بۆتان. ساغ بن”.
30 ئەمانیش کە بەڕێکران، هاتن بۆ ئینتیاکیا، جەماوەرەکەیان کۆکردەوە و پەیامەکەیان پێشکەش کرد. 31 کاتێک خوێندیانەوە بەو دڵنەواییانە دڵخۆش بوون. 32 ئيهوودا و شیلاش کە خۆیان پێشبین بوون، بە زۆر وتە ئامۆژگاریی برایانیان کرد و بەهێزیان کردنەوە. 33 پاش ئەوەی ماوەیەکیان بەسەربرد، لەلایەن برایانەوە، بە ئاشتییەوە ڕەوانە کرانەوە بۆ لای پەیامبەران. 34 بەڵام شیلا ئاوای بینیبوو لەوێ بمێنێتەوە. 35 پۆڵۆس و بەرنڤاش هەر لە ئینتیاکیا مانەوە، موژدەیان بە زۆر کەسی دیکەیان دەدا و فەرمایشتی ئامۆژگاریی پەروەردگاریان دەکردن.
36 پاش چەند ڕۆژێک پۆڵۆس بە بەرنڤای فەرموو: “با بگەڕێینەوە برایان بەسەر بکەینەوە، لە هەموو شارێک کە فەرمایشتی پەروەردگارمان لەنێویدا ڕاگەیاندووە و بزانین چۆنن”. 37 بەرنڤاش ڕاوێژی کرد یوخەننەن کە نازناوی مەرقوسە لەگەڵ خۆیان ببەن، 38 بەڵام پۆڵۆس پێی باش بوو ئەوەی لە پەمپۆلیا لێیان جیابووەوە و لەگەڵیان بۆ کارەکە نەڕۆیشت، لەگەڵ خۆیان نەیبەن. 39 لەبەرئەوە دەمەقاڵە کەوتە نێوانیان و لەیەکتری جیا بوونەوە. بەرنڤا مەرقوسی لەگەڵ خۆی برد و بە دەریادا بۆ قوبڕس گەشتی کرد. 40 بەڵام پۆڵۆس شیلای هەڵبژارد و دەرچوو، لەلایەن برایانەوە بە بەخششی خودای سپاردن. 41 بە سوریا و قیلیقیا تێپەڕبوون و وارگەکانیان بەهێز دەکرد.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

كردار بەندی پازدەیەم: PNTZS

بەرچاوکردن

لەبەرگرتنەوە

بەراوردکردن

هاوبەشی بکە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە