لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 1:3-16

کردار 1:3-16 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

له‌ كاتی نوێژی كاژێر نۆ، په‌تڕۆس و یوخه‌ننه‌ن سه‌ركه‌وتن بۆ په‌رستگا. پیاوێک به‌ زگماک ئیفلیج بوو، هه‌ڵده‌گیرا، ڕۆژانه‌ بۆ سواڵكردن له‌وانه‌ی ده‌هاتنه‌ په‌رستگا، له‌به‌رده‌م ئه‌و ده‌رگایه‌ی په‌رستگا داده‌نرا كه‌ پێی ده‌ووترا “جوان”. په‌تڕۆس و یوخه‌ننه‌نی بینی به‌ نیازن بێنه‌ نێو په‌رستگا، داوای خێری لێكردن. په‌تڕۆس له‌گه‌ڵ یوخه‌ننه‌ن تێیڕووانی، وتی: “سه‌یرمان بكه‌!” ئه‌ویش چاوی تێبڕین و چاوه‌ڕێی ده‌كرد شتێكیان لێ وه‌رگرێت. په‌تڕۆس وتی: “نه‌ زێڕ و نه‌ زیوم هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌مه‌ ده‌تده‌مێ: به‌ ناوی ئیشۆعی مه‌سیحی ناسڕه‌تییه‌وه‌، هه‌سته‌ و ڕێ بكه‌!”. ئینجا‌ ده‌ستی ڕاستی گرت و هه‌ڵیستاند، یه‌كسه‌ر هێز كه‌وته‌ پێ و پاژنه‌كانی. هه‌ڵبه‌زییه‌وه‌ و ڕاوه‌ستا و ڕێی كرد، له‌گه‌ڵیان چووه‌ نێو په‌رستگا، ڕێی ده‌كرد و هه‌ڵده‌به‌زییه‌وه‌ و ستایشی خودای ده‌كرد. هه‌موو گه‌ل بینییان ڕێ ده‌كات و ستایشی خودا ده‌كات. جا ناسییانه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌یه‌ بۆ سواڵكردن له‌لای ده‌رگای جوانی په‌رستگا داده‌نیشت، سه‌رسامی و حه‌په‌ساوییش دایگرتن له‌وه‌ی به‌سه‌ری هات. كاتێ پیاوه‌ ئیفلیجه‌كه‌ وا چاكبووه‌وه‌ به‌ په‌تڕۆس و یوخه‌ننه‌نه‌وه‌ لكابوو، هه‌موو گه‌ل به‌ سه‌رسامییه‌وه‌ ڕایانكرده‌ لایان بۆ ئه‌و هه‌یوانه‌ی كه‌ پێی ده‌ووترا “هه‌یوانی شلیمون”. كاتێ په‌تڕۆس ئه‌مه‌ی بینی، وه‌ڵامی گه‌له‌كه‌ی دایه‌وه‌: “پیاوانی ئیسڕائیل، چیتانه‌ له‌مه‌ سه‌رسام بوونه‌؟ بۆچی چاوتان تێبڕیوین وه‌ک ئه‌وه‌ی به‌ توانا یان به‌ خواترسیمان وامان كردووه‌ ڕێ بكات؟ خوداوه‌ندی ئه‌وڕاهه‌م و ئسخه‌ق و یاقوو، خوداوه‌ندی باوكانمان، ئیشۆعی ڕۆڵه‌ی خۆی شكۆدار كرد، ئه‌وه‌ی ئێوه‌ ڕاده‌ستتان كرد و له‌به‌رده‌م پیڵاتوس نكۆڵیتان لێكرد، كه‌ بڕیاری دابوو به‌ریبدات. به‌ڵام ئێوه‌ نكۆڵیتان له‌ پارسا و بێتاوانه‌كه‌ كرد و داوای وه‌رگرتنه‌وه‌ی بكوژێكتان كرد. سه‌رۆكی ژیانیشتان كوشت، ئه‌وه‌ی خودا له‌نێو مردوواندا هه‌ستاندیه‌وه‌‌ و ئێمه‌ گه‌واهیده‌رین بۆ ئه‌وه‌. به‌ باوه‌ڕ به‌ ناوی ئه‌و، ئه‌م پیاوه‌ی به‌هێز كرد كه‌وا ده‌یبینن و ده‌یناسن. ناوی ئه‌و و باوه‌ڕیش به‌هۆی ئه‌و له‌به‌رچاوی هه‌مووتان ئه‌م ته‌ندروستییه‌ی پێی دا.

هاوبەشی بکە
کردار 3 بخوێنەوە

کردار 1:3-16 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ڕۆژێکیان کاتژمێر سێی پاش نیوەڕۆ، کە کاتی نوێژ بوو، پەترۆس و یۆحەنا سەرکەوتن بۆ پەرستگا. لەبەردەم دەرگای پەرستگادا کە پێی دەگوترا دەرگای جوان، پیاوێک بە زگماک ئیفلیج دانیشتبوو، هەموو ڕۆژێک هەڵیاندەگرت‏ و لەوێ دایاندەنا تاکو سواڵ بکات لەوانەی دەهاتنە حەوشەکانی پەرستگاکەوە. کاتێک ئەو پیاوە بینی کە پەترۆس و یۆحەنا بە نیازن بێنە ناو حەوشەکانی پەرستگا، داوای خێری لێکردن. پەترۆس و یۆحەنا بە وردی تێیانڕوانی، ئینجا پەترۆس گوتی: «سەیرمان بکە!» ئەویش چاوی تێبڕین و چاوەڕێی دەکرد شتێکیان لێ وەربگرێت. پەترۆس گوتی: «زێڕ و زیوم نییە، بەڵام ئەوەی هەمە دەتدەمێ. بە ناوی عیسای مەسیحی ناسیرەییەوە، هەستە و بڕۆ!» ئینجا بە دەستی ڕاستی گرتی و هەڵیستاند، دەستبەجێ هێز کەوتە پێ و پاژنەکانی. ئیتر هەڵبەزییەوە و ڕاوەستا و دەستی بە ڕۆیشتن کرد، لەگەڵیان چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا، دەڕۆیشت و هەڵدەبەزییەوە و ستایشی خودای دەکرد. هەموو خەڵک بینییان دەڕوات و ستایشی خودا دەکات. جا کاتێک خەڵکەکە زانییان ئەمە ئەو کەسەیە کە بۆ سواڵکردن لەلای دەرگای پەرستگا دادەنیشت، ئەوەی پێی دەگوترا جوان، سەرسامی و حەپەساوی دایگرتن لەوەی بەسەری هاتووە. کاتێک پیاوەکە خۆی بە پەترۆس و یۆحەناوە هەڵواسیبوو، هەموو خەڵکەکە بە سەرسامییەوە ڕایانکردە لایان بۆ ئەو ڕێڕەوەی کە پێی دەگوترا ڕێڕەوی سلێمان، کە هەردوو لای بە کۆڵەکە گیرابوو. پەترۆس ئەمەی بینی، پێی گوتن: «پیاوانی ئیسرائیل، بۆچی لەمە سەرسامن؟ بۆچی چاوتان تێبڕیوین وەک ئەوەی بە توانا یان بە لەخواترسیمان وامان کردووە بڕوات؟ خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب، خودای باوکانمان، عیسای خزمەتکاری خۆی شکۆدار کرد، ئەوەی بە گرتنتان دا و لەبەردەم پیلاتۆس نکۆڵیتان لێکرد، کە بڕیاری دابوو بەریبدات. ئێوە نکۆڵیتان لە پیرۆز و ڕاستودروستەکە کرد و داوای ئازادکردنی بکوژێکتان کرد. سەرۆکی ژیانتان کوشت، بەڵام خودا لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە و ئێمە شایەتین بۆ ئەمە. ئەم پیاوەی ئێوە دەیبینن ‏و دەیناسن،‏ باوەڕی بەناوی عیسا هەبوو، بۆیە هێز و توانای بۆ گەڕایەوە. بە ناوی عیسا و ئەو باوەڕەی بەهۆیەوە دێت، لە‏بەرچاوی هەمووتان ئەم تەندروستییە تەواوەی پێ بەخشی.

هاوبەشی بکە
کردار 3 بخوێنەوە