لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

كردار بەندی چواردەیەم

بەندی چواردەیەم
1 ئەوەبوو لە ئیقانون پێکەوە چوونە نێو کەنیشتی جووەکان، ئاوا قسەیان فەرموو تاکو جەماوەرێکی زۆر لە جوو و یۆنانییەکان باوەڕیان هێنا. 2 بەڵام ئەو جووانەی باوەڕیان نەهێنا، ناخی نەتەوەکانیان جۆش دا دژ بە برایان. 3 جا ماوەیەکی دوورودرێژ لەوێ مانەوە، بەئاشکرا باسی پەروەردگاریان دەکرد، ئەویش گەواهیی بۆ فەرمایشتی بەخششی خۆی دەدا و ڕێی دابوو پەرجو و نیشانە لەسەر دەستیان بکرێت. 4 جەماوەری شارەکە بوونە دوو بەش، هەندێکیان لەگەڵ جوو بوون، هەندێکیان لەگەڵ پەیامبەران. 5 کاتێک نەتەوەکان و جوو و سەرۆکەکانیان هێرشیان کردە سەر پەیامبەران تاکو بەردبارانیان بکەن، 6 هەستیان کرد، بۆ شاری لیسترە و دەڕبێی لیکاونیە و بۆ دەڤەرەکانی دەوروبەریان هەڵاتن. 7 لەوێ موژدەیان دەدا.
8 لە لیسترە پیاوێک هەبوو قاچەکانی بە زگماک پەککەوتە بوون، هەرگیز ڕێی نەکردبوو. 9 پۆڵۆسی بیست کە قسەی دەفەرموو، پۆڵۆسیش چاوی تێبڕی، کاتێک بینی باوەڕی هەیە ساغ بێتەوە، 10 بە دەنگێکی مەزن فەرمووی: “هەستە سەر قاچەکانت ڕاوەستە!”. یەکسەر هەڵبەزییەوە و ڕێی کرد. 11 کاتێک کۆمەڵانەکە بینییان پۆڵۆس چیی کرد، بە زمانی لیکاونیە دەنگیان بڵند کرد، وتیان: “خوداوەندەکان چەشنی خەڵکیان لێهاتووە و دابەزیونەتە لامان”. 12 جا بەرنڤایان ناونا (زییۆس)، پۆڵۆسیش (هرمس) چونکە قسەکاری سەرەکی بوو. 13 ئینجا کاهینی زییۆس هات، کە بەرامبەر شار بوو، گا و تاجی هێنابووە بەر دەروازەکان لەگەڵ کۆمەڵانێک، دەیویست سەربڕاو بکات. 14 کاتێک پەیامبەرەکان، بەرنڤا و پۆڵۆس، ئەمەیان بیست، جلەکانیان قڵیشاند، دەرپەڕینە لای خەڵکەکە، هاواریان کرد، فەرموویان: 15 “هۆ پیاوینە، بۆچی ئەمە دەکەن؟ ئێمەش ئادەمیزادین، لە ژێر هەمان ئازارداین وەک ئێوە، موژدەتان دەدەینێ واز لەم ناڕەوایانە بهێنن و بۆ لای خودای زیندوو بگەڕێنەوە، ئافرێنەری ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەوانەی تیایاندایە. 16 ئەوەی لە نەوەکانی ڕابردوودا، هێشتی هەموو نەتەوەکان بە ڕێگای خۆیان بڕۆن. 17 لەگەڵ ئەوەش خۆی بەبێ گەواهیی نەهێشتەوە، چاکە دەکات، لە ئاسمانەوە باران و وەرزی بەروبووممان دەداتێ، دڵمان لە خواردن و لە شادمانی پڕ دەکات”. 18 بە وتنی ئەم فەرموودانە و هەوڵدانێکی زۆر توانییان وا لە کۆمەڵانەکە بکەن کە سەربڕاویان بۆ نەکەن. 19 پاشان هەندێک جوو لە ئینتیاکیا و ئیقانونەوە هاتن، قەناعەتیان بە کۆمەڵانەکە کرد، پۆڵۆسیان بەردباران کرد و ڕایانکێشایە دەرەوەی شار، وایانزانی مرد. 20 بەڵام کاتێک قوتابییەکان دەوریان دا، هەستا، گەڕایەوە نێو شار، بۆ سبەینێ لەگەڵ بەرنڤا دەرچوو بۆ دەڕبێ. 21 لەو شارەدا موژدەیان دا و زۆر کەسیان کردە قوتابی.
ئینجا گەڕانەوە لیسترە و ئیقانون و ئینتیاکیا، 22 ناخی قوتابییەکانیان توند دەکردەوە ئامۆژگارییان دەکردن کە لە باوەڕ جیگیر بن، کە پێویستە بە تەنگانەی زۆردا بچینە نێو شانشینیی خودا. 23 قەشەیان بۆ هەر وارگەیەک هەڵبژارد، ئینجا بە ڕۆژوگرتنەوە نوێژیان کرد و دایانە دەست پەروەردگار کە باوەڕیان پێی هێنابوو. 24 کە بە پیسیدیەدا تێپەڕین و گەیشتنە پەمپۆلیا. 25 لە پەرجەدا فەرمایشتەکەیان ڕاگەیاند و بۆ ئیتالیا دابەزین. 26 لەوێشەوە بە دەریاوە بۆ ئینتیاکیا گەشتیان کرد، ئەو شوێنەی لێوەی ڕادەستی بەخششی خودا کران بۆ ئەو کارەی تەواویان کرد. 27 کاتێک ئامادەبوون و وارگەیان کۆکردەوە، باسی هەموو ئەوانەیان کرد کە خودا لەگەڵیان کردبووی، دەرگای باوەڕی بۆ نەتەوەکانیش واڵاکردووە. 28 لەوێ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ قوتابییەکان مانەوە.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

كردار بەندی چواردەیەم: PNTZS

بەرچاوکردن

لەبەرگرتنەوە

بەراوردکردن

هاوبەشی بکە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە