لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

بینین 7:22-16

بینین 7:22-16 PNTZS

“ئه‌وه‌تا خێرا دێم! به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌وه‌ی وته‌كانی پێشبینیی ئه‌م سیپاره‌یه‌ ده‌پارێزێت”. من یوخه‌ننه‌نم، ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م شتانه‌م بینی و بیستم. كاتێ بینیم و بیستم، كه‌وتم بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌رپێی ئه‌و فریشته‌یه‌ كڕنۆش ببه‌م، كه‌ ئه‌م شتانه‌ی پیشانده‌دام. جا پێی وتم: “وا مه‌كه‌! منیش وه‌ک تۆ به‌نده‌ی هاوكارتم، له‌گه‌ڵ برا پێغه‌مبه‌ره‌كانت و ئه‌وانه‌ی وته‌كانی ئه‌م سیپاره‌یه‌ ده‌پارێزن. كڕنۆش بۆ خودا ببه‌!”. هه‌روه‌ها پێی وتم: “مۆر له‌ وشه‌كانی پێشبینی ئه‌م سیپاره‌یه‌ مه‌ده‌، چونكه‌ كاته‌كه‌ نزیكه‌. ئه‌وه‌ی سته‌مكاره‌ با هه‌ر سته‌مكاری بكات. ئه‌وه‌ی گڵاوه‌ با هه‌ر گڵاو بێت، ئه‌وه‌ی خوداناسه‌ با هه‌ر كاری خوداناسی بكات، ئه‌وه‌ی پارساشه‌ با هه‌ر پارسا بێت”. “ئه‌وه‌تا خێرا دێم! پاداشتی خۆم پێیه‌، تاكو پاداشتی هه‌ر كه‌سێک به‌گوێره‌ی كاره‌كه‌ی بده‌مه‌وه‌. منم ئه‌لف و یێ، سه‌ره‌تا و پایان، یه‌كه‌مین و دواهه‌مین”. به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌وانه‌ی ڕاسپارده‌كانی ده‌پارێزن، تاكو مافیان له‌ دره‌ختی ژیان هه‌بێت، له‌ ده‌رگاكانه‌وه‌ بچنه‌ نێو شاره‌كه‌. سه‌گه‌كان و جادووگه‌ران و داوێنپیسان و بكوژان و بتپه‌رستان و هه‌موو درۆزن و ئه‌وانه‌ی حه‌ز له‌ درۆ ده‌كه‌ن له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌بن. “من ئیشۆعم، فریشته‌كه‌ی خۆم نارد تاكو به‌م شتانه‌ گه‌واهیی بۆ وارگه‌كان بده‌م. من له‌ ڕه‌گ و نه‌وه‌ی داویدم، هه‌ساره‌ی پرشنگداری به‌یانی”.