لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 30:24-35

مەتا 30:24-35 KSS

«لەو کاتە نیشانەی کوڕی مرۆڤ لە ئاسماندا دەردەکەوێت، ئەوسا هەموو نەتەوەکانی زەوی شیوەن دەگێڕن، کاتێک کوڕی مرۆڤ دەبینن بەسەر هەوری ئاسمانەوە بە هێز و شکۆیەکی مەزنەوە دێت. فریشتەکانی بە کەڕەنایەکی دەنگ بەرزەوە دەنێرێت، لە ئاراستەی هەر چوار بایەکە، لەم سەری ئاسمانەوە هەتا ئەو سەری، هەڵبژێردراوانی خودا کۆدەکەنەوە. «پەند لە دار هەنجیر وەربگرن: کاتێک لقەکانی نەرم بوون و گەڵایان کرد، دەزانن هاوین نزیکە. بە هەمان شێوە، کاتێک ئێوەش هەموو ئەم شتانە دەبینن، بزانن کە نزیکە و لە بەردەرگایە. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەم نەوەیە بەسەرناچێت، هەتا هەموو ئەمانە نەیەنە دی. ئاسمان و زەوی بەسەردەچن، بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن.