زەبوورەکان 49:119-96
زەبوورەکان 49:119-96 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)
فه‌رمووده‌كه‌ت له‌بیر بێت بۆ به‌نده‌كه‌ت، چونكه هیوات پێم داوه. له‌كاتی ته‌نگانه‌مدا دڵنه‌وایی من ئه‌مه‌یه، چونكه فه‌رمووده‌كه‌ت منی ژیانه‌وه. لووتبه‌رزه‌كان زۆر گاڵته‌م پێ ده‌كه‌ن. به‌ڵام من له فێركردنه‌كانی تۆ لام نه‌داوه. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، حوكمه له‌مێژینه‌كانی تۆم هاته‌وه یاد. دڵنه‌واییم هاته‌وه. قینم جۆشا له به‌دكاران، ئه‌وانه‌ی وازیان له فێركردنه‌كانی تۆ هێناوه. فه‌رزه‌كانت بوون به په‌سنی بۆم. له ماڵی ئاواره‌ییم. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، به شه‌و یادی ناوی تۆ ده‌كه‌م و فێركردنه‌كانت ده‌پارێزم. ئه‌مه بۆ من بوو. چونكه ڕاسپارده‌كانی تۆم پاراست. په‌روه‌ردگار به‌شی منه. به‌ڵێنم داوه فه‌رمووده‌كانت بپارێزم. به هه‌موو دڵه‌وه داوای ڕووی تۆم كرد. به‌پێی فه‌رمووده‌ی خۆت له‌گه‌ڵم میهره‌بان به. بیرم له ڕێگاكانیی خۆم كرده‌وه، پێم به‌ره‌و گه‌واهییه‌كانت وه‌رگێڕایه‌وه. خێرا بووم و دوا نه‌كه‌وتم له پاراستنی ڕاسپارده‌كانت. داوی به‌دكاره‌كان ده‌وری داوم. به‌ڵام فێركردنه‌كانت له‌بیر ناكه‌م. له نیوه‌شه‌ودا هه‌ڵده‌ستم تا سوپاست بكه‌م له‌سه‌ر باشخوازیی حوكمه‌كانت. من هاوڕێی هه‌موو ئه‌وانه‌م كه له تۆ ده‌ترسن. له‌وانه‌ی ڕاسپارده‌كانت ده‌پارێزن. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، میهره‌بانیه‌كه‌ت زه‌ویی پڕ كردووه. فه‌رزه‌كانی خۆتم فێر بكه. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، چاكه‌ت كرد له‌گه‌ڵ به‌نده‌كه‌ت، به‌پێی فه‌رمووده‌ی خۆت. هه‌ستی باش و زانینم فێر بكه. چونكه باوه‌ڕم به ڕاسپارده‌كانت هه‌یه. به‌ر له‌وه‌ی زه‌لیل بم گومڕا بووم. به‌ڵام ئێستا فه‌رمووده‌كه‌ت ده‌پارێزم. تۆ چاكیت و چاكه‌كاری. فه‌رزه‌كانی خۆتم فێر بكه. لووتبه‌رزان درۆم بۆ هه‌ڵده‌به‌ستن. به‌ڵام من به هه‌موو دڵه‌وه ڕاسپارده‌كانت ده‌پارێزم. دڵیان وه‌ک پیو بێ هه‌سته، به‌ڵام فێركردنه‌كانت شادییه بۆ من. چاک بوو بۆ من كه زه‌لیل بووم. بۆ ئه‌وه‌ی فێری فه‌رزه‌كانت بم. فێركردنه‌كانی زاری تۆ. له هه‌زار زێڕ و زیو باشتره بۆ من. ده‌ستی تۆ دروستی كردم و دایڕشتم. تێمبگه‌یه‌نه تا فێری ڕاسپارده‌كانت بم. ئه‌وانه‌ی لێت ده‌ترسن شادمان ده‌بن كاتێک ده‌مبینن. چونكه من هیوام به فه‌رمووده‌ی تۆ هه‌یه. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، زانیم كه حوكمه‌كانت دادپه‌روه‌رن. به ڕه‌وا زه‌لیلت كردم. با میهره‌بانیه‌كه‌ت بۆ دڵنه‌واییم بێت. به‌پێی فه‌رمووده‌كه‌ت بۆ به‌نده‌كه‌ت. با به‌زه‌ییت بێت بۆ لام، تا بژیم، چونكه فێركردنه‌كانی تۆ شادمانییه بۆ من. با لووتبه‌رزان شه‌رمه‌زار بن. چونكه به درۆ بوختانیان پێ كردم. به‌ڵام من سه‌رنج ده‌ده‌مه ڕاسپارده‌كانت. با ئه‌وانه‌ی لێت ده‌ترسن بگه‌ڕێنه‌وه لای من، ئه‌وانه‌ی گه‌واهییه‌كانی تۆ ده‌زانن. با دڵم ته‌واو بێت له فه‌رزه‌كانت، بۆ ئه‌وه‌ی شه‌رمه‌زار نه‌بم. گیانم په‌رۆشی ڕزگاریی تۆیه. من ئومێدم به فه‌رمووده‌ی تۆیه. چاوم كز بوو له چاوه‌ڕوانی گفته‌كه‌ت. ده‌ڵێم: “كه‌ی دڵنه‌واییم ده‌كه‌یت؟” چونكه وه‌ک مه‌شكه‌یه‌كی پڕ دووكه‌ڵم، فه‌رزه‌كانی تۆم له یادنه‌كردووه. چه‌نده ڕۆژگاری به‌نده‌كه‌ت؟ كه‌ی حوكم ده‌ده‌یت به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی ده‌مچه‌وسێننه‌وه؟ لووتبه‌رزان چاڵیان بۆم هه‌ڵكه‌ندوه. ئه‌مه‌ش به‌گوێره‌ی فێركردنه‌كانی تۆ نییه. هه‌موو ڕاسپارده‌كانت جێی متمانه‌ن. به ناڕه‌وا ده‌مچه‌وسێننه‌وه. وه‌خته له‌سه‌ر زه‌وی كۆتاییم پێ بهێنن. به‌ڵام من ده‌ستبه‌رداری ڕاسپارده‌كانت نه‌بووم. به‌پێی میهره‌بانیه‌كه‌ت بمژیێنه‌وه. گه‌واهییه‌كانی زارت ده‌پارێزم. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، وشه‌كه‌ت تاهه‌تایه له ئاسمانان جێگیره. سه‌رڕاستیت نه‌وه دوای نه‌وه‌یه. زه‌ویت دامه‌زراند و ده‌مێنێت. ئه‌وان به حوكمه‌كانی تۆ تا ئه‌مڕۆ ماون. چونكه هه‌موو به‌نده‌ی تۆن. ئه‌گه‌ر فێركردنه‌كانی تۆ سه‌رچاوه‌ی شادی‌م نه‌بووایه. له زه‌لیلیی خۆم له‌ناوده‌چووم. هه‌رگیز ڕاسپارده‌كانت له‌بیرناكه‌م. چونكه به‌وان منت ژیانده‌وه. من هی تۆم، ڕزگارم بكه. چونكه ڕاسپارده‌كانی تۆم ویستووه. به‌دكاره‌كان خۆیان ماتداوه بۆم تا له‌ناوم بده‌ن. به‌ڵام من هه‌وڵی تێگه‌یشتنی گه‌واهییه‌كانی تۆ ده‌ده‌م. بۆ هه‌موو ته‌واوییه‌ک سنوورم بینی، به‌ڵام ڕاسپارده‌ی تۆ زۆر فراوانه.
زەبوورەکان 49:119-96 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)
پەیمانی خۆت لەبیر بێت بۆ خزمەتکارەکەت، چونکە هیوات پێم داوە. لە کاتی تەنگانەمدا دڵنەوایی من ئەمەیە: بەڵێنەکەت منی ژیاندەوە. لووتبەرزەکان زۆر گاڵتەم پێ دەکەن، بەڵام من لە فێرکردنی تۆ لام نەداوە. ئەی یەزدان، حوکمە لەمێژینەکانی تۆم هاتەوە یاد، دڵنەواییم هاتەوە. لەبەر بەدکاران تووڕەییم جۆشا، ئەوانەی وازیان لە فێرکردنی تۆ هێناوە. فەرزەکانت بوونە بابەت گۆرانییەکانم، لە ماڵی ئاوارەییم. ئەی یەزدان، بە شەو یادی ناوی تۆ دەکەمەوە و گوێڕایەڵی فێرکردنت دەبم. ئەم نەریتە بۆ من بوو: ڕێنماییەکانی تۆم پەیڕەو کرد. ئەی یەزدان، تۆ بەشی منی، بەڵێنم داوە گوێڕایەڵی فەرمانەکانت بم. بە هەموو دڵەوە داوای ڕەزامەندی تۆ دەکەم، بەپێی بەڵێنی خۆت لەگەڵم میهرەبان بە. لە ڕێگای خۆم ڕامام، پێم بەرەو یاساکانت وەرگێڕایەوە. خێرا بووم و دوا نەکەوتم لە بەجێگەیاندنی ڕاسپاردەکانت. گوریسی بەدکاران منیان بەستووەتەوە، بەڵام فێرکردنی تۆ لەبیر ناکەم. لە نیوەشەودا هەڵدەستم بۆ ئەوەی ستایشت بکەم لەسەر حوکمە ڕاستودروستەکانت. من هاوڕێی هەموو ئەوانەم لە تۆ دەترسن، لەوانەی ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەن. ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت زەوی پڕکردووە، فەرزەکانی خۆتم فێر بکە. ئەی یەزدان، چاکەت لەگەڵ خزمەتکارەکەت کرد، بەگوێرەی بەڵێنی خۆت. هەستی باش و زانینم فێر بکە، چونکە باوەڕم بە ڕاسپاردەکانت هەیە. بەر لەوەی زەلیل بم گومڕا بووم، بەڵام ئێستا گوێڕایەڵی فەرمایشتەکەت دەبم. تۆ چاکیت و چاکەکاری، فەرزەکانی خۆتم فێر بکە. لووتبەرزان درۆم بۆ هەڵدەبەستن، بەڵام من بە هەموو دڵەوە ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەم. دڵیان وەک پیو بێ هەستە، بەڵام فێرکردنت شادییە بۆ من. چاک بوو بۆ من کە زەلیل بم، بۆ ئەوەی فێری فەرزەکانت بم. فێرکردنی دەمی تۆ لە هەزار زێڕ و زیو باشترە بۆ من. دەستی تۆ دروستی کردم و دایڕشتم، تێمبگەیەنە تاکو فێری ڕاسپاردەکانت بم. ئەوانەی لێت دەترسن شادمان دەبن کاتێک دەمبینن، چونکە من هیوام بە بەڵێنی تۆ هەیە. ئەی یەزدان، زانیم کە حوکمەکانت ڕاستودروستە، بە دڵسۆزی زەلیلت کردم. با خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بۆ دڵنەواییم بێت، بەپێی بەڵێنەکەت بۆ خزمەتکارەکەت. با بەزەییت پێم‌دا بێتەوە بۆ ئەوەی بژیم، چونکە فێرکردنی تۆ شادمانییە بۆ من. با لووتبەرزان شەرمەزار بن، چونکە بوختانیان بۆ هەڵبەستم، بەڵام من سەرنج دەدەمە ڕێنماییەکانت. با ئەوانەی لێت دەترسن بگەڕێنەوە لای من، ئەوانەی لە یاساکانی تۆ تێدەگەن. با دڵم تەواو بێت لە فەرزەکانت، بۆ ئەوەی شەرمەزار نەبم. گیانم پەرۆشی ڕزگاریی تۆیە، ئومێدم بە بەڵێنی تۆیە. چاوم کز بوو لە چاوەڕوانی بەڵێنەکەت، دەپرسم: «کەی دڵنەواییم دەکەیت؟» هەرچەندە وەک مەشکەیەکم لێهاتووە کەوا دووکەڵ دایپۆشیوە، فەرزەکانی تۆم لەیاد نەکردووە. خزمەتکارەکەت دەبێ چەند ڕۆژ چاوەڕێ بکات؟ کەی حوکم دەدەیت بەسەر ئەوانەی من دەچەوسێننەوە؟ لووتبەرزان چاڵیان بۆم هەڵکەندووە، ئەمەش بەگوێرەی فێرکردنی تۆ نییە! هەموو ڕاسپاردەکانت جێی متمانەن، فریام بکەوە، چونکە بە فێڵ دەمچەوسێننەوە! خەریک بوو لەسەر زەوی کۆتاییم پێ بهێنن، بەڵام من دەستبەرداری ڕێنماییەکانی تۆ نەبووم. بەپێی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بمژیێنەوە، یاساکانی دەمی تۆ پەیڕەو دەکەم. ئەی یەزدان، فەرمایشتی تۆ هەتاهەتاییە، لە ئاسمان چەسپاوە. دڵسۆزیت نەوە دوای نەوەیە، زەویت دامەزراند و دەمێنێت. ئەوان بە حوکمەکانی تۆ هەتا ئەمڕۆ ماون، چونکە هەمووان خزمەتکاری تۆن. ئەگەر فێرکردنی تۆ سەرچاوەی شادی‌م نەدەبوو، بە زەلیلی خۆم لەناودەچووم. هەرگیز ڕێنماییەکانت لەبیرناکەم، چونکە بەوان منت ژیاندەوە. من هی تۆم، ڕزگارم بکە، چونکە داواکاری ڕێنماییەکانی تۆم. بەدکارەکان خۆیان بۆم ماتداوە تاکو بمفەوتێنن، بەڵام من لە یاساکانی تۆ ڕادەمێنم. بۆ هەموو تەواوییەک سنوورم بینی، بەڵام ڕاسپاردەی تۆ زۆر فراوانە.