لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

پیلیۆس بەندی دووەم

بەندی دووەم
1 ئەگەر ئامۆژگارییەک لە مەسیحدا هەبێت. ئەگەر هەر دڵنەواییەک بۆ خۆشویستن بێت، ئەگەر هەر هاوبەشییەک لە گیان بێت، ئەگەر هەر سۆز و بەزەییەک، 2 ئەوا خۆشییەکەم تەواو بکەن، تاکو یەک ئەندێشە، یەک خۆشویستنتان هەبێت، بە یەک ناخ، یەک بیرتان هەبێت. 3 هیچ شتێک بە خۆپەرستی و لووتبەرزی مەکەن، بەڵکو بە خاکسارییەوە یەکتری لە خۆتان بە باشتر بزانن. 4 هەریەکە تەماشای هی خۆی نەکات، بەڵکو هەریەکە بۆ هی خەڵکی دیکەش. 5 با ئەم هزرەتان تێدابێت کە لە ئیشۆعی مەسیحدا هەیە: 6 ئەوەی لە وێنەی خودا بوو، نەیویست بەنهێنیشەوە خۆی لەگەڵ خودا هاوسەنگ بکات، 7 بەڵکو خۆی بەتاڵ کرد، وێنەی بەندەی برد، وەک چەشنی خەڵکی لێهات. 8 کە بە ڕواڵەت مرۆڤ بوو، خۆی نزم کردەوە، تاکو مردن ملکەچ بوو، مردنی لەخاچدان. 9 بۆیە خودا بەرزی کردەوە و ناوێکی پێ دا لە سەرووی هەموو ناوێک، 10 تاکو هەموو ئەژنۆیەک بۆ ناوی ئیشۆع چۆک دابدەن، ئەوانەی لە ئاسمان و سەر زەوی و ژێر زەویش، 11 هەموو زمانێکیش بیدرکێنێت کە ئیشۆعی مەسیح پەروەردگارە، بۆ شکۆی خودای باوک.
12 کەواتە خۆشەویستانم، وەک هەردەم گوێڕایەڵ بوون، نەک تەنها لە ئامادەبوونم، بەڵکو ئێستا زیاتریش کە لەلاتان نیم، بە ترس و لەرزەوە ڕزگاریتان بەجێبهێنن، 13 چونکە خودا خۆی لەنێوتان کاردەکات تاکو بتانەوێت و کار بکەن لەپێناوی شادمانیی ئەو. 14 هەموو شتێک بێ بۆڵەبۆڵ و دەمەقاڵێ بکەن، 15 تاکو بێ گازندە و ساکار بن، ڕۆڵەکانی خودا بێ کەموکوڕین لەنێو نەوەیەکی چەوت و چەماوەدا، لەنێو ئەواندا وەک ڕووناکییەکانی دونیا دەدرەوشێنەوە، 16 بە پابەندبوون بە فەرمایشتی ژیان، تاکو لە ڕۆژی مەسیحدا شانازی بکەم، کە ناڕەوا کۆششم نەکردووە و ناڕەوا ڕەنجم نەکێشاوە. 17 بەڵام ئەگەرچی وەک سەربڕاوێک بەسەر باوەڕتان و ڕاژەکەیدا دەڕژێم، ئەوا شادمان و دڵخۆشم لەگەڵ هەمووتان. 18 بە خودی ئەمەش ئێوەش ئاوا شادمان بن و لەگەڵم دڵخۆش بن.
19 هیوادارم لە ئیشۆعی پەروەردگار خێرا تیماتیئوستان بۆ بنێرم، تاکو ناخم ئاسوودە بێت کە هەواڵتان بزانم. 20 چونکە کەسم نییە هاوشێوەی ئەو بە دڵسۆزی بایەخ بە بارودۆختان بدات. 21 چونکە هەمووان هی خۆیان داوادەکەن، نەک هی ئیشۆعی مەسیح. 22 بەڵام لە ئەزموونی ئەو دەزانن کە چۆن وەک ڕۆڵە لەگەڵ باوکی لەگەڵم ڕاژەی کرد لەپێناوی ئینجیل. 23 هیوادارم یەکسەر بینێرم، هەرکە دۆخی خۆم بزانم. 24 متمانەم بە پەروەردگار هەیە کە خۆشم خێرا دێمە لاتان. 25 بەڵام بە پێویستم زانی کاکم ئەپفرۆدیتۆس بنێرمە لاتان، کە لەگەڵم هاوکار و هاوسەربازە، پەیامبەرتانە و ڕاژەوانی پێویستییەکانمە. 26 پەڕۆشی هەمووتان و خەمبار بوو، چونکە نەخۆشی ئەوتان بیستووبوو. 27 چونکە نەخۆشیەکەی نزیکە مەرگ بوو، بەڵام خودا بەزەیی پێدا هاتەوە. نەک تەنها ئەو، بەڵکو منیش، نەوەک خەم لەسەر خەمم هەبێت. 28 بۆیە خێراتر ناردم بۆ لاتان، تاکو بە بینینی دڵخۆش بن و منیش خەمم کەمتر بێتەوە. 29 جا بەوپەڕی خۆشییەوە لە پەروەردگاردا پێشوازی لێبکەن، ڕێز لەوانەی وەک ئەوی لێبنێن، 30 چونکە لەپێناوی کاری مەسیح مزیکە مەرگ بوو و خۆیی خستە مەترسی تاکو کەموکوڕیی ڕاژەکەتان بۆم پڕ بکاتەوە.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

پیلیۆس بەندی دووەم: PNTZS

بەرچاوکردن

لەبەرگرتنەوە

بەراوردکردن

هاوبەشی بکە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە