مه‌تته‌ی 5

5
1 كاتێ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ی بینی، چووه‌ سه‌ر چیاكه‌، كه‌ دانیشت، قوتابییه‌كانی لێی هاتنه‌ پێشه‌وه‌، 2 زاری كرده‌وه‌، فێری كردن و فه‌رمووی: 3 “به‌خته‌وه‌ری‌ بۆ هه‌ژاران له‌ڕووح، چونكه‌ پاشایه‌تیی ئاسمانان هی ئه‌وانه‌. 4 به‌خته‌وه‌ری بۆ په‌ژاره‌داران، چونكه‌ دڵنه‌وایی ده‌كرێن. 5 به‌خته‌وه‌ری بۆ دڵنه‌رمه‌كان، چونكه‌ ده‌بن به‌ میراتگری زه‌ویه‌كه‌. 6 به‌خته‌وه‌ری بۆ برسی و تینووه‌كان بۆ خوداناسی، چونكه‌ تێر ده‌كرێن. 7 به‌خته‌وه‌ری بۆ به‌زه‌ییداران، چونكه‌ به‌ر به‌زه‌یی ده‌كه‌ون. 8 به‌خته‌وه‌ری بۆ دڵپاكه‌كان، چونكه‌ خودا ده‌بینن. 9 به‌خته‌وه‌ری بۆ دروستگه‌رانی ئاشتی، چونكه‌ به‌ ڕۆڵه‌كانی خودا ناوده‌برێن. 10 به‌خته‌وه‌ری بۆ قاودراوان له‌ پێناوی خوداناسی، چونكه‌ پاشایه‌تیی ئاسمان هی ئه‌وانه‌. 11 به‌خته‌وه‌ری بۆ ئێوه‌، ئه‌گه‌ر سووكایه‌تیتان پێبكه‌ن و قاوتان بده‌ن، له‌پێناوی من به‌ درۆ هه‌ر قسه‌یه‌كی به‌دتان پێ بڵێن. 12 دڵخۆش و شادمان بن، چونكه‌ پاداشتتان گه‌وره‌یه‌ له‌ ئاسمانان. چونكه‌ هه‌ر وه‌هاش پێغه‌مبه‌رانیان پێش ئێوه‌ قاوداوه‌‌.
13 ئێوه‌ن خوێی زه‌وی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خوێ سوێرییه‌كه‌ی نه‌ما، به‌ چی سوێر ده‌كرێته‌وه‌؟ ئیتر به‌كه‌ڵكی هیچ نایه‌ت، ته‌نها فڕێبدرێته‌ ده‌ره‌وه‌ و خه‌ڵكی پێشێلی بكه‌ن. 14 ئێوه‌ن ڕووناكیی جیهان، شارێک له‌سه‌ر شاخ دامه‌زرابێت ناشاردرێته‌وه‌. 15 چراش هه‌ڵناكرێت تا بیخه‌نه‌ ژێر ته‌شته‌وه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر چرادان دایده‌نێن تا ڕووناكی بداته‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ماڵه‌كه‌دان. 16 با ئێوه‌ش ئاوا ڕووناكیتان بۆ خه‌ڵک بدره‌وشێته‌وه‌، تاكو كرده‌وه‌‌ باشه‌كانتان ببینن و شكۆمه‌ندیی باوكتان بكه‌ن وا له‌ ئاسماناندایه‌.
17 وا بیر نه‌كه‌نه‌وه‌ من هاتووم ته‌ورات یان پێغه‌مبه‌ران پووچه‌ڵ بكه‌مه‌وه‌، نه‌هاتووم بۆ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌، به‌ڵكو بۆ ته‌واوكردن. 18 ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: تا زه‌وی و ئاسمان له‌ناوده‌چن، پیتێک یان خاڵێكی ته‌ورات له‌ناوناچێت، تاكو هه‌مووی دێته‌ دی. 19 بۆیه‌ هه‌ركه‌سێک بچووكترینی ئه‌م ڕاسپاردانه‌ بشكێنێت و ئاواش فێر بكات، له‌ پاشایه‌تیی ئاسماناندا به‌ بچووكترین ناوده‌بردرێت. به‌ڵام هه‌ركه‌سێک په‌یڕه‌وی بكات و فێر بكات، له ‌پاشایه‌تیی ئاسماناندا به‌ مه‌زن ناوده‌بردرێت. 20 من پێتان ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر خوداناسیتان له‌ ته‌وراتزانان و په‌ڕیشییه‌كان زیاتر نه‌بێت، هه‌رگیز ناچنه‌ نێو پاشایه‌تیی ئاسمانانه‌وه‌.
21 بیستووتانه‌ به‌ پێشینان وتراوه‌: {مه‌كوژه‌}، ئه‌وه‌ی بكوژێت شایانی حوكم به‌سه‌ردانه‌. 22 به‌ڵام من پێتان ده‌ڵێم: هه‌ركه‌سێ به‌بێ هۆ له‌ براكه‌ی تووڕه‌ بێت، شایانی حوكم به‌سه‌ردانه‌. ئه‌وه‌ی به‌ براكه‌ی ده‌ڵێ “بێ مێشک”، شایانی سه‌نهه‌دریمه‌، ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت “گێله”، شایانی ئاگری دۆزه‌خه‌. 23 بۆیه‌ ئه‌گه‌ر قوربانیت بۆ سه‌ربڕگه‌ هێنا و له‌وێ بیرت كه‌وته‌وه‌ كه‌ براكه‌ت شتێكی له‌سه‌رته‌وه‌ هه‌یه‌، 24 له‌وێ له‌به‌رده‌م سه‌ربڕگه‌دا قوربانییه‌كه‌ت به‌جێ بهێڵه‌ و بڕۆ یه‌كه‌مجار براكه‌ت ئاشت بكه‌وه‌، ئینجا وه‌ره‌ و قوربانییه‌كه‌ت بكه‌. 25 خێرا له‌گه‌ڵ نه‌یاره‌كه‌ت ئاشتبه‌وه‌ له‌و كاته‌ی له‌گه‌ڵته‌ و به‌ڕێگاوه‌ن، نه‌وه‌ک نه‌یاره‌كه‌ت بتداته‌ ده‌ست دادوه‌ر و دادوه‌ریش بتداته‌ ده‌ست پۆلیس و فڕێ بدرێیته‌ زیندان. 26 ڕه‌وات پێ ده‌ڵێم: له‌وێ ده‌رناچیت تا دوایین فلس نه‌ده‌یته‌وه‌.
27 بیستووتانه‌ به‌ پێشینان وتراوه‌: {داوێنپیسی مه‌كه‌}. 28 به‌ڵام من پێتان ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی به‌ هه‌وه‌سه‌وه‌ بڕوانێته‌ ژنێک، ئه‌وا له‌ دڵی خۆیدا داوێنپیسیی له‌گه‌ڵ كردووه‌. 29 ئه‌گه‌ر چاوی ڕاستت بۆت بووه‌ كۆسپ، ده‌ریبهێنه‌ و فڕێی بده‌. چونكه‌ باشتره‌ بۆت ئه‌ندامێكت له‌ناوبچێت، له‌وه‌ی هه‌موو له‌شت بخرێته‌ دۆزه‌خه‌وه‌. 30 ئه‌گه‌ر ده‌ستی ڕاستت بۆت بووه‌ كۆسپ، بیبڕه‌وه‌ و فڕێی بده‌، چونكه‌ باشتره‌ بۆت ئه‌ندامێكت له‌ناوبچێت، له‌وه‌ی هه‌موو له‌شت بخرێته‌ دۆزه‌خه‌وه‌.
31 دیسان وتراوه‌: {ئه‌وه‌ی ژنه‌كه‌ی ته‌ڵاق بدات، با ته‌ڵاقنامه‌یی بداته‌ ده‌ست}. 32 به‌ڵام من پێتان ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی بێ هۆی داوێنپیسی ژنه‌كه‌ی ته‌ڵاق بدات، وای لێده‌كات داوێنپیسی بكات. ئه‌وه‌ش ته‌ڵاقدراوێک بهێنێت، ئه‌وا داوێنپیسی ده‌كات.
33 دیسان بیستووتانه‌ كه‌ به‌ پێشینان وتراوه‌: {سوێنده‌كانت مه‌شكێنه‌، به‌ڵكو سوێنده‌كانت بۆ په‌روه‌ردگار به‌ره‌سه‌ر}، 34 به‌ڵام من پێتان ده‌ڵێم: هه‌رگیز سوێند مه‌خۆن، نه‌ به‌ ئاسمان، چونكه‌ ته‌ختی خودایه‌، 35 نه‌ به‌ زه‌وی، چونكه‌ پێدانانیه‌تی، نه‌ به‌ یروشلایم، چونكه‌ شاری پاشا مه‌زنه‌كه‌یه‌. 36 سوێند به‌سه‌ری خۆت مه‌خۆ، چونكه‌ ناتوانیت تاڵێكی سپی یان ڕه‌ش بكه‌یت. 37 با قسه‌تان: به‌ڵێ بۆ به‌ڵێ و نه‌خێر بۆ نه‌خێر بێت، له‌وه‌ زیاتر له‌ به‌دكاره‌‌وه‌یه‌.
38 بیستووتانه‌ وتراوه‌: {چاو به‌ چاو، ددان به‌ ددان}. 39 به‌ڵام من پێتان ده‌ڵێم: به‌ره‌نگاریی به‌دكار مه‌كه‌ن، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی له‌ ڕوومه‌تی ڕاستی دایت، لایه‌كه‌ی دیكه‌شی بۆ ڕاگره‌، 40 ئه‌وه‌ی ویستی بتداته‌ دادگا و كراسه‌كه‌ت لێ بستێنێت، پۆشاكه‌كه‌شتی بده‌رێ. 41 ئه‌وه‌ی یه‌ک میل بێگاری پێ كردیت، دووانی له‌گه‌ڵ بڕۆ. 42 ئه‌وه‌ی داوای لێ كردیت بیده‌رێ. ئه‌وه‌ی شتێكی لێت خواست مه‌یگه‌ڕێنه‌وه‌.
43 بیستووتانه‌ وتراوه‌: {نزیكه‌كه‌ت خۆشبووێ، ڕقت له‌ دوژمنت بێته‌وه‌}. 44 به‌ڵام من پێتان ده‌ڵێم: دوژمنه‌كانتان خۆشبووێ، نه‌فره‌تكارانتان داڕشت بكه‌ن، چاكه‌ بكه‌ن بۆ ناحه‌زانتان، نوێژ بكه‌ن له‌پێناوی ئه‌وانه‌ی خراپه‌تان بۆ ده‌كه‌ن و قاوتان ده‌ده‌ن‌، 45 تا ببنه‌ ڕۆڵه‌ی ئه‌و باوكه‌تان كه‌ له‌ ئاسماناندایه‌، ئه‌و خۆری به‌سه‌ر به‌دكاران و پیاوچاكاندا هه‌ڵدێنێ و باران به‌سه‌ر خوداناسان و سه‌ته‌مكاراندا ده‌بارێنێت. 46 چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌وانه‌تان خۆشبووێ كه‌ ئێوه‌یان خۆشده‌وێت، چ پاداشتێكتان هه‌یه‌؟ ئایا باجگرانیش وا ناكه‌ن؟ 47 ئه‌گه‌ر سڵاوتان ته‌نها له‌برایانتان كرد، چ چاكه‌یه‌كتان كردووه‌؟ ئایا باجگرانیش وا ناكه‌ن؟ 48 بۆیه‌ ئێوه‌ ته‌واو بن، وه‌ک ئه‌و باوكه‌تان وا له‌ئاسماناندایه‌ ته‌واوه‌”.

Выделить

Поделиться

Копировать

None

Хотите, чтобы то, что вы выделили, сохранялось на всех ваших устройствах? Зарегистрируйтесь или авторизуйтесь

YouVersion использует файлы cookie, чтобы персонализировать ваше использование приложения. Используя наш веб-сайт, вы принимаете использование нами файлов cookie, как описано в нашей Политике конфиденциальности