لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئاشکراکردن 7:22-16

ئاشکراکردن 7:22-16 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

“ئه‌وه‌تا خێرا دێم! به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌وه‌ی وته‌كانی پێشبینیی ئه‌م سیپاره‌یه‌ ده‌پارێزێت”. من یوخه‌ننه‌نم، ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م شتانه‌م بینی و بیستم. كاتێ بینیم و بیستم، كه‌وتم بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌رپێی ئه‌و فریشته‌یه‌ كڕنۆش ببه‌م، كه‌ ئه‌م شتانه‌ی پیشانده‌دام. جا پێی وتم: “وا مه‌كه‌! منیش وه‌ک تۆ به‌نده‌ی هاوكارتم، له‌گه‌ڵ برا پێغه‌مبه‌ره‌كانت و ئه‌وانه‌ی وته‌كانی ئه‌م سیپاره‌یه‌ ده‌پارێزن. كڕنۆش بۆ خودا ببه‌!”. هه‌روه‌ها پێی وتم: “مۆر له‌ وشه‌كانی پێشبینی ئه‌م سیپاره‌یه‌ مه‌ده‌، چونكه‌ كاته‌كه‌ نزیكه‌. ئه‌وه‌ی سته‌مكاره‌ با هه‌ر سته‌مكاری بكات. ئه‌وه‌ی گڵاوه‌ با هه‌ر گڵاو بێت، ئه‌وه‌ی خوداناسه‌ با هه‌ر كاری خوداناسی بكات، ئه‌وه‌ی پارساشه‌ با هه‌ر پارسا بێت”. “ئه‌وه‌تا خێرا دێم! پاداشتی خۆم پێیه‌، تاكو پاداشتی هه‌ر كه‌سێک به‌گوێره‌ی كاره‌كه‌ی بده‌مه‌وه‌. منم ئه‌لف و یێ، سه‌ره‌تا و پایان، یه‌كه‌مین و دواهه‌مین”. به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌وانه‌ی ڕاسپارده‌كانی ده‌پارێزن، تاكو مافیان له‌ دره‌ختی ژیان هه‌بێت، له‌ ده‌رگاكانه‌وه‌ بچنه‌ نێو شاره‌كه‌. سه‌گه‌كان و جادووگه‌ران و داوێنپیسان و بكوژان و بتپه‌رستان و هه‌موو درۆزن و ئه‌وانه‌ی حه‌ز له‌ درۆ ده‌كه‌ن له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌بن. “من ئیشۆعم، فریشته‌كه‌ی خۆم نارد تاكو به‌م شتانه‌ گه‌واهیی بۆ وارگه‌كان بده‌م. من له‌ ڕه‌گ و نه‌وه‌ی داویدم، هه‌ساره‌ی پرشنگداری به‌یانی”.

ئاشکراکردن 7:22-16 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

«ئەوەتا بە پەلە دێم! خۆزگە دەخوازرێت بەوەی پێشبینییەکانی ئەم پەڕتووکە وشە بە وشە پەیڕەو دەکات.» من یۆحەنام، ئەوەی کە ئەم شتانەم بینی و بیستم. کاتێک بینیم و بیستم، کەوتم بۆ ئەوەی لەبەرپێی ئەو فریشتەیە کڕنۆش ببەم کە ئەم شتانەی پیشاندەدام. جا پێی گوتم: «وا مەکە! منیش وەک تۆ بەندەی هاوکارتم، لەگەڵ خوشک و برا پێغەمبەرەکانت و ئەوانەی پەیامی ئەم پەڕتووکە پەیڕەو دەکەن. کڕنۆش بۆ خودا ببە!» هەروەها پێی گوتم: «پەیامی پێشبینییەکانی ئەم پەڕتووکە مەشارەوە، چونکە کاتەکە نزیکە. ئەوەی ستەمکارە با هەر ستەم بکات، ئەوەی گڵاوە با هەر گڵاو بێت، ئەوەی ڕاستودروستە با هەر کاری ڕاستودروست بکات، ئەوەی پیرۆزیشە با هەر پیرۆز بێت. «ئەوەتا بە پەلە دێم! پاداشتی خۆم پێیە، تاکو پاداشتی هەرکەسێک بەگوێرەی کارەکەی بدەمەوە. من ئەلف و یێم، یەکەمین و دواهەمینم، سەرەتا و کۆتاییم. «خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی جلەکانیان دەشۆن، تاکو مافیان لە درەختی ژیان هەبێت و لە دەرگاکانەوە بچنە ناو شارەکە. سەگەکان و جادووگەران و داوێنپیسان و بکوژان و بتپەرستان و هەموو درۆزن و ئەوانەی حەز لە درۆ دەکەن لە دەرەوە دەبن. «من عیسام، فریشتەکەمم نارد تاکو بەم شتانە شایەتی بۆ کڵێساکان بدەم. من لە ڕەگ و نەوەی داودم، ئەستێرەی بەیانی پڕشنگدار.»