كردار بەندی دوازدەیەم
بەندی دوازدەیەم
1 لەو کاتەدا شا هیڕوودس دەستی درێژکرد بۆ خراپەکردن بەرامبەر خەڵکانێکی وارگە، 2 یاقووی برای یوخەننەنی بە شمشێر کوشت. 3 کە بینی ئەوە جێی ڕەزامەندی جووەکانە، پەتڕۆسیشی گرت. ڕۆژانی فەتیرەش بوو. 4 کاتێک گرتی، خستییە زیندان، بۆ پاسکردنی ڕادەستی چوار کۆمەڵی چوار سەربازیی کرد، بەتەمابوو پاش پەسخە بیهێنێتە بەردەم گەل. 5 پەتڕۆس لە زیندان پاس دەکرا، وارگەش بە پێداگرتن لەپێناوی نوێژیان بۆ خودا دەکرد.
6 بەڵام کاتێک هیڕوودس بەتەمابوو بیهێنێتە دەرەوە، لەو شەوەدا پەتڕۆس لەنێوان دوو سەربازدا نووستبوو، بە دوو زنجیر بەسترابووەوە، لەبەردەرگاش پاسەوان هەبوو، پاسی زیندانەکەیان دەکرد. 7 فریشتەیەکی پەروەردگار هات، ڕووناکی لەنێو خانووەکەدا درەوشایەوە، کەلەکەی پەتڕۆسی جوڵاند و بەئاگای هێنایەوە، فەرمووی: “خێرا هەستە!”. زنجیرەکان لە دەستەکانی کەوتن. 8 فریشتەکە پێی فەرموو: “پشتێنەکەت ببەستە و سۆلەکانت لە پێبکە!”. ئەویش ئاوای کرد. ئینجا پێی فەرموو: “کراسەکەت لەبەربکە و شوێنمکەوە”. 9 ئەویش دەرچوو و شوێنی کەوت. نەیدەزانی ئەوەی لەڕێی فریشتەکەوە ڕوودەدات ڕاستە، بەڵکو وایدەزانی بینینێک دەبینێت. 10 لە پاسگەی یەکەم و دووەم تێپەڕبوون و هاتنە لای دەروازە ئاسنینەکەی بەرەو شار، لە خۆیەوە بۆیان واڵابوو، دەرچوون و شەقامێکیان بڕی، یەکسەر فریشتەکە بەجێیهێشت.
11 پەتڕۆس بەخۆیدا هاتەوە، فەرمووی: “ئێستا بە ڕاستی زانیم کە پەروەردگار فریشتەکەی نارد و لە دەستی هیڕوودس و هەموو ئەوەی گەلی جوو چاوەڕێی بوو قورتاری کردم”. 12 کە ئەمە تێگەیشت، هاتە ماڵی مەریەمی دایکی یوخەننەن کە نازناوی مەرقوس بوو، زۆر کەس لەوێدا کۆبووبوونەوە نوێژیان دەکرد. 13 کە پەتڕۆس لە دەرگای داڵانەکەی دا، کەنیزەیەک هات ناوی ڕەودا بوو تاکو ببیستێت. 14 کاتێک دەنگی پەتڕۆسی ناسییەوە لە خۆشیان دەرگاکەی نەکردەوە، بەڵکو ڕایکردە ژوورەوە، هەواڵی دا کە پەتڕۆس لەبەردەرگا ڕاوەستاوە. 15 پێیان فەرموو: “وڕینە دەکەیت!”. بەڵام ئەو پێداگر بوو کە وایە. جا فەرموویان: “ئەوە فریشتەکەیەتی!”. 16 پەتڕۆسیش لە لێدانەکە بەردەوام بوو. کاتێک کردیانەوە و بینییان، سەرسام بوون. 17 بە دەست ئاماژەی بۆ کردن بێدەنگ بن، ئینجا بۆی گێڕانەوە چۆن پەروەردگار لە زیندان دەریهێنا، فەرمووی: “ئەمە بە یاقووی برایان بڵێن”. ئینجا دەرچوو، بۆ شوێنێکی دیکە ڕۆیشت.
18 کە ڕۆژبووەوە شڵەژانێکی گەورە لەنێو سەربازەکاندا دروست بوو: ئاخۆ پەتڕۆس چی لێهات؟ 19 کاتێک هیڕوودس داوایکرد و نەیدۆزییەوە، لێکۆڵینەوەی لەگەڵ پاسەوانەکان کرد و فەرمانی دا بکوژرێن. ئینجا لە ئیهووداوە شۆڕبووەوە بۆ قەیسەڕییە و لەوێ مایەوە.
20 هیڕوودس لە خەڵکی سووڕ و سەیدەن چووبووە قینەوە، ئەوانیش بە یەک ناخ بۆ لای هاتن و بلاستۆسی سەرپەرشتیاری ماڵی شایان ڕەزامەند کرد و داوای ئاشتبوونەوەیان کرد، چونکە دەڤەرەکەیان لە دەڤەری شاوە ئازووقە دەدرا. 21 لە ڕۆژی دیاریکراودا هیڕوودس جلی شانشینی لەبەرکرد، لەسەر تەختی شایانە دانیشت، وتاری بۆیان دا. 22 گەلیش هاواریان کرد: “ئەمە دەنگی خوداوەندێکە، دەنگی مرۆڤ نییە!”. 23 یەکسەر فریشتەی پەروەردگار گورزی لێدا، چونکە شکۆی نەدایە خودا، کرم خواردی و مرد.
24 بەڵام فەرمایشتی خودا گەشەی دەکرد و زیاتر دەبوو. 25 بەرنڤا و شاوولیش پاش تەواوکردنی ڕاژەکە لە یروشلایم گەڕانەوە، یوخەننەنیان لەگەڵ خۆیان برد، کە نازناوی مەرقوسە.
دیاریکراوەکانی ئێستا:
كردار بەندی دوازدەیەم: PNTZS
بەرچاوکردن
لەبەرگرتنەوە
بەراوردکردن
هاوبەشی بکە
دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە
© Bible Society in Lebanon (2018)
کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٨