لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

په‌سنییه‌كان 49:119-96

په‌سنییه‌كان 49:119-96 PNTZS

فه‌رمووده‌كه‌ت له‌بیر بێت بۆ به‌نده‌كه‌ت، چونكه‌ هیوات پێم داوه‌. له‌كاتی ته‌نگانه‌مدا دڵنه‌وایی من ئه‌مه‌یه‌، چونكه‌ فه‌رمووده‌كه‌ت منی ژیانه‌وه‌. لووتبه‌رزه‌كان زۆر گاڵته‌م پێ ده‌كه‌ن. به‌ڵام من له‌ فێركردنه‌كانی تۆ لام نه‌داوه‌. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، حوكمه‌ له‌مێژینه‌كانی تۆم هاته‌وه‌ یاد. دڵنه‌واییم هاته‌وه‌. قینم جۆشا له‌ به‌دكاران، ئه‌وانه‌ی وازیان له‌ فێركردنه‌كانی تۆ هێناوه‌. فه‌رزه‌كانت بوون به‌ په‌سنی بۆم. له‌ ماڵی ئاواره‌ییم. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، به‌ شه‌و یادی ناوی تۆ ده‌كه‌م و فێركردنه‌كانت ده‌پارێزم. ئه‌مه‌ بۆ من بوو. چونكه‌ ڕاسپارده‌كانی تۆم پاراست. په‌روه‌ردگار به‌شی منه‌. به‌ڵێنم داوه‌ فه‌رمووده‌كانت بپارێزم. به‌ هه‌موو دڵه‌وه‌ داوای ڕووی تۆم كرد. به‌پێی فه‌رمووده‌‌ی خۆت له‌گه‌ڵم میهره‌بان به‌. بیرم له‌ ڕێگاكانیی خۆم كرده‌وه‌، پێم به‌ره‌و گه‌واهییه‌كانت وه‌رگێڕایه‌وه‌. خێرا بووم و دوا نه‌كه‌وتم له‌ پاراستنی ڕاسپارده‌كانت. داوی به‌دكاره‌كان ده‌وری داوم. به‌ڵام فێركردنه‌كانت له‌بیر ناكه‌م. له‌ نیوه‌شه‌ودا هه‌ڵده‌ستم تا سوپاست بكه‌م له‌سه‌ر باشخوازیی حوكمه‌كانت. من هاوڕێی هه‌موو ئه‌وانه‌م كه‌ له‌ تۆ ده‌ترسن. له‌وانه‌ی ڕاسپارده‌كانت ده‌پارێزن. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، میهره‌بانیه‌كه‌ت زه‌ویی پڕ كردووه‌. فه‌رزه‌كانی خۆتم فێر بكه‌. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، چاكه‌ت كرد له‌گه‌ڵ به‌نده‌كه‌ت، به‌پێی فه‌رمووده‌ی خۆت. هه‌ستی باش و زانینم فێر بكه‌. چونكه‌ باوه‌ڕم به‌ ڕاسپارده‌كانت هه‌یه‌. به‌ر له‌وه‌ی زه‌لیل بم گومڕا بووم. به‌ڵام ئێستا فه‌رمووده‌كه‌ت ده‌پارێزم. تۆ چاكیت و چاكه‌كاری. فه‌رزه‌كانی خۆتم فێر بكه‌. لووتبه‌رزان درۆم بۆ هه‌ڵده‌به‌ستن. به‌ڵام من به‌ هه‌موو دڵه‌وه‌ ڕاسپارده‌كانت ده‌پارێزم. دڵیان وه‌ک پیو بێ هه‌سته‌، به‌ڵام فێركردنه‌كانت شادییه‌ بۆ من. چاک بوو بۆ من كه‌ زه‌لیل بووم. بۆ ئه‌وه‌ی فێری فه‌رزه‌كانت بم. فێركردنه‌كانی زاری تۆ. له‌ هه‌زار زێڕ و زیو باشتره‌ بۆ من. ده‌ستی تۆ دروستی كردم و دایڕشتم. تێمبگه‌یه‌نه‌ تا فێری ڕاسپارده‌كانت بم. ئه‌وانه‌ی لێت ده‌ترسن شادمان ده‌بن كاتێک ده‌مبینن. چونكه‌ من هیوام به‌ فه‌رمووده‌ی تۆ هه‌یه‌. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، زانیم كه‌ حوكمه‌كانت دادپه‌روه‌رن. به‌ ڕه‌وا زه‌لیلت كردم. با میهره‌بانیه‌كه‌ت بۆ دڵنه‌واییم بێت. به‌پێی فه‌رمووده‌كه‌ت بۆ به‌نده‌كه‌ت. با به‌زه‌ییت بێت بۆ لام، تا بژیم، چونكه‌ فێركردنه‌كانی تۆ شادمانییه‌ بۆ من. با لووتبه‌رزان شه‌رمه‌زار بن. چونكه‌ به‌ درۆ بوختانیان پێ كردم. به‌ڵام من سه‌رنج ده‌ده‌مه‌ ڕاسپارده‌كانت. با ئه‌وانه‌ی لێت ده‌ترسن بگه‌ڕێنه‌وه‌ لای من، ئه‌وانه‌ی گه‌واهییه‌كانی تۆ ده‌زانن. با دڵم ته‌واو بێت له‌ فه‌رزه‌كانت، بۆ ئه‌وه‌ی شه‌رمه‌زار نه‌بم. گیانم په‌رۆشی ڕزگاریی تۆیه‌. من ئومێدم به‌ فه‌رمووده‌ی تۆیه‌. چاوم كز بوو له‌ چاوه‌ڕوانی گفته‌كه‌ت. ده‌ڵێم: “كه‌ی دڵنه‌واییم ده‌كه‌یت؟” چونكه‌ وه‌ک مه‌شكه‌یه‌كی پڕ دووكه‌ڵم، فه‌رزه‌كانی تۆم له‌ یادنه‌كردووه‌. چه‌نده‌ ڕۆژگاری به‌نده‌كه‌ت؟ كه‌ی حوكم ده‌ده‌یت به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی ده‌مچه‌وسێننه‌وه‌؟ لووتبه‌رزان چاڵیان بۆم هه‌ڵكه‌ندوه‌. ئه‌مه‌ش به‌گوێره‌ی فێركردنه‌كانی تۆ نییه‌. هه‌موو ڕاسپارده‌كانت جێی متمانه‌ن. به‌ ناڕه‌وا ده‌مچه‌وسێننه‌وه‌. وه‌خته‌ له‌سه‌ر زه‌وی كۆتاییم پێ‌ بهێنن. به‌ڵام من ده‌ستبه‌رداری ڕاسپارده‌كانت نه‌بووم. به‌پێی میهره‌بانیه‌كه‌ت بمژیێنه‌وه‌. گه‌واهییه‌كانی زارت ده‌پارێزم. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، وشه‌كه‌ت تاهه‌تایه‌ له‌ ئاسمانان جێگیره‌. سه‌رڕاستیت نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌یه‌. زه‌ویت دامه‌زراند و ده‌مێنێت. ئه‌وان به‌ حوكمه‌كانی تۆ تا ئه‌مڕۆ ماون. چونكه‌ هه‌موو به‌نده‌ی تۆن. ئه‌گه‌ر فێركردنه‌كانی تۆ سه‌رچاوه‌ی شادیم نه‌بووایه‌. له‌ زه‌لیلیی خۆم له‌ناوده‌چووم. هه‌رگیز ڕاسپارده‌كانت له‌بیرناكه‌م. چونكه‌ به‌وان منت ژیانده‌وه‌. من هی تۆم، ڕزگارم بكه‌. چونكه‌ ڕاسپارده‌كانی تۆم ویستووه‌. به‌دكاره‌كان خۆیان ماتداوه‌ بۆم تا له‌ناوم بده‌ن. به‌ڵام من هه‌وڵی تێگه‌یشتنی گه‌واهییه‌كانی تۆ ده‌ده‌م. بۆ هه‌موو ته‌واوییه‌ک سنوورم بینی، به‌ڵام ڕاسپارده‌ی تۆ زۆر فراوانه‌.