مهتتهی بەندی پازدەیەم
بەندی پازدەیەم
1 ئەوکات پەڕیشی و شەریعەتزانەکان لە یروشلایمەوە هاتنە لای ئیشۆع، وتیان: 2 “بۆچی قوتابییەکانتان نەریتی پیران دەشکێنن؟ پێش چێشتخواردن دەستیان ناشۆن؟” 3 وەڵامی دانەوە، پێی فەرموون: “ئێوەش بۆچی لەبەر نەریتی خۆتان ڕاسپاردەی خودا دەشکێنن؟ 4 خودا ڕایسپاردووە و فەرموویەتی: { ڕێز لە باوک و دایکت بنێ}، { ئەوەی جنێو بە باوکی یان دایکی بدات، با بکوژرێت}. 5 کەچی ئێوە دەڵێن: ئەوەی بە باوکی یان دایکی بڵێت: ئەوەی لێم وەردەگرن، قوربانییە، 6 با ڕێز لە باوکی یان دایکی نەنێت. جا لەبەر نەریتی خۆتان فەرمایشتی خودا پووچ دەکەنەوە! 7 ڕووبازینە! دەربارەتان ئێشەعیا پێشبینیی باشی کردووە، دەڵێت: 8 { ئەم گەلە بە زار لێم نزیک دەبنەوە، بە لێوان ڕێزم لێدەنێت، بەڵام دڵی لێم دوورە. 9 بە ناڕەوا دەمپەرستن، ئامۆژگارییەک دەکەن کە ڕاسپاردەی خەڵکە}”.
10 ئینجا کۆمەڵانەکەی بانگکرد، پێی فەرموون: “گوێبگرن و تێبگەن. 11 ئەوەی دەچێتە نێو دەمەوە، مرۆڤ گڵاو ناکات، بەڵکو ئەوەی لە دەمەوە دەردەچێت، ئەوەیە مرۆڤ گڵاو دەکات”. 12 ئەوکات قوتابییەکان هاتنە پێش، پێیان وت: “دەزانن کاتێک پەڕیشییەکان فەرموودەکەیان بیست پێیان ناخۆش بوو؟” 13 وەڵامی دایەوە، فەرمووی: “هەر ڕووەکێک باوکی ئاسمانیم نەیچاندبێت، هەڵدەکەندرێت. 14 لێیانگەڕێن. ئەوانە کوێرن ڕابەری کوێرانن. ئەگەر کوێر ڕابەری کوێر بێت، هەردووکیان دەکەونە چاڵەوە”. 15 پەتڕۆس وەڵامی دایەوە، پێی وت: “ئەم پەندەمان بۆ ڕاڤە بکەن”. 16 ئیشۆع فەرمووی: “ئێوەش هێشتا تێناگەن؟ 17 نازانن هەرچی دەچێتە نێو دەمەوە دەڕواتە نێو هەناو، دواتر فڕێدەدرێتە دەرەوە؟ 18 بەڵام ئەوەی لە دەمەوە دەردەچێت، لە دڵەوە هەڵدەقوڵێت، ئەوەیە مرۆڤ گڵاو دەکات، 19 چونکە ئەندێشەی بەد لە دڵەوە هەڵدەقوڵێت: کوشتن، داوێنپیسی، بەدڕەوشتی، دزی، گەواهیدانی درۆ، کفرکردن. 20 ئەمانەن مرۆڤ گڵاو دەکەن. بەڵام خواردن بەبێ دەستشوشتن مرۆڤ گڵاو ناکات”.
21 ئیشۆع لەوێ دەرچوو، ڕۆیشتە دەڤەری سوڕ و سەیدەن. 22 ئافرەتێکی کەنعانی خەڵکی ئەو دەڤەرەوە دەرچوو، هاواری بۆ کرد، دەیوت: “بەزەییتان پێمدا بێتەوە، گەورەم، ڕۆڵەی داوید! کچەکەم زۆر شێت بووە.” 23 بەڵام بە وشەیەکیش وەڵامی نەدایەوە. قوتابییەکانی هاتنە پێشی و داوایان لێیکرد، وتیان: “بەڕێیکەن، چونکە بەدوامانەوە هاوار دەکات!” 24 وەڵامی دایەوە، فەرمووی: “تەنها بۆ کاوڕە وێڵەکانی ماڵی ئیسڕائیل نێردراوم”. 25 جا ئافرەتەکە هات، کڕنۆشی بۆ برد، وتی: “گەورەم، یارمەتیم بدەن!” 26 وەڵامی دایەوە، فەرمووی: “ناشێت نانی ڕۆڵەکان ببردێت و فڕێبدرێت بۆ سەگ”. 27 ئافرەتەکە وتی: “ڕاستە گەورەم! بەڵام سەگیش ئەو بەرماوەیە دەخوات کە لە خوانی گەورەکانی دەکەوێت!”. 28 ئەوکات ئیشۆع وەڵامی دایەوە، پێی فەرموو: “خانم، باوەڕت مەزنە! ئەوەی دەتەوێت با بۆت بیێت”. لەو کاژێرەوە کچەکەی ساغ بووەوە.
29 ئینجا ئیشۆع لەوێ ڕۆیشت، هاتە لای دەریای گلیلا، چووە سەر شاخێک، لەوێ دانیشت. 30 کۆمەڵانێکی زۆر هاتنە لای، شەل و نابینا و لاڵ و گۆج و زۆری دیکەشیان لەگەڵ بوو، لەبەرپێی ئیشۆع دایاننان. ئەویش ساغی کردنەوە. 31 کۆمەڵانەکە سەرسام بوون کە بینییان لاڵ قسەدەکات، گۆج ساغ دەبێتەوە، شەل ڕێدەکات، نابینا دەبینێت، جا ستایشی خوداوەندی ئیسڕائیلیان کرد.
32 بەڵام ئیشۆع قوتابییەکانی بانگکرد، فەرمووی: “دڵم بەم کۆمەڵە دەستوتێت، چونکە ئەوە سێ ڕۆژە لەگەڵم ماونەتەوە و هیچیان نییە بیخۆن. ناشمەوێت بە برسێتی بەڕێیانکەم، نەوەک لەڕێگادا بڕ نەکەن”. 33 قوتابییەکانی پێیان وت: “لەم دەشتودەرەدا ئەو نانە زۆرەمان لەکوێ بوو بۆ تێرکردنی کۆمەڵێک بەم ژمارەیە؟”. 34 ئیشۆعیش پێی فەرموون: “چەند ناتنان پێیە؟”. وتیان: “حەوت، لەگەڵ چەند وردەماسیەک”. 35 جا فەرمانی دا کۆمەڵانەکە لەسەر زەوی دانیشن. 36 حەوت نان و ماسییەکانی برد، سوپاسی کرد و لەتیکردن و دایە قوتابییەکانی، قوتابییەکانیش دایانە کۆمەڵەکە. 37 هەموو خواردیان و تێربوون، پاشان حەوت سەبەتەی پڕ لە لەتەنانیان هەڵگرتەوە. 38 نانخۆران چوار هەزار پیاو بوون، بێجگەلە ئافرەت و منداڵ. 39 ئینجا کۆمەڵانەکەی بەڕێکرد و سواری کەشتییەکە بوو و هاتە سنووری مەگەدان.
Trenutno izabrano:
مهتتهی بەندی پازدەیەم: PNTZS
Istaknuto
Kopiraj
Uporedi
Podeli
Želiš li da tvoje istaknuto bude sačuvano na svim tvojim uređajima? Kreiraj nalog ili se prijavi
© Bible Society in Lebanon (2018)
کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٨