11
مردنی لەعازر
1پیاوێک بە ناوی لەعازر نەخۆش بوو کە خەڵکی بێتعەنیا بوو، هەمان گوندی مریەم و مەرسای خوشکی#11:1 بڕوانە لۆقا 10:38-42. 2ئەم مریەمە ئەوە بوو کە مەسیحی خاوەن شکۆی بە بۆن چەورکرد، بە پرچی پێیەکانی سڕییەوە، لەعازری نەخۆشیش برای بوو. 3خوشکەکان هەواڵیان بۆ عیسا نارد و گوتیان: «گەورەم، ئەوەتا ئەوەی خۆشتدەوێ نەخۆشە.»
4کاتێک عیسا ئەمەی بیست فەرمووی: «ئەم نەخۆشییە بۆ مردن نییە، بەڵکو بۆ شکۆداری خودایە، تاکو بەهۆیەوە کوڕی خودا شکۆدار بێت.» 5لەگەڵ ئەوەی عیسا مەرسا و خوشکەکەی و لەعازری خۆشدەویست، 6کاتێک بیستی نەخۆشە، دوو ڕۆژی دیکە لەو شوێنەی لێی بوو مایەوە. 7دوای ئەمە عیسا بە قوتابییەکانی فەرموو: «با بگەڕێینەوە بۆ ناوچەی یەهودیا.»
8قوتابییەکان پێیان گوت: «ڕابی، ماوەیەک لەمەوبەر جولەکەکانی ئەوێ دەیانویست بەردبارانت بکەن، دیسان دەچیتەوە ئەوێ؟»
9عیساش وەڵامی دایەوە: «ئایا ڕۆژ دوازدە کاتژمێر نییە؟ ئەوەی بە ڕۆژ بڕوات پێی هەڵناکەوێت، چونکە ڕووناکیی ئەم جیهانە دەبینێت. 10بەڵام ئەوەی بە شەو بڕوات پێی هەڵدەکەوێت، چونکە ڕووناکی تێدا نییە.»
11ئەمانەی فەرموو، پاشان پێی فەرموون: «لەعازری دۆستمان نوستووە، بەڵام دەڕۆم تاکو بەخەبەری بهێنمەوە.»
12ئینجا قوتابییەکان پێیان گوت: «گەورەم، ئەگەر ئەو نوستووە، چاکدەبێتەوە.» 13عیسا باسی مردنی ئەوی کرد، بەڵام ئەوان وایانزانی باس لە نوستنی ئاسایی دەکات.
14عیساش بە ئاشکرا پێی فەرموون: «لەعازر مردووە. 15لەبەر ئێوە دڵشادم کە لەوێ نەبووم، تاکو باوەڕ بهێنن. وەرن، با بڕۆین بۆ لای.»
16تۆماسیش کە بە دووانە بانگ دەکرا، بە قوتابییە هاوەڵەکانی گوت: «با ئێمەش لەگەڵ ئەودا بڕۆین تاکو لەگەڵ ئەودا بمرین.»
منم زیندووبوونەوە و ژیان
17کاتێک عیسا گەیشت، زانی لەعازر وا چوار ڕۆژە لە گۆڕدایە. 18بێتعەنیاش نزیکەی پازدە تیرهاوێژ#11:18 نزیکەی سێ کیلۆمەترە. لە ئۆرشەلیمەوە دوور بوو. 19ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان هاتبوونە لای مەرسا و مریەم تاکو سەرەخۆشی براکەیان لێ بکەن. 20کاتێک مەرسا بیستی عیسا هاتووە، بەرەوپیری چوو، بەڵام مریەم لە ماڵ مایەوە.
21ئینجا مەرسا بە عیسای گوت: «گەورەم، ئەگەر لێرە بوویتایە، براکەم نەدەمرد. 22ئێستاش دەزانم هەرچی لە خودا داوا بکەیت، خودا دەتداتێ.»
23عیسا پێی فەرموو: «براکەت زیندوو دەبێتەوە.»
24مەرساش پێی گوت: «دەزانم لە زیندووبوونەوەی ڕۆژی دواییدا هەڵدەستێتەوە.»
25عیسا پێی فەرموو: «منم زیندووبوونەوە و ژیان. ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، ئەگەر بشمرێت زیندوو دەبێتەوە. 26هەروەها هەرکەسێک کە زیندووە و باوەڕم پێ بهێنێت، هەرگیز نامرێت. باوەڕ بەمە دەکەیت؟»
27پێی گوت: «بەڵێ گەورەم. باوەڕم هێناوە کە تۆ مەسیحەکەیت، کوڕی خودای، ئەوەی بۆ جیهان دێت.»
گریانی عیسا
28پاشان کە ئەمەی گوت، چوو مریەمی خوشکی بانگکرد و بە نهێنی گوتی: «مامۆستا لێرەیە، بانگت دەکات.» 29ئەویش کە ئەمەی بیست خێرا هەستا و هاتە لای. 30عیسا هێشتا نەهاتبووە ناو گوندەکە، بەڵکو لەو شوێنە بوو کە مەرسای لێ بینی. 31ئەو جولەکانەی لە ماڵەوە لەگەڵی بوون و دڵنەواییان دەکرد، بینییان مریەم خێرا هەستا و چووە دەرەوە، دوای کەوتن، وایانزانی دەچێتە سەر گۆڕەکە تاکو لەوێ بگریێت.
32کاتێک مریەم گەیشتە ئەو شوێنەی عیسای لێبوو و ئەوی بینی، بەسەر پێیدا کەوت و پێی گوت: «گەورەم، ئەگەر لێرە بوویتایە، براکەم نەدەمرد.»
33عیساش کە بینی دەگریێت و ئەو جولەکانەش کە لەگەڵی هاتبوون دەگریێن، کاری لە ڕۆحی کرد و خەمبار بوو، 34لێی پرسین: «لەکوێتان داناوە؟»
ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «گەورەم، وەرە و ببینە.»
35جا عیسا گریا.
36لەبەر ئەوە جولەکەکان گوتیان: «سەیر بکەن، چەندی خۆشدەویست!»
37بەڵام هەندێکیان گوتیان: «ئەمە کە چاوی نابیناکەی چاک کردەوە، ئایا نەیدەتوانی وای بکردایە ئەمیش نەمردایە؟»
زیندووکردنەوەی لەعازر
38دیسان عیسا لە ناخەوە خەم دایگرت و هاتە لای گۆڕەکە کە ئەشکەوتێک بوو دەمەکەی بەردێکی پێوەنرابوو. 39عیسا فەرمووی: «بەردەکە لادەن.»
مەرسای خوشکی مردووەکە پێی گوت: «گەورەم، بۆنی کردووە، چونکە چوار ڕۆژە.»
40عیساش پێی فەرموو: «ئەی پێم نەگوتی ئەگەر باوەڕ بکەیت شکۆی خودا دەبینیت؟»
41ئەوسا بەردەکەیان لابرد، عیساش چاوی هەڵبڕی بۆ ئاسمان و فەرمووی: «باوکە، سوپاست دەکەم کە گوێت لێ گرتم. 42دەمزانی کە تۆ هەمیشە گوێم لێ دەگریت. بەڵام لەبەر ئەو خەڵکەی لەم ناوە ڕاوەستاون ئەمەم گوت، تاکو باوەڕ بکەن کە تۆ منت ناردووە.»
43کە ئەمەی فەرموو، بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «لەعازر وەرە دەرەوە!» 44ئەوسا مردووەکە هاتە دەرەوە، دەست و قاچی بە کفن بەسترابوو، ڕووشی بە دەسماڵێک پێچرابوو.
عیساش پێی فەرموون: «بیکەنەوە، بهێڵن با بڕوا.»
پیلانی کوشتنی عیسا
45لەبەر ئەوە ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان کە بۆ لای مریەم هاتبوون و ئەمەیان بینی کە عیسا کردی، باوەڕیان پێی هێنا. 46بەڵام هەندێکیان چوونە لای فەریسییەکان و ئەوەی عیسا کردبووی پێیان ڕاگەیاندن. 47لەبەر ئەوە کاهینانی باڵا و فەریسییەکان ئەندامانی ئەنجومەنی باڵایان#11:47 ئەنجومەنی باڵای جولەکە کە لە یۆنانی پێی گوتراوە سەنهەدرین، باڵاترین دەسەڵاتی جولەکە بووە کە دەسەڵاتی دەرکردنی بڕیاری ئایینی و شارستانی و تاوانبارکردنی هەبووە. کۆکردەوە.
گوتیان: «چی بکەین؟ چونکە ئەم پیاوە پەرجووی زۆر دەکات. 48ئەگەر بەم شێوەیە لێیگەڕێین هەموو خەڵکەکە باوەڕی پێ دەهێنن، ڕۆمانییەکانیش دێن، پەرستگاکەمان دەڕووخێنن و نەتەوەکەمان ڕاپێچ دەکەن.»
49یەکێک لەوان، بە ناوی قەیافا، ئەو ساڵە سەرۆکی کاهینان بوو، پێی گوتن: «ئێوە هیچ نازانن! 50تێناگەن کە باشترە بۆتان پیاوێک لە جیاتی گەل#11:50 ببێتە کەفارەتی گوناهەکانی گەلی جولەکە. بمرێت، لەوەی کە گەل هەمووی لەناوبچێت.»
51ئەو لە خۆیەوە ئەمەی نەگوت، بەڵکو لەو ساڵەدا سەرۆکی کاهینان بوو، پێشبینیی کرد کە عیسا لە جیاتی گەل دەمرێت، 52نەک تەنها لە جیاتی ئەو گەلە، بەڵکو تاکو ڕۆڵەکانی خودا کە پەرتەوازە بوون کۆبکاتەوە و یەکیانبخاتەوە. 53ئیتر لەو ڕۆژەوە پیلانی کوشتنیان داڕشت.
54لەبەر ئەوە چیتر عیسا بە ئاشکرا بەناو خەڵکی یەهودیادا نەدەگەڕا، بەڵکو لەوێوە چووە ناوچەکانی نزیک چۆڵەوانی، بۆ شارێک ناوی ئەفرایم بوو، لەگەڵ قوتابییەکانی لەوێ مایەوە.
55لەو کاتەدا جەژنی پەسخەی جولەکەکان نزیک بوو، زۆر کەس لە گوندەکانەوە پێش جەژن بۆ ئۆرشەلیم هاتبوون تاکو خۆیان پاک بکەنەوە#11:55 بڕوانە سەرژمێری 9:1-14. 56جا بە دوای عیسادا دەگەڕان، هەروەها کاتێک لە حەوشەکانی پەرستگا ڕاوەستابوون بە یەکتریان دەگوت: «ڕاتان چییە؟ ئایا بۆ جەژن نایەت؟» 57کاهینانی باڵا و فەریسییەکانیش فەرمانیان دەرکردبوو ئەگەر هەرکەسێک بزانێت ئەو لەکوێیە، دەبێت ئاشکرای بکات، تاکو بیگرن.