یوخه‌ننه‌ن 1

1
1 له‌ ده‌ستپێكدا، وشه‌كه‌ هه‌بوو، وشه‌كه‌ له‌لای خودا بوو، وشه‌كه‌ش خودا بوو. 2 ئه‌مه‌‌ له‌ ده‌ستپێكدا له‌لای خودا بوو. 3 هه‌موو شتێک به‌و به‌دیهات، بێ ئه‌و هیچ شتێک به‌دی نه‌هاتووه‌ له‌وانه‌ی كه‌ به‌دیهاتوون. 4 ژیان له‌ ئه‌ودا بوو، ژیانه‌كه‌ش ڕووناكیی مرۆڤ بوو، 5 ڕووناكیه‌كه‌ش له‌ تاریكیدا ده‌دره‌وشێته‌وه‌ و تاریكییه‌كه‌ تێی نه‌گه‌یشت.
6 مرۆڤێک هات كه‌ خودا ناردبووی، ناوی یوخه‌ننه‌ن بوو. 7 ئه‌و بۆ گه‌واهیدان هات، تاكو گه‌واهی بۆ ڕووناكییه‌كه‌ بدات، تاكو هه‌موو به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ باوه‌ڕ بهێنن. 8 ئه‌و ڕووناكییه‌كه‌ نه‌بوو، به‌ڵكو بۆ گه‌واهیدان بۆ ڕووناكییه‌كه‌ هات. 9 ئه‌و ڕووناكییه‌ ڕاسته‌قینه‌یه‌ی كه‌ هه‌موو مرۆڤێک ڕووناک ده‌كاته‌وه‌، ده‌هاته‌ جیهان. 10 ئه‌و له‌ جیهاندا بوو، جیهانیش به‌و به‌دیهات، كه‌چی جیهان نه‌یناسی. 11 بۆ لای ئه‌وانه‌ی خۆی هات، ئه‌وانه‌ی خۆی په‌سه‌ندیان نه‌كرد. 12 به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌ی په‌سه‌ندیان كرد، ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ ناوی هێنا، ده‌سه‌ڵاتی پێدان ببنه‌ ڕۆڵه‌كانی خودا، 13 ئه‌وانه‌ی نه‌ به‌ خوێن، نه‌ به‌ خواستی جه‌سته‌، نه‌ به‌ خواستی پیاو له‌دایكبوون، به‌ڵكو له‌ خوداوه‌.
14 وشه‌كه‌ش بووه‌ جه‌سته‌ و له‌ نێوماندا نیشته‌جێ بوو. شكۆی ئه‌ومان بینی، وه‌ک شكۆی تاقانه‌یه‌ک له‌ باوكه‌وه‌، پڕ له‌ به‌خشش و ڕه‌وا. 15 یوخه‌ننه‌ن گه‌واهیی بۆ دا، هاواری كرد و وتی: “ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وتم: ئه‌وه‌ی دوای من دێت پێشم كه‌وت، چونكه‌ له‌پێش من بووه‌”. 16 هه‌موومان له‌ پڕی ئه‌و، به‌خشش له‌سه‌ر به‌خششمان وه‌رگرت. 17 چونكه‌ ته‌ورات به‌ مووشێ‌ درا، به‌ڵام به‌خشش و ڕه‌وا به‌ ئیشۆعی مه‌سیحه‌وه‌ بوون. 18 هه‌رگیز كه‌س خودای نه‌بینیوه‌، ڕۆڵه‌ی تاقانه‌، ئه‌وه‌ی له‌ باوه‌شی باوكدایه‌، ئه‌و ده‌ریخست.
19 ئه‌مه‌ش گه‌واهییه‌كه‌ی یوخه‌ننه‌نه‌، كاتێ جووی یروشلایم، كاهین و لیوییان نارده‌ لای پرسی لێ بكه‌ن: “تۆ كێیت؟” 20 دانی پیا نا و نكۆڵی نه‌كرد، وتی: “من مه‌سیحه‌كه‌ نیم”. 21 ئینجا لێیان پرسی: “ئه‌ی كێیت؟ ئیلییای؟” وتی: “نا، ئه‌و نیم”. “ئه‌ی تۆ پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی؟” وتی: “نه‌خێر”. 22 ئینجا پێیان وت: “باشه‌ تۆ كێیت؟ تا وه‌ڵامێک بده‌ینه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ ئێمه‌یان ناردووه‌، ده‌رباره‌ی خۆت چی ده‌ڵێی؟” 23 وتی: “{من ده‌نگی هاوارگه‌رێكم له‌ ده‌شتوده‌ره‌وه‌ دێ: “ڕێگای په‌روه‌ردگار ئاماده‌ بكه‌ن، ڕێبازه‌كانی ڕاست بكه‌ن}. وه‌ک ئێشه‌عیای پێغه‌مبه‌ر وتوویه‌تی”. 24 نێردراوانیش له‌ په‌ڕیشییه‌كان بوون، 25 پرسیان لێكرد و پێیان وت: “ئه‌گه‌ر تۆ مه‌سیحه‌كه‌ نیت و ئیلییا نیت و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ش نیت، ئیتر بۆچی عه‌ماد ده‌كه‌یت؟” 26 یوخه‌ننه‌نیش وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و وتی: “من به‌ ئاو عه‌مادتان ده‌كه‌م، به‌ڵام یه‌كێک له‌نێوانتان ڕاوه‌ستاوه‌ كه‌ نایناسن، 27 ئه‌و دوای من دێت، من شایسته‌ نیم ئاوه‌زێنه‌ی سۆله‌كانی بكه‌مه‌وه‌”. 28 ئه‌مانه‌ له‌ بتعه‌بڕا ڕوویدا، له‌وبه‌ری یوردنه‌نه‌وه‌، كه‌ یوخه‌ننه‌ن عه‌مادی ده‌كرد.
29 بۆ به‌یانی یوخه‌ننه‌ن بینی ئیشۆع به‌ره‌و لای دێت، وتی: “ئه‌وه‌تا به‌رخی خودا، ئه‌وه‌ی گوناهی جیهان هه‌ڵده‌گرێت! 30 ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ باسم كرد، پیاوێک دوای من دێت پێشم كه‌وت، چونكه‌ پێش من بووه‌. 31 منیش نه‌مده‌ناسی، به‌ڵام تاكو بۆ ئیسڕائیل ده‌ربكه‌وێت، بۆیه‌ هاتووم به‌ ئاو عه‌ماد بكه‌م”. 32 یوخه‌ننه‌ن گه‌واهیی دا و وتی: “بینیم ڕووح وه‌ک كۆترێک له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زی و له‌سه‌ری نیشته‌وه‌. 33 من نه‌مده‌ناسی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی منی ناردووه‌ به‌ ئاو عه‌مادبكه‌م، ئه‌و پێی فه‌رمووم: ئه‌وه‌ی ده‌یبینیت ڕووحه‌كه‌ داده‌به‌زێت و له‌سه‌ری ده‌نیشێته‌وه‌، ئه‌و به‌ ڕووحی پارسا عه‌مادتان ده‌كات. 34 خۆم بینیم و گه‌واهیم دا كه‌ ئه‌مه‌ ڕۆڵه‌ی خودایه‌”.
35 بۆ به‌یانی دیسان یوخه‌ننه‌ن له‌گه‌ڵ دوو قوتابی خۆی ڕاوه‌ستابوو، 36 ئیشۆعی بینی ڕێی ده‌كرد، وتی: “ئه‌وه‌تا به‌رخی خودا!” 37 دوو قوتابییه‌كه‌ بیستیان قسه‌ی ده‌كرد، دوای ئیشۆع كه‌وتن. 38 ئیشۆع ئاوڕی دایه‌وه‌ و بینی به‌ دوایدا دێن، فه‌رمووی: “چیتان ده‌وێت؟” وتیان: “ڕابی” واتا مامۆستا، له‌كوێ ده‌مێنیته‌وه‌؟” 39 پێی فه‌رموون: “وه‌رن، ببینن”. ئه‌وانیش هاتن و بینییان له‌كوێ ده‌مایه‌وه‌، ئه‌و ڕۆژه‌ له‌گه‌ڵی مانه‌وه‌، نزیكه‌ی كاژێری ده‌ بوو. 40 ئه‌ندراوسی برای شیمعون په‌تڕۆس، یه‌كێک بوو له‌و دووانه‌ی كه‌ گوێیان له‌ یوخه‌ننه‌ن بوو و دوای ئیشۆع كه‌وتن. 41 یه‌كه‌مجار شیمعونی برای بینی، پێی وت: “مه‌سیامان دۆزییه‌وه‌” واتا مه‌سیح. 42 هێنایه‌ لای ئیشۆع. ئیشۆعیش ته‌ماشای كرد و فه‌رمووی: “تۆ شیمعونی كوڕی یۆنای، به‌ڵام بانگ ده‌كرێیت كیپه‌”. واتا په‌تڕۆس.
43 بۆ سبه‌ینێ ئیشۆع ویستی بۆ گلیلا ده‌ربچێت، پیلیپوسی بینی، پێی فه‌رموو: “دوام بكه‌وه‌”. 44 پیلیپوس خه‌ڵكی بتسه‌یادا بوو، شاره‌كه‌ی ئه‌ندراوس و په‌تڕۆس. 45 پیلیپوسیش نه‌تنیئێلی بینی، پێی وت: “ئه‌وه‌ی كه‌ مووشێ له‌ ته‌ورات و پێغه‌مبه‌ران له‌سه‌ریان نووسیوه‌ دۆزیمانه‌وه‌، ئیشۆعی كوڕی یۆسپی خه‌ڵكی ناسڕه‌ت”. 46 نه‌تنیئێل پێی وت: “له‌ ناسڕه‌ت‌ شتی چاک هه‌ڵده‌كه‌وێ؟” پیلیپوس پێی وت: “وه‌ره‌ و ببینه‌”.
47 ئیشۆع نه‌تنیئێلی بینی بۆ لای دێت، ده‌رباره‌ی فه‌رمووی: “ئه‌وه‌تا ئیسڕائیله‌كی ڕه‌وایه‌ كه‌ فێڵی تێدا نییه‌” 48 نه‌تنیئێل پێی وت: “چۆن ده‌مناسیت؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “پێش ئه‌وه‌ی پیلیپوس بانگت بكات، له‌ ژێر دارهه‌نجیره‌كه‌ بوویت، تۆم بینی”. 49 نه‌تنیئێل وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی وت: “ڕابی، تۆ ڕۆڵه‌ی خودایت! تۆ پاشای ئیسڕائیلیت!” 50 ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “باوه‌ڕت هێنا، چونكه‌ پێم وتیت له‌ ژێر دارهه‌نجیره‌كه‌ تۆم بینی؟ وا شتی له‌مه‌ مه‌زنتر ده‌بینیت!” 51 ئینجا پێی فه‌رموو: “ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: له‌ ئێستاوه‌ ده‌بینن ئاسمان كراوه‌ته‌وه‌ و فریشته‌ی خوداش له‌سه‌ر ڕۆڵه‌ی مرۆڤ سه‌رده‌كه‌ون و داده‌به‌زن”.

Выделить

Поделиться

Копировать

None

Хотите, чтобы то, что вы выделили, сохранялось на всех ваших устройствах? Зарегистрируйтесь или авторизуйтесь

YouVersion использует файлы cookie, чтобы персонализировать ваше использование приложения. Используя наш веб-сайт, вы принимаете использование нами файлов cookie, как описано в нашей Политике конфиденциальности