لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

كردار بەندی یازدەیەم

بەندی یازدەیەم
1 پەیامبەران و برایان کە لە ئیهوودا بوون، بیستیان نەتەوەکانیش فەرمایشتی خودایان پەسەند کردووە. 2 کاتێک پەتڕۆس سەرکەوت بۆ یروشلایم، باوەڕدارانی خروسەبڕاو لێی ناڕازی بوون، 3 دەیانوت: “تۆ چوویتە ماڵی پیاوانێکی خروسەنەبڕاو و نانت لەگەڵیان خواردووە!”. 4 پەتڕۆسیش ئەوەی ڕوویدابوو یەک لەدوای یەک بۆیانی ڕوون کردەوە، فەرمووی: 5 “من لە شاری یۆپێ بووم نوێژم دەکرد، لەهۆش خۆم چووم و بینینێکم بینی: دەفرێک لە ئاسمانەوە وەک سەرینێکی مەزن بە هەرچوار لایەوە بۆ لام شۆڕکرایەوە. 6 بە وردی تەماشام کرد و تێمڕوانی، پێدارانی زەوی و دڕندە و خشۆک و باڵندەی ئاسمانم بینی. 7 دەنگێکم بیست پێی فەرمووم: هەستە پەتڕۆس، سەرببڕە و بخۆ. 8 منیش وتم: نەخێر پەروەردگار! چونکە هەرگیز شتی پیس و گڵاو نەچووەتە دەمم. 9 دەنگەکە دووبارە لە ئاسمانەوە فەرمووی: ئەوەی خودا بێگەردی کردووە تۆ بە گڵاوی دامەنێ. 10 ئەمە سێبارە بووەوە. پاشان هەموو شتەکان بۆ ئاسمان ڕاکێشرانەوە. 11 جا یەکسەر سێ پیاو لەپێش ئەو ماڵە ڕاوەستان کە لەنێویدا بووم، لە قەیسەڕییەوە بۆ لام نێردرابوون. 12 گیانەکە پێی فەرمووم کە بێ دوودڵی لەگەڵیان بڕۆم. ئەم شەش برایەش لەگەڵم ڕۆیشتن. چووینە ماڵی پیاوەکە، 13 ئەویش بۆی گێڕاینەوە چۆن فریشتەی لە ماڵەکەیدا بینیوە ڕاوەستاوە، فەرموویەتی: پیاو بنێرە بۆ یۆپێ بەدوای شیمعوندا کە نازناوی پەتڕۆسە، 14 ئەو قسەیەکتان بۆ دەکات بەهۆیەوە خۆت و هەموو ماڵەکەت ڕزگار دەبن. 15 کاتێک دەستم کرد بە قسەکردن، گیانی پارسایان بەسەردا هات، وەک لە سەرەتای ئێمەش. 16 جا فەرموودەکەی پەروەردگارم یاد هاتەوە کە فەرمووی: یوخەننەن بە ئاو عەمادی کرد، بەڵام ئێوە بە گیانی پارسا عەماد دەکرێن. 17 جا ئەگەر خودا هەمان بەهرەی بەوان دابێت، هەروەک پێمانی داوە کە باوەڕمان بە پەروەردگار ئیشۆعی مەسیح هێنا، ئیتر من کێم؟ دەتوانم ڕێگا لە خودا بگرم؟”. 18 کاتێک ئەمەیان بیست، بێدەنگ بوون و خودایان شکۆدرا کرد، وتیان: “کەواتە خودا تۆبەکردنی بۆ ژیان بە نەتەوەکانیش بەخشیوە!”.
19 ئینجا ئەوانەی بەهۆی ئەو تەنگانەیەی بەسەر ئستیفانۆسدا هات، پەرتەوازە بوون. پەڕینەوە بۆ پۆنیقێ و قوبڕس و ئینتاکیا، باسی فەرمایشتەکەیان بۆ کەس نەدەکرد، تەنها بۆ جوو نەبێت. 20 بەڵام هەندێکیان پیاوانی خەڵکی قوبڕس و قەورینێ بوون، کاتێک هاتنە ئینتاکیا، قسەیان بۆ یۆنانییەکان دەکرد و موژدەی ئیشۆعی پەروەردگاریان دەدا. 21 دەستی پەروەردگاریان لەگەڵ بوو، ژمارەیەکی زۆر باوەڕیان هێنا و بۆ پەروەردگار گەڕانەوە.
22 ئەم هەواڵە گەیشتە گوێی وارگەی بروشلایم، ئەوانیش بەرنڤایان بۆ ئینتاکیا نارد. 23 کاتێک هات و بەخششی خودای بینی، دڵخۆش بوو، ئامۆژگاریی هەمووانی کرد کە بە نیازی دڵ لە پەروەردگاردا جێگیربن، 24 چونکە پیاوێکی باش بوو، پڕبوو لە گیانی پارسا و باوەڕ. کۆمەڵێکی زۆریش هاتنە پاڵ پەروەردگارەوە.
25 ئەوسا بەرنڤا دەرچوو بۆ تەرسوس تاکو بەدوای شاوولدا بگەڕێت. کاتێک دۆزییەوە بۆ ئینتیاکیای هێنا. 26 ئیتر ساڵێکی تەواو لە وارگە کۆبوونەوە و کۆمەڵێکی زۆریان ئامۆژگاری کرد. یەکەمجار لە ئینتیاکیا قوتابییەکان ناویان لێنرا (مەسیحیەکان).
27 لەو ڕۆژانەدا هەندێک پێشبین لە یروشلایمەوە شۆڕبوونەوە بۆ ئینتیاکیا. 28 یەکێک لەوان ناوی ئاگابۆس بوو، بە گیانەوە ئاماژەی کرد کە برسێتییەکی مەزن خەریکە هەموو دونیا بگرێتەوە ئەوەی لە سەردەمی قلەودییوس قەیسەڕیش ڕوویدا. 29 قوتابییەکان بڕیاریان دا هەریەکە بەگوێرەی توانای شتێک بنێرێت بۆ ڕاژەکردنی ئەو برایانەی لە ئیهوودا دەژین. 30 جا وایان کرد و بە دەستی بەرنڤا و شاوول بۆ پیرانییان نارد.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

كردار بەندی یازدەیەم: PNTZS

بەرچاوکردن

لەبەرگرتنەوە

بەراوردکردن

هاوبەشی بکە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە