مهتتهی بەندی حەڤدەیەم
بەندی حەڤدەیەم
1 پاش شەش ڕۆژ، ئیشۆع پەتڕۆس و یاقوو و یوخەننەنی برای یاقووی بەتەنیا بردە سەر چیایەکی بەرز. 2 لە بەردەمیان ڕواڵەتی گۆڕا، ڕوخساری وەک خۆر درەوشایەوە و جلەکانی وەک ڕووناکی سپی هەڵگەڕان. 3 مووشێ و ئیلییایان بۆ دیارکەوت، قسەیان لەگەڵ فەرموو. 4 ئینجا پەتڕۆس بە ئیشۆعی وت: “پەروەردگار، خۆشە لێرە بین! ئەگەر دەتەوێت لێرە سێ کەپرتان بۆ هەڵدەین: یەکێک بۆ ئێوە، یەکێک بۆ مووشێ، یەکێکیش بۆ ئیلییا”. 5 کاتێک قسەی دەکرد، هەورێکی ڕۆشن بوو بە سێبەریان و دەنگێک لە هەورەکەوە فەرمووی: “ئەمەیە ڕۆڵەی خۆشەویستم، کە پێی شادمانم. گوێی لێبگرن!” 6 کاتێک قوتابییەکان بیستیان، بەسەر ڕوودا کەوتن، زۆر ترسان. 7 ئیشۆع هات، دەستی لێدان، فەرمووی: “هەستن، مەترسن” 8 ئینجا چاویان هەڵبڕی، بێجگەلە ئیشۆع کەسیان نەبینی.
9 کە لە چیاکە دادەبەزین، ئیشۆع ڕایسپاردن، فەرمووی: “ئەمەی بینیتان بە کەسی مەڵێن، تاکو ڕۆڵەی مرۆڤ لەنێو مردووان هەڵدەستێتەوە”. 10 قوتابییەکانی لێیان پرسی، وتیان: “بۆچی شەریعەتزانەکان دەڵێن: دەبێت یەکەمجار ئیلییا بێت؟”. 11 ئیشۆع وەڵامی دایەوە، پێی فەرموون: “یەکەمجار ئیلییا دێت، هەموو شتێک ڕێک دەخاتەوە. 12 بەڵام پێتان دەڵێم: ئیلییا هات و نەیانناسی، چییان ویست پێیان کرد. هەروەها ڕۆڵەی مرۆڤیش بە دەستیانەوە ئازار دەچێژێت”. 13 ئەوکات قوتابییەکان تێگەیشتن کە باسی یوخەننەنی عەمادکاری بۆ فەرموون.
14 کاتێک گەیشتە لای کۆمەڵەکە، پیاوێک لێی هاتە پێش و چۆکی بۆ دادا، 15 وتی: “گەورەم، بەزەییتان بە کوڕەکەمدا بێتەوە، پەرکەمی هەیە و ئازارێکی توند دەچێژێت. زۆر جار دەکەوێتە نێو ئاگر و زۆر جاریش نێو ئاوەوە. 16 هێنامە لای قوتابییەکانتان نەیانتوانی ساغی بکەنەوە”. 17 ئیشۆع وەڵامی دایەوە، فەرمووی: “نەوەی بێباوەڕ و چەوت، تا کەی لەگەڵتان بم؟ تا کەی بەرگەتان بگرم؟ بیهێننە ئێرە بۆ لام!”. 18 ئیشۆع لێی ڕاخوڕی، ئەهریمەنەکە لێی دەرچوو، لەو کاژێرەوە کوڕەکە ساغ بووەوە. 19 پاشان قوتابییەکان بە تەنیا هاتنە لای ئیشۆع، وتیان: “بۆچی ئێمە نەمانتوانی دەریبکەین؟”. 20 ئیشۆع پێی فەرموون: “لەبەر بێباوەڕیتان. ڕەواتان پێدەڵێم: ئەگەر ئەوەندەی دەنکە خەردەلێک باوەڕتان هەبێت، بەم کێوە دەتانوت: لێرە بڕۆ بۆ ئەوێ، دەڕوات، هیچ شتێکیش بۆتان ئەستەم نابێت. 21 بەڵام ئەم ڕەگەزە دەرناچێت، بە نوێژ و ڕۆژوو نەبێت”.
22 کاتێک لە گلیلا بوون، ئیشۆع پێی فەرموون: “ڕۆڵەی مرۆڤ ڕادەستی خەڵک دەکرێت و 23 دەیکوژن، لە ڕۆژی سێیەمیش هەڵدەستێتەوە”. ئەوانیش زۆر خەمیان خوارد.
24 کاتێک هاتنە کپەڕناخوم، باجگرانی دوو درهەمەکە هاتنە لای پەتڕۆس، وتیان: “ڕابیتان دوو درهەمەکە نادات؟”. 25 وتی: “بەڵێ”. کاتێک هاتە ماڵەوە، ئیشۆع پێشی کەوت، فەرمووی: “ڕات چییە شیمعون؟ شایانی زەوی باج و سەرانە لە کێ وەردەگرن؟ لە ڕۆڵەکانیان یان لە بیانی؟” 26 پەتڕۆس پێی وت: “لە بیانی”. ئیشۆعیش پێی فەرموو: “کەواتە ڕۆڵەکان ئازادن. 27 بەڵام تاکو بۆیان نەبینە کۆسپ، بڕۆ دەریاکە، قولابێک هەڵدە، یەکەم ماسی دەردەچێت بیگرە، کە دەمی دەکەیتەوە، ستاتیرێک دەبینیتەوە، بیبە، لە جیاتی خۆم و خۆت بیاندەرێ”.
Trenutno izabrano:
مهتتهی بەندی حەڤدەیەم: PNTZS
Istaknuto
Kopiraj
Uporedi
Podeli
Želiš li da tvoje istaknuto bude sačuvano na svim tvojim uređajima? Kreiraj nalog ili se prijavi
© Bible Society in Lebanon (2018)
کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٨