لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

كردار بەندی سێزدەیەم

بەندی سێزدەیەم
1 لە ئینتیاکیا لەنێو وارگەدا پێشبین و ڕابی هەبوون: بەرنڤا و شیمعونی ناسراو بە نیجەر، لوقیئیوسی قەورینێیی، مەناینی شیربرای شا هیڕوودس، لەگەڵ شاوول. 2 کاتێک ڕاژەی پەروەردگاریان دەکرد و ڕۆژوویان دەگرت، گیانی پارسا فەرمووی: “بەرنڤا و شاوولم بۆ تەرخان بکەن، بۆ ئەو کارەی بانگم کردوون بۆی”. 3 ئەوکات ڕۆژوویان گرت و نوێژیان کرد، دەستیان لەسەر دانان و بەڕێیانکردن.
4 ئەوانیش کە بە گیانی پارسا نێردران، بەرەو سولوکیە شۆڕبوونەوە، لەوێشەوە بە دەریادا بۆ قوبڕس گەشتیان کرد. 5 کاتێک گەیشتنە سەلامینا، فەرمایشتی خودایان لە کەنیشتەکانی جوو ڕاگەیاند. یوخەننەنیش وەک ڕاژەوان لەگەڵیان بوو. 6 بە دوورگەکەدا تێپەڕین بۆ پاپۆس، لەوێ جادووگەرێکی جوو پێغەمبەرێکی درۆزنیان بینی، ناوی بەڕشووما بوو، 7 لەگەڵ فەرمانڕەوا سەرگیۆس پۆڵۆس، کە پیاوێکی تێگەیشتوو بوو. بەرنڤا و شاوولی بانگکرد، پاڕایەوە تا گوێی لە فەرمایشتی خودا بێت. 8 بەڵام زانای جادووگەرە کە ئەمە واتای ناوەکەی بوو بەرەنگاریی کردن و هەوڵی دا فەرمانڕەوا لە باوەڕ لابدات.
9 کەچی شاوول کە پۆڵۆسیشی پێدەوترا، پڕبوو لە گیانی پارسا و تێیڕووانی، 10 فەرمووی: “ئەی پڕ لە هەموو فێڵ و نەگریسی! ئەی ڕۆڵەی ئیبلیس! ئەی دوژمنی هەموو چاکخوازییەک! هێشتا خەریکی چەوتکردنی ڕێگای ڕاستی خودایت؟ 11 ئەوەتا دەستی پەروەردگارت لەسەرە، کوێر دەبیت، بۆ ماوەیەک هەتاو نابینیت”. یەکسەر تەم و تاریکی دایپۆشی، گەڕا بەدوای یەکێک دەستی بگرێت. 12 کاتێک فەرمانڕەواکە بینی چی ڕوویدا، باوەڕی هێنا و سەری سوڕما لە ئامۆژگارییەکەی پەروەردگار.
13 پۆڵۆس و هاوڕێیانی لە پاپۆسەوە ڕۆیشتنە پەرجە لە پەمپۆلیا. بەڵام یوخەننەن لێیان جیابووەوە و گەڕایەوە یروشلایم. 14 ئەوانیش بە پەرجەدا هاتنە ئینتیاکیای پیسیدیه، ڕۆژی شەممە چوونە کەنیشت و دانیشتن. 15 پاش خوێندنەوەی شەریعەت و پێغەمبەران، پێشەوایانی کەنیشتەکە ناردنە دوایان، پێیان وتن: “برایان، ئەگەر وتارێکتان هەیە بۆ گەل، بفەرموون”. 16 پۆڵۆس هەستا، بە دەست ئاماژەی کرد، فەرمووی: “پیاوانی ئیسڕائیل، ئەوانەی لە خودا دەترسن، گوێبگرن! 17 خودای ئەم گەلەی ئیسڕائیل باوکانمانی هەڵبژارد، لە کاتی ئاوارەبوونیان لە خاکی میسڕدا گەلی بەرزکردەوە، بە بازووێکی بەرزیشەوە لەوێ دەریهێنان. 18 نزیکەی چل ساڵیش لە دەشتودەر بەرگەی خووەکانی گرتن. 19 ئینجا حەوت نەتەوەی لە زەویی کەنعانی فەوتاند و زەوییەکەیانی بە تیروپشک دابەش کردن. 20 تا ماوەی سەد و پەنجا ساڵییش دادوەری بۆ دانان تاکو پێغەمبەر شمووئێل. 21 پاش ئەوە داوای شایان کرد، شاوولی کوڕی قیشی پێدان، پیاوێک لە تیرەی بنیامین، بۆ ماوەی چل ساڵ. 22 پاشان لایبرد و داویدی کردە شایان، ئەوەی گەواهیشی بۆ دا، فەرمووی: { بینیم داویدی کوڕی ئیشەی، پیاوێکە بەگوێرەی دڵمە، ئەوەی هەموو خواستم جێبەجێ دەکات}. 23 لە نەوەی ئەمەوە، خودا بەگوێرەی بەڵێنەکەی ڕزگاریدەرێکی بۆ ئیسڕائیل هێنا، ئیشۆع. 24 کە پێش هاتنی، یوخەننەن بانگەوازی عەمادکردنی تۆبەی بۆ هەموو گەلی ئیسڕائیلی کرد. 25 کاتێک یوخەننەن کۆششەکەی تەواو کرد، وتی: وادەزانن من کێم؟ من ئەو نیم، ئەوەتا ئەوەی لە دوام دێت، ئەوەی شایانی ئەوە نیم سۆلەکانی پێی بکەمەوە.
26 “برایان، ڕۆڵەکانی ڕەگەزی ئەوڕاهەم، ئەوانەی لەنێوتاندا لە خودا دەترسن، پەیامی ئەم ڕزگارییە بۆ ئێوە هاتووە. 27 چونکە دانیشتوانی یروشلایم و سەرۆکەکانیان ئەمەیان نەناسی کاتێک تاوانباریان کرد. فەرموودەی پێغەمبەرانیان هێنایەدی کە هەموو شەممەیەک دەخوێندرێتەوە. 28 لەگەڵ ئەوەی هیچ هۆیەکیان بۆ مردن نەدۆزییەوە، داوایان لە پیڵاتوس کرد بیکوژێت. 29 کە هەموو ئەو شتانەیان هێنایەدی وا لەسەری نووسراوە، لە چێوەکە دایانبەزاند و خستیانە گۆڕ. 30 بەڵام خودا لەنێو مردووان هەستاندیەوە. 31 ڕۆژانێکی زۆریش بۆ ئەوانە دیارکەوت کە لە گلیلاوە تاکو یروشلایم لەگەڵیدا سەرکەوتبوون، ئێستا ئەوان گەواهیدەری ئەون بۆ گەل. 32 ئێمەش موژدەی ئەو بەڵێنەتان دەدەینێ کە بۆ باوکانمان درا، 33 ئەوەی خودا بۆ ئێمەی نەوەی ئەوان هێنایەدی، بە هەستانەوەی ئیشۆع، وەک لە دووەم پەسنیدا نووسراوە: { تۆ ڕۆڵەکەمیت، من ئەمڕۆ بوومە باوکت}. 34 ئەو لەنێو مردووان هەستاندیەوە، ئیتر بۆ بۆگەنی ناگەڕێتەوە، ئاوای فەرمووە: { میهرەبانییە ڕاستەکانی داویدتان پێ دەدەم}. 35 بۆیە لە پەسنیێکی دیکە دەفەرمووێت: { ناهێڵێت پارساکەت بۆگەنی ببینێت}. 36 چونکە داوید پاش ئەوەی بە خواستی خودا ڕاژەی نەوەکەیی کرد، نووست و چووە پاڵ باوکانی، بۆگەنیشی بینی. 37 بەڵام ئەوەی خودا هەستاندیەوە بۆگەنی نەبینی. 38 جا برایان، با لەلاتان زانراو بێت، بەمە بانگەوازی تاوانبەخشینتان پێدرا، 39 بە باوەڕهێنان بەم، بێتاوان دەکرێن لە هەموو ئەو شتانەی نەتانتوانی بە شەریعەتی مووشێ لێی بێتاوان بکرێن. 40 جا ئاگاداربن، نەوەک ئەوەی پێغەمبەران فەرموویانە بەسەرتاندا بێت: 41 { گاڵتەجاڕەکان تەماشاکەن، سەرسام بن و بفەوتێن! چونکە لە ڕۆژانتاندا کارێک دەکەم، کە هەرگیز بڕوا ناکەن ئەگەر کەسێک بۆتانی باسی بکات}”.
42 کاتێک جووەکان لە کەنیشت دەردەچوون، نەتەوەکان داوایان لێکردن شەممەی داهاتوو ئەم قسانەیان بۆ بفەرموون. 43 پاش کۆبوونەوەکە، زۆر لە جوو و خوداپەرستەکان کە بووبوونە جوو، بەدوای پۆڵۆس و بەرنڤا کەوتن، کە قسەیان بۆ دەفەرموون و قەناعەتیان پێدەکردن لە بەخششی خودادا جێگیر بن. 44 لە شەممەی داهاتوو نزیکەی هەموو شارەکە کۆبوونەوە، تاکو فەرمایشتی پەروەردگار ببیستن. 45 کاتێک جووەکان کۆمەڵانەکەیان بینی، پڕ بوون لە ئیرەیی، بەربەرەکانێی فەرموودەکانی پۆڵۆسیان دەکرد و کفریان دەکرد. 46 پۆڵۆس و بەرنڤاش بە ئاشکرا دووان، فەرموویان: “دەبووایە یەکەمجار فەرمایشتی خودامان بۆ ئێوە باس بکرایە. چونکە ڕەتتان کردەوە و حوکمتان دا کە شایانی ژیانی جاویدانی نین، ئەوەتا ڕوو لە نەتەوەکان دەکەین. 47 چونکە پەروەردگار ئاوای ڕایسپاردین: { کردوومیت بە ڕووناکی بۆ نەتەوەکان، تاکو ببیتە ڕزگاری بۆ ئەوپەڕی زەوی}”. 48 کاتێک نەتەوەکان ئەمەیان بیست، زۆر دڵخۆش بوون و شکۆیان دایە فەرمایشتی پەروەردگار. هەموو ئەوانەش کە بۆ ژیانی جاویدانی دەستنیشان کرابوون، باوەڕیان هێنا. 49 فەرمایشتی پەروەردگار لە هەموو دەڤەرەکەدا بڵاو بووەوە. 50 بەڵام جووەکان ژنە خوداترس و ڕێزدارەکان و پیاوماقوڵانی شاریان جۆش دا، چەوساندنەوەیان دژ بە پۆڵۆس و بەرنڤا بەرپاکرد، لە سنوورەکانیان دەریان کردن. 51 ئەوانیش تۆزی قاچیان تەکاندە سەریان، بۆ ئیقانۆن هاتن. 52 قوتابییەکانیش پڕدەبوون لە خۆشی و لە گیانی پارسا.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

كردار بەندی سێزدەیەم: PNTZS

بەرچاوکردن

لەبەرگرتنەوە

بەراوردکردن

هاوبەشی بکە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە