لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 16:6-36

یۆحەنا 16:6-36 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

كاتێ ئێواره‌ داهات قوتابییه‌كانی بۆ لای ده‌ریاكه‌ چوونه‌ خواره‌وه‌، سواری كه‌شتیێک بوون و به‌ ده‌ریادا بۆ كپه‌ڕناخوم كه‌وتنه‌ڕێ. تاریک داهات و ئیشۆع هه‌ر نه‌هاته‌ لایان. ڕه‌شه‌بایه‌كی مه‌زن هه‌ڵیكرد و ده‌ریا هه‌ڵچوو. كه‌ نزیكه‌ی بیست و پێنج تاكو سی تیرهاوێژ سه‌وڵیان لێدابوو، ئیشۆعیان بینی به‌سه‌ر ئاوه‌كه‌دا ڕێده‌كات و له‌ كه‌شتیه‌كه‌ نزیک ده‌بێته‌وه‌، جا ترسان. پێی فه‌رموون: “منم، مه‌ترسن!” كه‌ ڕازی بوون سواری كه‌شتیه‌كه‌ی بكه‌ن، یه‌كسه‌ر كه‌شتیه‌كه‌ گه‌یشته‌ ئه‌و كه‌ناره‌ی بۆی ده‌چوون. بۆ به‌یانی، ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی له‌وبه‌ری ده‌ریاكه‌ ڕاوه‌ستابوون بینییان له‌و كه‌شتیه‌ زیاتر له‌وێ نه‌بوو، كه‌ قوتابیان سواری ببون، ئیشۆعیش له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی سواری كه‌شتی نه‌بوو، به‌ڵكو قوتابییه‌كانی به‌ ته‌نها به‌ڕێكه‌وتن. به‌ڵام كه‌شتیی دیكه‌ش له‌ ته‌به‌ریه‌وه‌ هاتنه‌ نزیک ئه‌و شوێنه‌ی نانه‌كه‌یان لێی خوارد كه‌ په‌روه‌ردگار سوپاسی كرد. كاتێ كۆمه‌ڵه‌كه‌ بینییان نه‌ ئیشۆع له‌وێیه‌ و نه‌ قوتابییه‌كانی، سواری كه‌شتیه‌كان بوون و هاتنه‌ كپه‌ڕناخوم، له‌ ئیشۆع ده‌گه‌ڕان. كه‌ له‌وبه‌ری ده‌ریاكه‌ دۆزییانه‌وه‌، پێیان وت: “ڕابی، كه‌ی گه‌یشتیته‌ ئێره‌؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئێوه‌ داوام ده‌كه‌ن نه‌ک له‌به‌رئه‌وه‌ی په‌رجوتان بینی، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ نانه‌كه‌تان خوارد و تێر بوون. بۆ خۆراكێک ئیش مه‌كه‌ن كه‌ له‌ناوده‌چێت، به‌ڵكو بۆ خۆراكێک كه‌ بۆ ژیانی جاویدانی ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌تانداتێ، چونكه‌ ئه‌مه‌ خودای باوک مۆری لێداوه‌”. پێیان وت: “چی بكه‌ین تاكو كاره‌كانی خودا بكه‌ین؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “كاری خودا ئه‌مه‌یه‌: باوه‌ڕ بهێنن به‌وه‌ی ناردوویه‌تی”. ئه‌وانیش پێیان وت: “چ په‌رجوێک ده‌كه‌یت تاكو ببینین و باوه‌ڕت پێ بهێنین؟ چی ده‌كه‌یت؟ باوباپیرانمان له‌ بیاباندا مه‌نیان خوارد، وه‌ک نووسراوه‌: {له‌ ئاسمانه‌وه‌ نانی دانێ تاكو بیخۆن} ”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: مووشێ نه‌بوو نانه‌كه‌ی له‌ ئاسمانه‌وه‌ دانێ، به‌ڵكو باوكمه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ نانی ڕاسته‌قینه‌تان ده‌داتێ. چونكه‌ نانی خودا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیوه‌ و ژیان ده‌به‌خشێته‌ جیهان”. پێیان وت: “گه‌وره‌م، هه‌موو كاتێ ئه‌و نانه‌مان بده‌رێ”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “منم نانی ژیان. ئه‌وه‌ی بێته‌ لام هه‌رگیز برسیی نابێت، ئه‌وه‌ش باوه‌ڕم پێ بهێنێت هه‌رگیز تینووی نابێت. به‌ڵام پێم وتن: منتان بینی و باوه‌ڕیش ناهێنن.

هاوبەشی بکە
یۆحەنا 6 بخوێنەوە

یۆحەنا 16:6-36 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

کاتێک ئێوارە داهات قوتابییەکانی بۆ لای دەریاچەکە چوونە خوارەوە، سواری بەلەمێک بوون و بە دەریاچەدا بۆ کەفەرناحوم کەوتنەڕێ. تاریک داهات و عیسا هەر نەگەیشتە لایان. ڕەشەبا هەڵیکرد و دەریاچە هەڵچوو. کە نزیکەی بیست و پێنج تاکو سی تیرهاوێژ سەوڵیان لێدابوو، عیسایان بینی بەسەر ئاوەکەدا دەڕوات و لە بەلەمەکە نزیک دەبێتەوە، جا ترسان. بەڵام پێی فەرموون: «ئەوە منم، مەترسن!» کە ڕازی بوون سواری بەلەمەکەی بکەن، دەستبەجێ بەلەمەکە گەیشتە ئەو کەنارەی بۆی دەچوون. بۆ بەیانی، ئەو خەڵکەی لەوبەری دەریاچەکە ڕاوەستابوون بینییان لە بەلەمێک زیاتر لەوێ نەبوو، عیساش لەگەڵ قوتابییەکانی سواری بەلەم نەبوو، بەڵکو قوتابییەکانی بە تەنها بەڕێکەوتبوون. ئینجا بەلەمی دیکە لە شاری تەبەرییەوە هاتنە نزیک ئەو شوێنەی نانەکەیان لێی خوارد کە عیسای خاوەن شکۆ سوپاسی خودای کرد. کاتێک خەڵکەکە بینییان نە عیسا لەوێیە و نە قوتابییەکانی، سواری بەلەمەکان بوون و چوونە کەفەرناحوم، بۆ ئەوەی بەدوای عیسادا بگەڕێن. کە لەوبەری دەریاچەکە دۆزییانەوە، لێیان پرسی: «ڕابی، کەی گەیشتییە ئێرە؟» عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئێوە بەدوامدا دەگەڕێن نەک لەبەر ئەوەی نیشانەکانتان بینی، بەڵکو لەبەر ئەوەی لە نانەکەتان خوارد و تێر بوون. بۆ خۆراکێک ئیش مەکەن کە لەناودەچێت، بەڵکو بۆ خۆراکێک کە بۆ ژیانی هەتاهەتایی دەمێنێتەوە، ئەوەی کوڕی مرۆڤ دەتانداتێ، چونکە ئەمە خودای باوک مۆری لێداوە.» لەبەر ئەوە لێیان پرسی: «چی بکەین تاکو کارەکانی خودا بکەین؟» عیسا وەڵامی دانەوە: «کاری خودا ئەمەیە: باوەڕ بهێنن بەوەی ناردوویەتی.» ئەوانیش لێیان پرسی: «چ پەرجووێک دەکەیت تاکو بیبینین و باوەڕت پێ بکەین؟ چی دەکەیت؟ باوباپیرانمان لە چۆڵەوانی مەنیان خوارد، وەک نووسراوە: ﴿لە ئاسمانەوە نانی دانێ تاکو بیخۆن.﴾» عیساش پێی فەرموون: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: موسا نەبوو نانەکەی لە ئاسمانەوە دانێ، بەڵکو باوکمە لە ئاسمانەوە نانی ڕاستیتان دەداتێ، چونکە نانی خودا ئەوەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە و ژیان دەبەخشێتە جیهان.» لەبەر ئەوە پێیان گوت: «گەورەم، هەموو کاتێک ئەو نانەمان بدەرێ.» عیساش پێی فەرموون: «منم نانی ژیان. ئەوەی بێتە لام هەرگیز برسی نابێت، ئەوەش باوەڕم پێ بهێنێت هەرگیز تینووی نابێت. بەڵام پێم گوتن، منتان بینیوە و باوەڕیش ناهێنن.

هاوبەشی بکە
یۆحەنا 6 بخوێنەوە