YouVersion Logo
Search Icon

یۆحەنا 10

10
منم شوانە دڵسۆزەکە
1«ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، ئەوەی لە دەرگاوە نەچێتە ناو پشتیری#10‏:1 پشتیر: گەوەڕ، شوێنێکی تایبەتە بە کۆکردنەوەی مەڕ لە شەودا.‏ مەڕەکان، بەڵکو بە ڕێگایەکی دیکەدا بۆی سەربکەوێت، ئەوە دز و جەردەیە. 2بەڵام ئەوەی لە دەرگاوە بچێتە ژوورەوە، ئەوە شوانی مەڕەکانە. 3دەرگاوانیش دەرگاکەی لێ دەکاتەوە، مەڕەکانیش گوێ لە دەنگی دەگرن، بە ناو بانگی مەڕەکانی خۆی دەکات و دەیانباتە دەرەوە. 4کاتێک هەموو ئەوانەی خۆی هێنایە دەرەوە، لەپێشیانەوە دەڕوات و مەڕەکانیش دوای دەکەون، چونکە دەنگی دەناسنەوە. 5هەرگیز دوای کەسی بێگانە ناکەون، بەڵکو لێی ڕادەکەن، چونکە دەنگی بێگانە ناناسن.» 6عیسا ئەم نموونەیەی بۆ گێڕانەوە، بەڵام ئەوان تێنەگەیشتن باسی چییان بۆ دەکات.
7لەبەر ئەوە دیسان عیسا فەرمووی: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، منم دەرگای مەڕەکان. 8هەموو ئەوانەی پێش من هاتوون دز و جەردە بوون#10‏:8 مەبەستی ئەوانەیە کە پێش هاتنی مەسیح بۆ خۆیان بانگەشەیان کرد کە مەسیحن، بەڵام درۆزن بوون. بڕوانە کردار 5‏:36‏،37‏‏.‏، بەڵام مەڕەکان گوێیان لێ نەگرتن. 9منم دەرگاکە. ئەوەی لە منەوە بچێتە ژوورەوە ڕزگاری دەبێت، ئازادانە دێتە ژوورەوە و دەچێتە دەرەوە و لەوەڕگا دەدۆزێتەوە. 10دز نایەت بۆ دزین و کوشتن و لەناوبردن نەبێت. بەڵام من هاتووم تاکو ئەوان ژیانیان هەبێت، ژیانێکی پڕ و تەواو.
11«منم شوانە دڵسۆزەکە. شوانی دڵسۆزیش ژیانی خۆی لە پێناوی مەڕەکاندا دادەنێت. 12بەکرێگیراویش شوانی مەڕەکان نییە و مەڕەکانیش هی ئەو نین. کاتێک دەبینێت گورگ دێت، مەڕەکان بەجێدەهێڵێت و ڕادەکات، گورگیش مەڕەکان دەبات و پەرتەوازەیان دەکات. 13کابرا هەڵدێت، چونکە بە کرێ گیراوە و خەمی مەڕەکانی نییە.
14«منم شوانە دڵسۆزەکە. مەڕی خۆم دەناسم و ئەوانیش من دەناسن، 15هەروەک چۆن باوک دەمناسێت، منیش باوک دەناسم. ژیانم بۆ مەڕەکان دادەنێم. 16هەروەها مەڕی دیکەم هەیە کە سەر بەم پشتیرە نین، دەبێ ئەوانیش بهێنم، ئەوانیش گوێیان لە دەنگم دەبێت، جا دەبنە یەک مێگەل و یەک شوان. 17لەبەر ئەوە باوک منی خۆشدەوێت، چونکە ژیانی خۆم دادەنێم تاکو وەریبگرمەوە. 18کەس لە منی ناستێنێ، بەڵکو خۆم دایدەنێم. دەسەڵاتم هەیە دایبنێم و دەسەڵاتم هەیە بیبەمەوە. ئەم ڕاسپاردەیەم لە باوکمەوە وەرگرتووە.»
19بەهۆی ئەم قسانەوە دیسان دووبەرەکی لەنێو جولەکەکان پەیدابوو. 20زۆرێک لەوان گوتیان: «ڕۆحی پیسی هەیە و وڕێنە دەکات. بۆچی گوێی لێ دەگرن؟»
21هەندێکی دیکەیان گوتیان: «ئەمە قسەی کەسێک نییە کە ڕۆحی پیسی تێدابێت. ئایا ڕۆحی پیس دەتوانێت چاوی نابینا چاک بکاتەوە؟»
من و باوک یەکین
22زستان بوو و لە ئۆرشەلیم جەژنی هەنوکە#10‏:22 هەروەها بە جەژنی پیرۆزکردن یان نوێکردنەوەی پەرستگا لە قودس ناسراوە، لە ساڵی 165 پ. ز.‏ بوو، 23عیساش لە حەوشەکانی پەرستگا لە ڕێڕەوە سەر داپۆشراوەکەی سلێمان پیاسەی دەکرد، کە هەردوو لای بە کۆڵەکە گیرابوو. 24جولەکەکان لێی کۆبوونەوە و پێیان گوت: «هەتا کەی لە گومان دەمانهێڵیتەوە؟ ئەگەر تۆ مەسیحەکەیت، بە ئاشکرا پێمان بڵێ.»
25عیسا وەڵامی دانەوە: «پێم گوتن بەڵام باوەڕ ناکەن. ئەو کارانەی بە ناوی باوکمەوە دەیکەم، شایەتیم بۆ دەدەن. 26بەڵام ئێوە باوەڕ ناکەن، چونکە لە مەڕەکانم نین. 27مەڕەکانم گوێ لە دەنگم دەگرن، منیش دەیانناسم و ئەوانیش بەدوام دەکەون، 28ژیانی هەتاهەتاییان دەدەمێ و هەرگیز لەناو ناچن، کەسیش لە دەستم نایانڕفێنێت. 29باوکم کە بە منی داون لە هەمووان گەورەترە، کەسیش ناتوانێت لە دەستی باوک بیانڕفێنێت. 30من و باوک یەکین.»
31دیسان ئەو جولەکانەی بەرهەڵستی عیسایان دەکرد بەردیان هەڵگرت تاکو بەردبارانی بکەن. 32بەڵام عیسا پێی فەرموون: «زۆر کاری چاکم لەلایەن باوکەوە پیشاندان، بەهۆی کامیانەوە بەردبارانم دەکەن؟»
33جولەکەکان وەڵامیان دایەوە: «لەبەر کردارێکی چاک بەردبارانت ناکەین، بەڵکو بەهۆی کفرکردنتەوە، چونکە تۆ مرۆڤیت و خۆت دەکەیت بە خودا.»
34عیساش وەڵامی دانەوە: ‏«ئایا لە تەوراتەکەتان نەنووسراوە: ﴿من پێم گوتن: ”ئێوە خوداوەندەکانن“﴾#10‏:34 زەبوورەکان 82‏:6‏‏؟ 35نووسراوە پیرۆزەکە هەمیشە ڕاستی دەفەرموێت. ئەگەر خودا ئەوانە بە ”خوداوەندەکان“ ناو بنێت کە وشەی خودایان بۆ هاتووەتە خوارەوە، 36ئیتر چۆن ئێوە بەوە دەڵێن کە باوک بۆ خۆی تەرخانی کردووە و ناردوویەتی بۆ جیهان: ”تۆ کفر دەکەیت،“ چونکە گوتم: ”من کوڕی خودام“؟ 37ئەگەر کارەکانی باوکم نەکەم، باوەڕم پێ مەکەن. 38بەڵام ئەگەر ئەو کارانە بکەم، هەرچەندە باوەڕیشم پێ ناکەن، باوەڕ بەو کارانە بکەن، تاکو بزانن و تێبگەن کە باوک لە مندایە و منیش لە باوکدام.» 39دیسان ویستیان بیگرن، بەڵام لە دەستیان دەربازی بوو.
40ئینجا عیسا چووەوە ئەوبەری ڕووباری ئوردون و لەوێ مایەوە، لەو شوێنەی کە یەحیا یەکەم جار خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا. 41زۆر خەڵک هاتنە لای و دەیانگوت: «یەحیا هیچ پەرجووێکی نەکرد، بەڵام هەرچی یەحیا دەربارەی ئەم پیاوە گوتی ڕاست بوو.» 42لەوێ خەڵکێکی زۆر باوەڕیان بە عیسا هێنا.

Currently Selected:

یۆحەنا 10: KSS

Highlight

Share

Copy

None

Want to have your highlights saved across all your devices? Sign up or sign in

YouVersion uses cookies to personalize your experience. By using our website, you accept our use of cookies as described in our Privacy Policy