لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

كردار بەندی دەیەم

بەندی دەیەم
1 لە قەیسەڕییەدا پیاوێک بەناوی قورنیلیوس هەبوو، سەرپەل بوو لەو لیوایەی پێی دەوترا ئیتالی. 2 خۆی و هەموو ماڵەکەی خوداپەرست و خوداترس بوون، چاکەی زۆری بۆ گەل دەکرد و هەردەم نوێژی بۆ خودا دەکرد. 3 نزیکەی کاژێری سێی ڕۆژ، لە بینینێکدا بە ڕوونی بینی فریشتەیەکی خودا هاتە لای، پێی فەرموو: “قورنیلیوس!”. 4 کە تەماشای کرد، ترس چووە نێو دڵی، وتی: “ها گەورەم؟”. پێی فەرموو: “نوێژەکانت و بەخشینەکانت وەک یادەوەری بەرز بوونەتەوە بەردەم خودا. 5 ئێستا چەند پیاوێک بۆ یۆپێ بنێرە، ئەو شیمعونەی پێی دەوترێت پەتڕۆس بهێنن. 6 لە ماڵی شیمعونی پێستەخۆشکارە، کە ماڵەکەی لەسەر دەریایە. ئەو پێت دەفەرمووێت چی بکەیت”. 7 کاتێک فریشتەکە وا قسەی لەگەڵ قورنیلیوسی دەفەرموو دەرپەڕی، دووان لە ڕاژەوانەکانی لەگەڵ سەربازێکی خوداپەرستی بانگکرد لەوانەی هاوڵی بوون، 8 هەموو شتێکی بۆ گێڕانەوە و ناردیانی بۆ یۆپێ.
9 بۆ سبەینێ، کاتێک بە ڕێگاوە بوون، لە شارەکە نزیک دەبوونەوە، نزیکەی کاژێر دوازدە، پەتڕۆس بۆ نوێژکردن چووە سەربان. 10 زۆر برسیی بوو، ئارەزووی خواردنی دەکرد. کاتێک ئامادەیان بۆ دەکرد، لەهۆش خۆی چوو، 11 ئاسمانی بە واڵایی بینی، دەفرێک وەک سەرینێکی مەزن دابەزی، بە هەر چوار لاوە بەسترابووەوە و شۆڕکرایەوە سەر زەوی. 12 هەموو پێدارانی زەوی ودڕندە و خشۆک و باڵندەی ئاسمانی تێدابوو. 13 دەنگێکی بۆ هات: “هەستە پەتڕۆس، سەرببڕە و بخۆ!”. 14 پەتڕۆس فەرمووی: “نەخێر پەروەردگار! چونکە هەرگیز شتی پیس یان گڵاوم نەخواردووە”. 15 دیسان دەنگەکەی بۆ هاتەوە: “ئەوەی خودا بێگەردی کردووە تۆ بە گڵاوی دامەنێ!”. 16 ئەمەش سێبارە بووەوە، پاشان دەفرەکە بۆ ئاسمان بەرزبووەوە. 17 کە پەتڕۆس لە ناخیدا سەرگەردان بوو: ئاخۆ دەبێت ئەم بینینە چی بێت کە بینیی؟ ئەو پیاوانەی قورنیلیوس ناردبوونی، بە پرس ماڵی شیمعونیان دۆزییەوە و لەبەردەرگا وەستان 18 بانگیان کرد، پرسییان: “شیمعون کە نازناوی پەتڕۆسە لەوێ نیشتەجێیە؟”. 19 لەکاتێکدا پەتڕۆس بیر لە بینینەکەی دەکردەوە، گیانەکە پێی فەرموو: “سێ پیاو لەبەردەرگا داوات دەکەن. 20 هەستە دابەزە، بێ دوودڵی لەگەڵیان بڕۆ، چونکە خۆم ناردوومن”. 21 پەتڕۆسیش بۆ لای پیاوەکان دابەزی کە لەلایەن قورنیلیوس نێردرابوون، فەرمووی: “ئەوەی دەتانەوێت منم. هۆکاری هاتنتان چییە؟”. 22 وتیان: “قورنیلیوسی سەرپەل، پیاوێکی چاکخواز و خوداترسە، هەموو نەتەوەی جوو گەواهیی بۆ دەدەن، بە فریشتەیەکی پارسا سروشی بۆ هات کە بۆ ماڵی خۆی بانگتان بکات و گوێ لە قسەکانتان بگرێت”. 23 جا بۆ ژوورەوە بانگی کردن و میوانیی کردن. بۆ سبەینێ پەتڕۆس لەگەڵیان دەرچوو، هەندێک برایانی خەڵکی یۆپێش هاوڵی بوون.
24 بۆ سبەینێ چوونە نێو قەیسەڕییە. قورنیلیوسیش چاوەڕێی دەکردن، خزم و دۆستانی نزیکی خۆیی بانگهێشت کردبوو. 25 کاتێک پەتڕۆس هاتە ژوورەوە، قورنیلیوس پێشوازیی لێکرد و لەبەرپێی کەوت و کڕنۆشی برد. 26 پەتڕۆس هەڵیستاند، فەرمووی: “هەستە! منیش مرۆڤێکم!”. 27 کاتێک قسەی لەگەڵ دەکرد، چووە ژوورەوە، زۆر کەسی بینی کۆبوونەتەوە، 28 پێی فەرموون: “خۆتان دەزانن چۆن یاساغە بۆ پیاوێکی جوو تێکەڵاوی بێگانە بێت یان بچێتە لای. بەڵام من خودا نیشانی دام بە هیچ مرۆڤێک نەڵێم پیس یان گڵاو. 29 بۆیە کە بانگهێشتتان کردم بێ لاری هاتم. پرسیش دەکەم: بە چ هۆکارێک بانگهێشتان کردم؟”. 30 قورنیلیوس وتی: “چوار ڕۆژ لەمەوبەر ڕۆژووم گرتبوو تاکو ئەم کاژێرەش. لە کاژێر سێ لەماڵی خۆم نوێژم دەکرد. پیاوێک بەجلی بریسکەدارەوە لەبەردەمم ڕاوەستا، 31 فەرمووی: قورنیلیوس نوێژەکانت گیرا بوون و بەخشینەکانت لەبەردەم خودا یادکرانەوە. 32 بۆ یۆپێ بەدوای شیمعوندا بنێرە کە نازناوی پەتڕۆسە. لە ماڵی شیمعونی پێستەخۆشکارە لەسەر دەریا. ئەو هەر کە هات قسەت بۆ دەفەرمووێت. 33 یەکسەر بەدوامدا ناردن. ئێوەش باشتان کرد کە هاتن. ئێستاش هەموومان لەبەردەم خودا ئامادەین، تاکو گوێبگرین لە هەموو ئەوەی خودا فەرمانی پێکردوون”.
34 پەتڕۆس زاری کردەوە، فەرموویی: “لەڕاستیدا من وا دەبینم کە خودا جوداخوازیی ناکات. 35 بەڵکو لە هەر نەتەوەیەک، ئەوەی ترسی ئەوی لە دڵدا بێت و چاکخوازی ئەنجام بدات، لەلای پەسەندە. 36 ئەو فەرمایشتەی بۆ نەوەی ئیسڕائیلی نارد، موژدەی ئاشتییە بە ئیشۆعی مەسیح. ئەوەی پەروەردگاری هەمووانە. 37 خۆتان ئەو دۆزانە دەزانن کە لە هەموو ئیهوودا ڕوویدا، دەستپێک لە گلیلاوە، پاش ئەوەی یوخەننەن بانگەوازی عەمادکردنەکەی کرد. 38 چۆن خودا بە گیانی پارسا و هێز ئیشۆعی ناسڕەتیی دەستنیشانکرد، ئەوەی دەگەڕا و چاکەی دەکرد و هەموو ئەوانەی ئیبلیس بەسەریاندا زاڵ بووبوو ساغی دەکردنەوە، چونکە خودا لەگەڵی بوو. 39 ئێمە گەواهیدەری هەموو ئەو شتانەین کە لە دەڤەری ئیهوودا و یروشلایم ئەنجامی دا. ئەوەی بە هەڵواسینی بە چێوەوە کوشتیان. 40 خوداش لە ڕۆژی سێیەم هەستاندیەوە و ڕێگای دا دەرکەوێت، 41 نەک بۆ هەموو گەل، بەڵکو بۆ ئەو گەواهیدەرانەی کە خودا پێشتر هەڵیانبژاردبوو. بۆ ئێمە کە پاش هەستانەوەی لەنێو مردووان، لەگەڵیدا خواردمان و نۆشیمان. 42ڕ ایسپاردین بۆ گەل ڕابگەیێنین و گەواهی بدەین کە خودا ئەمی بە حوکمدەری زیندووان و مردووان داناوە. 43 هەموو پێغەمبەران گەواهیی بۆ دەدەن کە هەر کەسێک باوەڕی پێبهێنێت، بەخشینی تاوانەکانی بەناوی ئەو دەست دەکەوێت”.
44 کاتێک پەترۆس باسی ئەم دۆزانەی دەکرد، گیانی پارسا هاتە سەر هەموو ئەوانەی فەرمایشتەکەیان دەبیست. 45 باوەڕدارانی خروسەبڕاو سەریان سوڕما، هەموو ئەوانەی لەگەڵ پەتڕۆس هاتبوون، چونکە بەهرەی گیانی پارسا بەسەر نەتەوەکانیشدا ڕژا. 46 چونکە دەیانبیست بە زمانەکان دەدوێن و ستایشی خودا دەکەن. ئەوکات پەتڕۆس فەرمووی: 47 “کەس هەیە لاریی هەبێت لە ئەمانەی وەک خۆمان گیانی پارسایان وەرگرتووە لە ئاو عەماد بکرێن؟” 48 جا فەرمانی دا بەناوی پەروەردگار عەماد بکرێن. ئینجا داوایان لێکرد چەند ڕۆژێک بمێنێتەوە.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

كردار بەندی دەیەم: PNTZS

بەرچاوکردن

لەبەرگرتنەوە

بەراوردکردن

هاوبەشی بکە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە