على التوازي
كورته‌ باسێك
مه‌تا جوله‌كه‌یه‌كی باجگر بوو، مه‌سیح بانگی كرد ببێته‌ یه‌كێك له‌ قوتابییه‌كانی. باوه‌ڕی هێنا و وازی له‌ كاره‌كه‌ی هێنا و بووه‌ شوێنكه‌وته‌ی عیسا (بڕوانه‌ مه‌تا 9‏:9‏-13).‏‏ به‌ سروشی (وه‌حی) ڕۆحی پیرۆز په‌یامی مژده‌ی مه‌سیح و سه‌ربورده‌ی ژیانی ئه‌وی نووسییه‌وه‌، زۆربه‌ی ئه‌و ڕووداوانه‌ی كه‌ باسی ده‌كات به‌ چاوی خۆی بینیویه‌تی. مێژووی نووسینه‌وه‌كه‌ی دیار نییه‌، به‌ڵام به‌ ساڵی (60‏–65 ز.) مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێ.
ئامانجی سه‌ره‌كی له‌ نووسینه‌كه‌ی ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ بیسه‌لمێنێ عیسا ئه‌و مه‌سیحه‌یه‌ كه‌ گه‌لی خودا چاوه‌ڕێی هاتنی بوون. یه‌كێك له‌ گرنگترین ڕسته‌كانیش كه‌ نووسیویه‌تییه‌وه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ی مه‌سیحه‌ كه‌ فه‌رموویه‌تی: «وا بیر نه‌كه‌نه‌وه‌ من هاتووم ته‌ورات یان پێغه‌مبه‌ران بسڕمه‌وه‌…، به‌ڵكو هاتووم بۆ ته‌واوكردنیان. ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: هه‌تا زه‌وی و ئاسمان له‌ئارادا بێت، پیتێك یان خاڵێك له‌ ته‌ورات له‌ناو ناچێت، هه‌تا هه‌مووی دێته‌ دی» 5‏:17‏-18.‏‏ په‌یامه‌كه‌ی ئاراسته‌ی جوله‌كه‌كان كردووه‌، هه‌وڵی داوه‌ تیشك بخاته‌ سه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ی ژیانی عیسا كه‌ هه‌موو پێشبینییه‌كانی پێغه‌مبه‌ران ده‌رباره‌ی مه‌سیح له‌ ئه‌ودا هاتوونه‌ته‌ دی و ڕه‌چه‌ڵه‌كه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ داود و ئیبراهیم. ئه‌و پاشایه‌ی جوله‌كه‌كان چاوه‌ڕێیان ده‌كرد له‌ژێر ده‌ستی داگیركه‌ران ڕزگاریان بكات. به‌ڵام كه‌ هات چاوه‌ڕێی پاشایه‌كی زه‌مینی بوون، نه‌ك ئه‌و پاشا ئاسمانییه‌ی كه‌ له‌ داهاتوو بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ پاشایه‌تی ده‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌شداربوون له‌ له‌خاچدان و كوشتنی.
نووسراوه‌كه‌ی مه‌تا له‌پێشه‌وه‌ی هه‌موو نووسراوه‌كانی په‌یمانی نوێ دانراوه‌. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ پردێك داده‌نرێ له‌نێوان په‌یمانی نوێ و نووسراوی پێغه‌مبه‌رانی كۆن.