لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یوخه‌ننه‌ن 16:6-36

یوخه‌ننه‌ن 16:6-36 PNTZS

كاتێ ئێواره‌ داهات قوتابییه‌كانی بۆ لای ده‌ریاكه‌ چوونه‌ خواره‌وه‌، سواری كه‌شتیێک بوون و به‌ ده‌ریادا بۆ كپه‌ڕناخوم كه‌وتنه‌ڕێ. تاریک داهات و ئیشۆع هه‌ر نه‌هاته‌ لایان. ڕه‌شه‌بایه‌كی مه‌زن هه‌ڵیكرد و ده‌ریا هه‌ڵچوو. كه‌ نزیكه‌ی بیست و پێنج تاكو سی تیرهاوێژ سه‌وڵیان لێدابوو، ئیشۆعیان بینی به‌سه‌ر ئاوه‌كه‌دا ڕێده‌كات و له‌ كه‌شتیه‌كه‌ نزیک ده‌بێته‌وه‌، جا ترسان. پێی فه‌رموون: “منم، مه‌ترسن!” كه‌ ڕازی بوون سواری كه‌شتیه‌كه‌ی بكه‌ن، یه‌كسه‌ر كه‌شتیه‌كه‌ گه‌یشته‌ ئه‌و كه‌ناره‌ی بۆی ده‌چوون. بۆ به‌یانی، ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی له‌وبه‌ری ده‌ریاكه‌ ڕاوه‌ستابوون بینییان له‌و كه‌شتیه‌ زیاتر له‌وێ نه‌بوو، كه‌ قوتابیان سواری ببون، ئیشۆعیش له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی سواری كه‌شتی نه‌بوو، به‌ڵكو قوتابییه‌كانی به‌ ته‌نها به‌ڕێكه‌وتن. به‌ڵام كه‌شتیی دیكه‌ش له‌ ته‌به‌ریه‌وه‌ هاتنه‌ نزیک ئه‌و شوێنه‌ی نانه‌كه‌یان لێی خوارد كه‌ په‌روه‌ردگار سوپاسی كرد. كاتێ كۆمه‌ڵه‌كه‌ بینییان نه‌ ئیشۆع له‌وێیه‌ و نه‌ قوتابییه‌كانی، سواری كه‌شتیه‌كان بوون و هاتنه‌ كپه‌ڕناخوم، له‌ ئیشۆع ده‌گه‌ڕان. كه‌ له‌وبه‌ری ده‌ریاكه‌ دۆزییانه‌وه‌، پێیان وت: “ڕابی، كه‌ی گه‌یشتیته‌ ئێره‌؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئێوه‌ داوام ده‌كه‌ن نه‌ک له‌به‌رئه‌وه‌ی په‌رجوتان بینی، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ نانه‌كه‌تان خوارد و تێر بوون. بۆ خۆراكێک ئیش مه‌كه‌ن كه‌ له‌ناوده‌چێت، به‌ڵكو بۆ خۆراكێک كه‌ بۆ ژیانی جاویدانی ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌تانداتێ، چونكه‌ ئه‌مه‌ خودای باوک مۆری لێداوه‌”. پێیان وت: “چی بكه‌ین تاكو كاره‌كانی خودا بكه‌ین؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “كاری خودا ئه‌مه‌یه‌: باوه‌ڕ بهێنن به‌وه‌ی ناردوویه‌تی”. ئه‌وانیش پێیان وت: “چ په‌رجوێک ده‌كه‌یت تاكو ببینین و باوه‌ڕت پێ بهێنین؟ چی ده‌كه‌یت؟ باوباپیرانمان له‌ بیاباندا مه‌نیان خوارد، وه‌ک نووسراوه‌: {له‌ ئاسمانه‌وه‌ نانی دانێ تاكو بیخۆن} ”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: مووشێ نه‌بوو نانه‌كه‌ی له‌ ئاسمانه‌وه‌ دانێ، به‌ڵكو باوكمه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ نانی ڕاسته‌قینه‌تان ده‌داتێ. چونكه‌ نانی خودا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیوه‌ و ژیان ده‌به‌خشێته‌ جیهان”. پێیان وت: “گه‌وره‌م، هه‌موو كاتێ ئه‌و نانه‌مان بده‌رێ”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “منم نانی ژیان. ئه‌وه‌ی بێته‌ لام هه‌رگیز برسیی نابێت، ئه‌وه‌ش باوه‌ڕم پێ بهێنێت هه‌رگیز تینووی نابێت. به‌ڵام پێم وتن: منتان بینی و باوه‌ڕیش ناهێنن.

پلانی خوێندنەوەی بێبەرامبەر و بابەتی پەرستشی پەیوەست بە یوخه‌ننه‌ن 16:6-36