لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووه‌م په‌تڕۆس بەندی سێیەم

بەندی سێیەم
1 ئەمە دووەمین پەیامە بۆتان دەنووسم خۆشەویستان، تیایاندا بە یادهێنانەوە هزری پاکتان دەوروژێنم، 2 تاکو ئەو وتانەی کە پێغەمبەرە پارساکان فەرموویانە و ڕاسپاردەی ئێمەی پەیامبەران و ڕاسپاردەی پەروەردگار و ڕزگاریدەر یادتان بێتەوە. 3 یەکەمجار ئەمە بزانن: لە پایانی ڕۆژاندا کەسانێکی گاڵتەجاڕ دێن، بەپێی هەوەسەکانی ناخیان ڕەفتار دەکەن، 4 دەڵێن: “کوانێ بەڵێنی هاتنەوکەی؟ چونکە لەو کاتەی باوکان مردوون، لە دەستپێکی ئافریدەوە هەموو شتێک وەک خۆی ماوە”. 5 چونکە بە خواستی خۆیان ئەمەیان لێ شاراوەیە: کە لە کۆنەوە ئاسمانان هەبووە، زەویش بە فەرمایشتی خودا لە ئاو و بە ئاو پەیدا بووە، 6 بەهۆی ئەم ئاوەش لەوکات دونیا ئاوی لێهەستا و فەوتا. 7 بەڵام ئاسمانان و زەویی ئێستا بەهەمان فەرمایشت بۆ ئاگر ئازوخکراون، بۆ ڕۆژی حوکمدان و فەوتاندنی خەڵکە خودانەسەکان پارێزراون.
8 بەڵام تەنها ئەم شتەتان لێ شاراوە نەبێت خۆشەویستان: ڕۆژێک لەلای پەروەردگار وەک هەزار ساڵە، هەزار ساڵیش وەک ڕۆژێکە. 9 پەروەردگار بۆ بەڵێنەکەی خاو نییە، وەک هەندێک بە خاوی دەزانن، بەڵام لەگەڵمان پشوودرێژە، نایەوێت کەس لە خەڵک بفەوتێن، بەڵکو هەمووان ڕوو لە تۆبەکردن بکەن. 10 بەڵام ڕۆژی پەروەردگار وەک دز دێت، تێیدا بە ژاوەژاو ئاسمانان نامێنێت، توخمەکان هەڵدەوشێنەوە و دەسوتێن، زەوی و ئەو دروستکراوانەی تێیدایە دەسوتێت.
11 کە هەموو ئەو شتانە هەڵدەوشێنەوە، ئیتر پێویستە ئێوە چ جۆرە خەڵکێک بن و بە پارسایی و خوداترسیدا ڕەفتار بکەن؟ 12 چاوەڕوانی ڕۆژی پەروەردگار بکەن و داوای هاتنی خێرای بکەن، کە تێیدا ئاسمانان گڕدەگرن و هەڵدەوشێنەوە، توخمەکانیش بە سوتان دەتوێنەوە. 13 بەڵام ئێمە بەگوێرەی بەڵێنەکەی چاوەڕوانی ئاسمانانێکی نوێ و زەویەکی نوێین، کە بێتاوانی تێیدا نیشتەجێیە.
14 بۆیە خۆشەویستان، کە چاوەڕێی ئەمە دەکەن، تێبکۆشن بۆئەوەی بێ گڵاوی و بێ کەموکوڕی لە ئاشتیدا لەلای ئەو ببینرێن. 15 پشوودرێژی پەروەردگارمان بە ڕزگاری دابنێن، وەک پۆڵۆسی برای خۆشەویستمان بەگوێرەی ئەو داناییەی پێی دراوە بۆی نووسین، 16 وەک لە هەموو پەیامەکانی دەربارەی ئەم شتانە دوواوە، ئەوەی هەندێک شتی تێدایە گرانە بۆ تێگەیشتن، نەزان و ناجێگیرەکان وەک سیپارەکانی دیکە بەلاڕێی دەبەن، بۆ فەوتاندنی خۆیان.
17 بۆیە خۆشەویستان، پێشتر زانیوتانە، ئاگاداربن نەوەک شوێنکەوتەی گومڕایی خراپەکاران بن و لە جێگیریتان بکەون. 18 بەڵکو لە بەخشش و لە ناسینی پەروەردگارمان و ڕزگاریدەرمان ئیشۆعی مەسیح گەشە بکەن. شکۆ بۆ ئەوە ئێستا و تا دوا چاخ. ئامین.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

دووه‌م په‌تڕۆس بەندی سێیەم: PNTZS

بەرچاوکردن

لەبەرگرتنەوە

بەراوردکردن

هاوبەشی بکە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە